دواین هەواڵ

بێ هیواکردنی کۆمەڵگەی کوردی بەقەستی

‌ڕێبین ڕەحیم

23/06/2021

کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو پڕ ئومێدو جوڵە بەدرێژایی مێژوو لەسەر ئەو جوگرافیایەی کەتێیدا دەژی لە هەوڵ و کۆشش بۆ گەشتن بەقەزییە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی نەوەستاوەو لەهەموو دۆخێکدا بە ئومێدی گەشتن بەو ئامانجانەی هەیبوە لەخەباتی جۆراوجۆری خۆی بەردەوام بووەو هیوای گەشتن بەخواستەکانی هەمیشە زیندوو هێشتوەتەوە. 

لانیکەم لە سەدساڵی ڕابردوودا و لەئەوجی هێزی دوژمنانی کورددا هەرچی پێیانکرابێت بۆ ماندووکردن و بێهیواکردنی گەلی کورد لە دۆزو داخوازیەکانی کردویانە وەلێ نەگەشتن بە ئامانجەکەیان و پرۆسەی خۆین و شەهیدو جینۆ سایدی گەلی ئێمە بە هیواو ئیرادەی پۆڵاینەوە بەردەوامی هەبووەو لەزۆر قۆناغیشدا بەردەوامی خەبات و کۆڵ نەدان دوژمنانی ئێمەی ناچاری گفتوگۆو پێدانی هەندێک مافی سەرەتایی کردوەو ئومێدو هیوای زیندووی ئێمە ئاگرو ئاسنی ئەوانی هێناوە بەچۆکدا. 

تۆببینە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان  داگیرکەران چۆن لەپرۆسەی بێ هیواکردنی کورداندا  خەبات وشۆڕشی کوردیان نزیکی لێواری مەرگێکی حەتمی کردوەتەوە لە پارچەیەک بەمەوادی هۆشبەرو شەڕی سڕینەوەی فەرهەنگ کلتور و هەڵتەکاندنی بنەماکانی خێزان هیوایان خنکاند، لە پارچەیەکی دیکەش نغرۆکردنیان لە شارە گەورەو سۆپەر مادیەکاندا هیواو ئومێدو گوردبونیان سڕینەوە بەجۆرێک زۆرینەیان کردون بە خزمەتکاری خۆیان  و زەوی زارو موڵک و زێدی  هەزاران ساڵەی خۆیانیان پێ  فرۆشتن و وەها بێ هیواو ئومێدکراون ڕەنگە هرگیز نەتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوەی جێگەو پێگەی خۆیان. 

لەباشوری کوردستان پرۆسەی بێ هیواکردنی کۆمەڵگەی ئێمە جگە لە هەوڵی داگیرکەرانی ئەم نەتەوەیە هەندێک هێزو حیزب و ڕێکخراو گروپ و کەسایەتی ئاراستەکراویش لەڕێگەی میدییاو سۆشیاڵ میدیاکانیانەوە  هەوڵی خنکاندنی ئومێدو هیوای تاکی ئێمە دەدەن و دەیانەوێت تروسکەی ئومێدی هەموو ئەم نەتەوەیە بخەنە تابووتی کۆتایی و مەرگێکی حەتمیەوەو گەشتن بەژیانێکی شایستەو قۆناغی کۆتایی و ئارامی زیندەبەچاڵ بکەن. 

لەپاڵ ئەو میدیاو حیزب و ڕێکخراوانەدا دەبێت ئاماژە بەهەموو ئەو گەندەڵی و دزی و فزی و ڕەفتارە ناشرینانەش  بکەین کە بەشێک لەبەرپرسان و چواردەورەکانیان بەبەرچاوی کۆمەڵگەی ئێمەوە ئەنجامی دەدەن  ئەمەیان بێگومان  تاڕادەی ئەوپەڕی ڕۆحی بێ ئومێدی و بێهیوایی،

لەناو دڵ و دەرونی تاکی ئێمەدا دەچێنێت و خەون و هیواو بەردەوامی لەخەبات و خۆتەسلیم نەکردن لەناخەوە دەکوژێت کەوابوو بێ هیواکردنی تاک و کۆمەڵگەی ئێمە پرۆسەیەکی بەقەستی و بەرنامە بۆداڕێژراوەو بەشە هەرە گەوەرەکەی ڕەفتاری دزیوێ خۆمانەو بێشک ئەمەش خاڵی دەستپێکی کۆتایهێنانی دۆزی ئێمەیەو  ئەگەر فریای نەکەوین هەمووئەوەشی هەمانە فت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP