دواین هەواڵ

ئایا لە ناوەندەکانی راگەیاندندا گێچەڵی سێکسی بەرامبەر ژنان دەکرێت؟

‌ژین ژیار

23/06/2021

زۆرجار ئەو پرسیارەم لێ دەکرێت.. لە تیڤی گێچەڵی سێکسیت بەرانبەر دەکرێت؟ بۆیە لێرەدا دەمەوێت بۆچوونی خۆم لەسەر ئەو بابەتە بخەمەڕوو.
ھەرچەندە ژنان لەم سەردەمەدا لە ھەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە کار و چالاکیە کۆمەڵایەتییەکاندا و ژنانی چالاک و لێھاتووشمان زۆرن، بەڵام ئەمە راستیەکی حاشاھەڵنەگرە کە میدیا بۆ راکێشانی سەرنجی بینەری زیاتر بۆخۆی ژنان بەکاردەھێنێت، بەتایبەت کە دەبینرێت لەبری پێداگری لەسەر توانا و لێھاتوویی کەسەکان، زیاتر جەستە و جوانیە رووکەشەکان بایەخیان پێدەدرێت.

جیا لە بەکارھێنانی ژنان لە میدیادا بۆ راکێشانی سەرنجی بینەر، دەبینین کە دەرفەتێکی کەم بە ژنان دراوە لە دەزگا راگەیاندنانەدا وەک پیاوان رۆڵیان ھەبێت و بتوانن پلیکانەکانی سەرکەوتن ببڕن و پۆستیان بگەیەننە ئاستی بەڕێوەبەر و لە راییکردنی کارەکاندا رۆڵ بگێڕن.

لە ناو کۆمەڵگادا لە لایەکەوە ژنانی باڵاپۆش و بەشەرم لای پیاوان خوازراوترن، لە لایەکی ترەوە بەرچاویان تێرنابێت لە بینینی ژنانی رووت و نیوەرووت. یان ھەندێک لە پیاوان لەنێو دوو کەسایەتیدا دەژین و ئەوەی دەیڵێن پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکەن، ئەوەش وا دەکات لەو ڕێگەیەوە زۆرێک لە خانمان لە خشتە ببەن و ڕووە ڕاستەقینەکانیان دەربکەون.

ئەگەرچی لەناو بەشێک لە کۆمەڵگە رۆژھەڵاتیەکاندا ھەمیشە بە چاوێکی جیاوازەوە لە ئافرەتێک دەڕوانرێت کە باڵاپۆش نیە، بەڵام کاتێک یەکێک لەو خانمانە وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی بڵاودەبێتەوە ھەزاران جار لایکی زیاتری بۆ دەچێت لە ئافرەتێکی ئاسایی، ئەوەش لە کۆتاییدا بەکارھێنانی جەستەیە بۆ خۆبەناوبانگردن بۆ ھەندێک لە خانمان کە درکیان بەو خاڵە لاوازەی کۆمەڵگە کردووە.

میدیا لە خۆی دا نابێتە ھۆی ئەوەی گێچەڵی سێکسی بەرانبەر ژنان بکرێت، بەڵام میدیا ئەو بوارە دەدات کە ژنان بە شێوازێکی ئازادانەتر لە ناو کایە راگەیاندنیەکاندا رۆڵ بگێڕن و سروشتی کارەکەشیان ناچاریان دەکات کە دەربکەون و دەنگیان ببیسترێت. لە بەرانبەردا ژنان بەشێکی جیاواز نین لە کۆمەڵگا و ئێستا لە زۆربەی کایەکاندا ڕۆڵیان ھەیە.

لێرەدا ھاوکێشەی ئابووری خواست و خستنەروومان وە بیردێتەوە، کاتێک خواست لەسەر ھەرشتێک زۆربێت، ئەوا خستنەرووی ئەو شتەش زۆر دەبێت، کۆمەڵگای ئێمە ئێستا خواستێکی زۆری ھەیە بۆ بینین و قسەکردن لەسەر لەش و لار و ڕوخساری ژنان و تەنانەت ژیانی تایبەتیان، بە ڕواڵەت بەشێک لەکۆمەڵگە نەشتەرگەریی جوانکاریی ژنانی لا جوان نیە، بەڵام لە ناخەوە تێرنابێ لە بینینی ئەو رووخسارانەی بە سروشتی یان دەستکرد بایەخ بە جوانیان درابێ.

ژنان لەناو میدیادا دوورنین لەم کایە کۆمەڵایەتیانە و بگرە لەبەرچاوتریشن، چونکە جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، تی‌ڤی و بابەتە ھونەری و سیاسیەکانیشیان تەنیوە.زۆرجار وروژانی سێکسی پیاوان لەلایەن ژنانەوە وادەکات ژنان وەک ھەلێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بھێنن و وابکەن سوودی ماددی بکەن یان بە پۆستێک بگەن.

رەنگە لەناو میدیادا ئەم حاڵەتانە تۆزێ تۆختر بێت، بەڵام بە گشتی لە سەرجەم رووبەرەکانی ژیانیشدا کەم تا زۆر ئەبینرێن و رووبەروویان ئەبینەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئەو ژنانەی جگە لە روخسارێکی جوان و لەشێکی ناسک ھیچ زانست و ھونەرێکی تریان نیە، ھەندێک جار تاکە کەرەسەی بەردەمی جوانییەکەی دەبێت و ھەرچی ئەو میدیایەشە کە ئەو خانمە ڕووی تێکردووە ڕەنگە تەنیا ئەو جوانییەی بەلاوە مەبەست بێت و بەوەش کاری ھەردوولایان بە ئەنجام دەگات.

وەڵامی پرسیاری سەرەتای ئەم نوسینە بە بۆچوونی من ئەمەیە، ئەگەر نەتوانی بە تواناکانی خۆت و بە لێھاتوویی کایەی ژیان ببەیتەوە، ئەوا زۆرن ئەو کەسانەی کە بە پێشکەشکردنی جەستە و جوانیە رووکەشەکانت پێیان، کارئاسانیت بۆ بکەن و چەند ھەنگاوێک بەرەو پێشت ببەن.

ھەرچەندە زۆربەی کاتەکان ئەبینی خواست لەسەر رووکاری بابەتەکە لە ئاستێکدا زۆرە کە وردە وردە ئەبێتە بەشێک لە ڕاستی و زۆرکەس پێیان وایە ئەوەی ھەیە ھەر رووکەشەکەیە و ژنانیش بۆ ئەوەی لەم کایە بەجێنەمێنن، بەردەوام لە کێبڕکێیەکی ناشیرینەوە دەگلێن کە ئاسەوارەکانی بە فراوانی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەرچاو دەکەوێت. لە میدیادا گێچەڵی سێکسیت بەرانبەر ناکرێت، بەڵام دەرگایەکی ئاوەڵایە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە وروژاندنی کەسەکان، بەرەوپێش بڕۆن.

لە لایەکی ترەوە ھەندێ ئامار کە سەرچاوەیان دیار نین باس لەوە دەکەن لە ٥٠٪ی ئەو ژنانەی لە ناوەندەکانی راگەیاندن کاردەکەن رووبەرووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، بەڵام راستی و دروستی ئەم ئامارە سەلمێنراو نیە، ھەرچەندە دەبینرێت کە کەسانی نەفس نزمی خاوەن دەسەڵات زۆر جار بۆ تێرکردنی خۆیان و بە وادەی پیشبردن و بە پێگەیاندن ژنانی گەنج لە خشتە دەبەن و ناچاریان دەکەن ملکەچبن بەرانبەر خواستەکانی ئەوان، بەتایبەت کە دەبینین لە ھەموو دونیادا کەم و زۆر ھەواڵی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بۆ سەر ژنان دەکرێت و ئەمەش تایبەت نیە بە میدیا و کاری راگەیاندن.

ھەروەھا ژنانیش کاتێک بەتایبەت لە تەمەنێکی کەم و بێ ئەزمووندا رووبەروی ئەم حاڵەتانە دەبنەوە تووشی تێکشکان و بێ ھیوایی دەبن و زۆربەی کاتەکانیش واز لەو کارە دەھێنن. بە بڕوای من ژنان ھەنگاوێک بەرەوپێش رۆیشتوون و وەکو پێشوو بە ئاسانی بە قسەی ھەنگوینی پیاوان ھەڵناخەڵەتێندرێن و لە ھەڕەشەکانیان ناترسن.

مەبەست شکاندن یان بێڕێزی بە ھیچ ژنێک یان پیاوێک نیە، بەڵام ژنانی بەتوانا بەباشی دەزانن چۆن لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە بەردەوام ژنی وەک ئامرازێک بۆ چێژبینین بەکارھێناوە ھەڵسوکەوت بکەن، چ لە سەردەمی باوکسالاریی کە ھێشتا بە تەواوی کاڵنەبووەتەوە و چ لە سەردەمی سەرمایەداریی، کە ئەویشمان بە تەواوی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لایەنە نێگەتیڤەکانی ھەردوولا بەرانبەر بە ژن لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا زاڵە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP