دواین هەواڵ

بۆ عەلمانیەکان پشت لە دێمۆکراسی و پشتیوانی لە کودەتا دەکەن ؟

‌عادل باخه‌وان

31/07/2021

عادل باخەوان
لە ڕۆژانی ڕابوردودا دەیان نامەم لەسەر ڕوداوەکانی تونس بۆ هاتوە و چەندین پرسیاری گرنگیان وروژاندوە و هەر یەکێک لەو پرسیارانە پێویستیان بە چەندین وتار هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە سەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتین، لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا، بۆ چونەکانی خۆم بە زمانێکی سادە و ڕون بۆ هەموو لایەک دەنوسم.
سەرۆک کۆماری تونس، نوێنەرایەتی تەوژمێکی کۆمەڵایەتی پۆپلیست دەکات کە لە نێو چەندین کۆمەڵگادا سەریهەڵداوە و چەند گوزارشتە لە هەستی ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیان، هێندەش سیستمی ڕاونین و ڕەفتارەکانی مەترسین بەسەر تەواوی کۆمەڵگاکانەوە. لێرەوە جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوان دۆناڵد ترامپی ئەمەریکی و جايير بولسوناروی بەرازیلی و مارین لۆپێنی فەرەنسی و قەیس سەعیدی تونسیدا نیە و وەک یەک و لە یەک ئاستدا هەڕەشەن بەسەر کۆمەڵگاکانیانەوە.

2. نەهزە حیزبێکی تونسیە و بەدەنگی تونسیەکان گەیشتوەتە پەرلەمان و شەرعیەتی هەڵبژاردنی هەیە. ئەوەی ڕاشید غەنوشی کرد بە سەرۆکی پەرلەمان دەبابەی ئەمەریکی و دەستێوەردانی تورکی نەبوە، بەڵکو هاوپەیمانی نێو پەرلەمان و دەنگی پەرلەمانتارە تونسیەکان بوە. لێرەوە، بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار، جگە لە کودەتا بەرامبەر شەرعیەت هیچ شتێکی تر نیە.
3. لە دنیای عەرەبی دا، بزوتنەوەی نەهزە ئازاترین و پێشکەوتوترین گروپی ئاینیە کە توانیویەتی زۆرترین ڕیفۆرم لە ڕاونین و لە ڕەفتارەکانیدا بکات. ئەو ڕیفۆرمەی ڕاشید غەنوشی لە نێو دڵی گروپێکی ئیسلامی وەک نەهزەدا کردی، بەتایبەتی لەسەر پرسی ژن و مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی و جیاکردنەوەی دەزگای ئاینی لە دەزگای دەوڵەتی و هتد، هیچ کەسایەتیەکی تر لە پێگەی ئەودا زاتی ئەوەی نەبوە بیکات. لە بیرما نەچێت، پێگەی ڕاشید غەنوشی لای ئیسلامیەکانی جیهان، هەمان پێگەی کارل مارکسە لای کۆمۆنیستەکان.

4. وەک چۆن مورسی لە میسر هەڵەی کرد کاتێک ماریشال سیسی کرد بە وەزیری بەرگری و دواتر کودەتای بەسەردا کرد، وەک چۆن غەنوشی هەڵەی کرد کە داوای لە تونسیەکان کرد دەنگ بە قەیس سەعید بدەن لە خولی دوهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گەر دەنگی نەهزە نەبوایە هەرگیز قەیس نەدەبوو بەسەرۆک کۆمار، ئاواش و لەهەمان ئاستدا عەلمانیەکانی تونس و دنیای عەرەبی هەڵەدەکەن کە لەدژی نەهزە، کە بە ڕێکارە دێمۆکراسیەکان گەشتوەتە پەرلەمان، پشتیوانی لە کۆدەتا دەکەن. بەدڵنیایەوە چۆن ئێستا نەهزە باجی بڕیارە هەڵەکەی دەدات کە پشتیوانی لە قەیس کرد، عەلمانیەکانیش لە داهاتویەکی نزیکدا باجی توندی پشتیوانی لەم کودەتایە دەدەن و باشترین بەڵگەش میسری ماریشاڵە !

5. ڕەنگە تۆ بەهیچ شێوەیەک ڕوانین، ڕەفتار، چۆنیەتی بوون، چۆنیەتی ژیان و چۆنیەتی دەرکەوتنی نەهزەت پێقبوڵنەبێت، بەڵام لە کۆتایدا تۆ تەنها دوو ڕێگات لەبەردەستدایە، یان ڕێگای شەرعیەت یان ڕێگای داپڵۆسین و دورخستنەوە و دروستکردنی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ترسناک بەلای کەمەوە بۆ بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگا. لەبیرمان نەچێت، کۆمەڵگا بەتەنها ڕوبەری ژیانی عەلمانیەکان و عەسکەرەکان و لیبراڵەکان نیە، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا ڕوبەری ژیانی موحافیزکارەکان و ناعەلمانیەکان و نالیبراڵەکانە، تا ئەوکاتەی کە هەموویان پێکەوە ڕێز لە بنەماکانی یاری پێکەوە ژیان دەگرن.

6. ئەوەی لە ئێستا و ئێرەدا بووە بە هەڕەشە بەسەر ئەم بنەمایانەوە سەرۆک کۆمارە نەک سەرۆکی پەرلەمان، قەیس سەعیدە نەک ڕاشید غەنوشی و هەر پشتیوانیەک لە یەکەم دژی دوهەم، پشتیوانیە لە کودەتا و داپڵۆسین دژی دیمۆکراسی و شەرعیەت، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە بکرێت و کۆمەڵگا لە دەرەنجامە ترسناکەکانی ئاگاداربکرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP