دواین هەواڵ

ئەخلاقی بەڕێوەبردن

‌ڤینۆس فایەق

23/06/2021

یەکێک لەو پرسیارانەی هەتا ئێساش فەیلەسوفەکان وەڵامی شیاویان بۆ نەدۆزیوەتەوە، پرسیاری (ئەخلاق)ە، ئەخلاق بە مانا گشتییەکەی، بەمانای ئەوەی چی باشە بیکەیت و چی خراپە نەیکەیت، چونکە دواجار هەموو راکان رێژەیین و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، پێوەر و ئارگومێنت و لێکدانەوەکان و باوەڕەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بەڵام دوور لەو وەڵامەی فەیلەسوفەکان بەدوایدا دەگەڕێن، کۆمەڵێ نۆرم و بەهای ئینسانیی جێگیر هەن کە دەتوانرێ زۆر بە روونی چاکە و خراپەی لەسەر بپێورێ و لە بابەتێکی وەکو «ئەخلاقی بەڕێوەبردن»دا بیکەینە بنەما.

هیچ کات «ئەخلاقی جەمعی» لەگەڵ «ئەخلاقی تاکە کەسی» دوو شتی لەیەک جیاواز نەبوون، تاکەکان کۆمەڵ دروست دەکەن و چەمکە جەمعییەکان دروست دەکەن. بەو مانایەی ئەو گرووپەی کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کۆمەڵگەیەک بەڕێوەبەرێت، ئەوەی کە دەیکات شتێک نییە تازە فێری بووبێت، ئەگەر چاکە بێت یان خراپە، چونکە ئەو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە کە لەناو سیستەمێکی ئەخلاقیدا چالاکە، کۆکراوەی ئەخلاقیاتە تاکە کەسییەکانی ئەو کۆمەڵە کەسەیە کە دەسەڵاتەکەیان پێکهێناوە.

مەکیاڤیللی کە بە باوکی دامەزرێنەرانی «ئەخلاقیاتی سیاسی» هەژمار دەکرێ رای وایە، «لەوانەیە واپێویست بکات سەرکردەیەکی سیاسی ئەو کردارانە بکات کە رەنگە ئەگەر وەکو کەسێکی ئاسایی بیکات هەڵە بێت.» بەڵام دواتر لە دیموکراسی سەردەمیدا پیاچوونەوە بۆ ئەم بیرۆکەیە کرا و بە کێشەی دەستە پیسەکان پێناسەکرا. چونکە مومکین نییە تۆ ئەگەر دەسەڵاتدار بیت یان کەسێکی ئاسایی بیت، دوو جۆر ئەخلاق هەبێت بەپێی جێگە و پێگەکەت پەیڕەویان بکەیت، تۆ ئەگەر کەسێکی باش بیت سەرکردەیەکی باش دەبیت، بەڵام ئەگەر وەکو ئادەمیزاد خاوەنی مێژوویەکی خراپ بیت، هەمان ئەخلاق بەرهەم دەهێنیتەوە لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانیتدا.

بێرتراند راسل دەپرسێ: « ئایا لە رووی ئەخلاقییەوە دەبێت بەوە رازی بین کە کۆمەڵگەیەک دەستوورێک بەڕێوەی دەبات، هەموو شتە باشەکانی تایبەت بن بە کەمینەیەکی ناو ئەو کۆمەڵگەیە، و داوا لە زۆرینە بکرێت بەوەی لەوە کەمترە رازی بن؟» ئەم پرسیارە کە گەورەترین کێشەی ئەخلاقی دروست دەکات، راسل دەڵێ: «هەر لەبەر ئەوەشە لەگەڵ ئەو هەموو ناوبانگەی هەیەتی کتێبی «ئەخلاق»، کەچی هیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە.»

من داواناکەم سیاسییەکان کتێب بخوێننەوە، و فەلەسوفەکان بناسن، چونکە تازە درەنگە بۆ ئەوە، بەڵام ئەوەی کە دەتوانن ئاسان بەکاری بهێنین، لانیکەمی ئەوەی «ئەخلاق» لەیەکی جیاکردوونەتەوە، چاکە و خراپەیە، کە لەوێوە دەتوانرێ هەموو سیستمی حوکمداری پێ پێناسە بکرێ، کە ئایا ئەو دەسەڵاتە چاکە و خراپەی لە خانەکانی خۆیاندا داناوە؟

ئاخر ناکرێ «ئەخلاق» ببێتە هۆیەکی سوودگەیاندن، کە لە قازانجمان بوو پەیڕەوی بکەین و کە دژ بە بەرژەوەندیەکانمان بوو وەلای بنێین. راستە سیاسەت هونەری مومکینەکانە، بەڵام هەموو کردەیەکی سیاسی دەسەڵاتدارێک بنەمایەکی ئەخلاقی تاکەکەسیی هەیە. ئەفلاتون دەڵێ: «پیاوی باش هاووڵاتییەکی باشە و ناکرێ لە جێگەیەکی تر بێت جگە لە باوەشی دەوڵەتێکیی باشدا، چونکە ناکرێ باس لە ئەخلاقی تاکەکەسی دەسەڵاتدارێک بەجیا لە بەرژەوەندیی گشتی بکەین.» ئەمەیە کە ئەخلاق و سیاسەت بەناو یەکدا دەبات و پرسە سیاسییەکان و بابەتە ئەخلاقییەکان تێکهەڵکێشی یەکتر دەکەن، چونکە هەرگیز لەیەک دانەبڕاون.

بەچەند وشەیەکی تر، هەر سەرکردەیەک بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆی یان گرووپێکی بچووکی نزیک لە خۆی خستە سەروو بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵکەوە، ئەوە ئەخلاقی سیاسی پێناسەیەکی تر هەڵدەگرێ.

هەر سەرکردەیەک لە ناعەدالەتیەک، ئەگەر لە بەرگی قانوونیشدا بێت، بێدەنگ بوو، ئەوە ئەخلاقیی سیاسی ئەو سەرکردەیە متمانە لەدەست دەدات. چونکە مەرج نییە هەموو ئەو پرسانەی بەقانوون دەکرێن عەدالەتیان تێدا بێت، بەڵام هەموو پرسێک دیوێکی ئەخلاقی هەیە کە دەبێت وا بە ئاسانی دەستبەرداری نەبین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP