دواین هەواڵ

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ گرنگە؟

‌ئاسۆ حاجی

23/06/2021

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن، لەو بارودۆخەی ئێستا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ تێدەپەڕێ بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە هاوکێشە سیاسیەکان خەریکە ڕەهەندی نوێ وەردەگرن‌و ڕەنگە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە، ئوردنیش بەمەتبەخی داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە ناسراوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان دوو رووداوی گرنگ لەسەروبەندی گۆڕانکاریدایە، یەکەمیان تێڕوانین‌و ستراتیژیەتی نوێی کۆشکی سپیە لەروانگەی دیموکراتەکاندا کە پێدەچێت درێژکراوەی هەمان ستراتیژیەتی سەردەمی ئۆباما بێ کە نەرمی نواندنە بەرامبەر هێزی ڕکابەری سەرەکی ئەمریکا کە ئێرانە،

لەپێناو بەدەستخستنی هەندێک دەسکەوت کە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنامەی هەڵوەشاوەی نێوانیان دەربارەی بزاڤەکانی ئێران بۆ وەدەستخستنی چەکی ناوەکی.

هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی تەواو پێچەوانەی رووداوەکانی کۆشکی سپیە، چونکە ڕەئیسی بەکەسێکی ڕادیکاڵ هەژماردەکرێ بەبەراورد بەڕوحانی، ئەوەش ئەگەری ئەوە دێنێتە پێش کە سەردەمی ئۆباماو ئەحمەدی نەژاد دوبارە ببێتەوە، بەوەی ئەمریکا هەرهەنگاوێک بۆ دواوە بهاوێژێ، ئێران جێگاکەی پڕبکاتەوە، وەک ئەوەی لەسوریاو عێڕاق‌و یەمەن‌و لوبنان ڕوویدا.

ئەو پێشهاتانە بۆ وڵاتانی ناوچەکە گرنگەو ئوردنیش چەقی ئەو گرنگیانەیە، چونکە ناوەندی بەیەکگەیشتنی خاڵە هاوبەشەکانی ئیسرائیل‌و وڵاتانی عەرەبیە، هەروەها درێژکراوەی سیاسەتی ستراتیژی وڵاتانی عەرەب‌و سونەیە لەمەغریبەوە بگرە تادەگاتە میسرو پاشان سعودیەو ئیمارات.

لێرەدا پێگەو گرنگی هەرێمی کوردستان دێتە گۆڕێ لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە، بەتایبەتیش ئەگەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارازانی بۆ ئیمارات بەو سەردانەی ئێستای بۆ ئوردن‌و میوانداریکردنی لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم وێنەکە ڕونتر دیاردەبێ‌و باشتریش لەپێشهاتەکان دەگەین.

نێچیرڤان بارزانی لەو گوتارە نەرم‌و کاریگەرەی بەهۆیەوە توانی گەمارۆو مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان لابدا، لەهەمانکاتدا بیکاتە کلیلی کردنەوەی پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، ئێستا هێزە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتیەکان گرەو لەسەر تواناو کارامەییەکەی دەکەن لەڕاگرتنی هاوسەنگی‌و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکانی عێراق‌و ناوچەکە. لەو ڕوانگەیەشەوەیە کە گوێ لەبۆچوونەکانی دەگیرێ‌و هاوبەش دەکرێ لەداڕشتنەوەی هاوکێشەکان‌و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP