کاتێک تۆپی پێ زۆر فراوانتر دەڕووات لە نەوەد خولەکی ناو گۆڕەپانەکە !
ڕووداوە وەرزشییە گەورەکان بینەرێکی زۆر ڕادەکێشن، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە سەکۆیەکی سەرنجڕاکێش بۆ سیاسەت، هەواڵگریی بەتایبەت تۆپی پێ کە پر بینەرترین و خۆشەویسترین وەرزشی جیهانە، بە پێچەوانەی یارەکانی تری وەک گۆڵف، تێنس، بالە و باسکە …تۆپی پێ هەڵبژاردە نیشتمانییەکان بەرز دەکاتەوە بۆ پێگەیەکی پیرۆزتر.
کەواتە تۆپی پێ تەنیا چالاکیەکی وەرزشی نییە؛ پەیوەندییەکی ئالۆز و قووڵی لەگەل سیاسەت هەیە، بڕیارە سیاسییەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر تۆپی پێ هەیە، هەروەها ئەوەی لە تۆپی پێدا ڕوودەدات زۆرجار کاریگەری لەسەر سیاسەت دەبێت. کەواتە بە گشتی تۆپی پێ دەتوانرێت بە چەندین شێوازی جیاواز بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت. واتە تۆپی پێ تەنیا کات بەسەربردن نییە؛ نوێنەرایەتی ئاڵۆزترین فۆڕمی سیاسی، هەواڵگریی و دیپلۆماسی دەکات. ئەکتەرەکان ستراتیژی ئاڵۆز بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە دەرەوەی سیاسەت و دیپلۆماسیەتی تەقلیدی. وەک ئەوەی پێ دەوتریت هێزی نەرم !.
چەندین نموونە هەن لەسەرەتایی دەست پێکردنی تۆپی پێ دەرخەری پەیوندیی ئالۆز و قووڵی نێوان سیاسەت، هەواڵگریی و تۆپی پێن :
-یەکەمین جامی جیهانی بە ساردی پیشوازی لێکرا
بە هۆی کێبڕکێی لەلایەن زلهێزەکان، تەنانەت بەریتانیا کە بە داهێنەری تۆپی پێ دادەنرێت بەشداری نەکرد، تەنیا ١٣ وڵات بەشداربوون و ئۆرۆگوای یەکەم نازناوی بەدەستهێنا.
-جامی جیهانی دووەم لە ئیتالیا لە ساڵی ١٩٣٤، کە لە سەردەمی مۆسۆلینی دیکتاتۆر بەڕێوەچوو. دەوترێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەوەی کە ئیتالیا بۆ بە پالەوان فشار و دەسەڵاتی سیاسی ئەوکاتەی مۆسۆلینی بوو.
-جەنگی نێوان سەلڤادۆر و هندۆراس دوای یاریی ساڵی ١٩٦٩ ، کە ناسراوە بە (جەنگی تۆپی پێ )دوای ئەوەی کە سەلڤادۆر یارییەکەی بردەوە ، ئەگەرچی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پیش ئەوەش زۆر خراپ بوو .
-کاتێک ژاپۆن لە یاری کۆتایی جامی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لە چینی بردەوە، سەدان هاندەری چینی گرژیان دروست کرد و ئاڵای ژاپۆنیان سووتاند.
-هەروەها لە پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کیلیان ئیمباپی داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد دەنگ بدەن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا و داوای لە دەنگدەران کرد پشتگیری لە پارتی توندڕەوی ڕاستڕەو نەکەن.
-مۆندیالی ساڵی ١٩٩٨ فەڕەنسا، یاری نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی دوژمنایەتی دوولایەنەی ڕاگرت ئاڵوگۆڕ و وێنەی تیمی هاوبەشی تێدابوو کە یارییەکە بە سەرکەوتنی ئێران کۆتایی هات.ئەگەرچی زۆرجار لە یارییەکانی تر کاتێک یاریزانیکی ئێران دەکەویتە بەرامبەر یاریزانیکی ئیسرائیل ئەوە ئێرانیەکە لە یارییەکە ئامادە نابێت.یاخۆد هەموو ئەو کێشانەی کە بۆ هەڵبژاردەی ئێران دروست دەکرێت لە مۆندیالی کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەست پێ بکات وەک تا ئێستا پێنەدانی ڤیزا بە بەشیک لە دەستەی ئیداری هەڵبژاردەی ئێران یاخۆد دەبێت هەڵبژاردەی ئێران بۆ ئەمریکا لەمەکسیکەوە بە ڕیگای وشکانی سەفر بکات هەمووی کاریگەری سیاسەت و جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانە.
-قەتەر لە مۆندیالی ٢٠٢٢: وەبەرهێنانی ژێرخانی بێ وێنەی بەکارهێنا بۆ پیشان دانی توانا، پیشکەوتن و ناساندنی وێنەی جیهانی وڵاتەکەی.
-سعودییەکان بە هێنانی ئەستێرەیەکی جیهانی وەک ڕۆناڵدۆ و کەریم بینزیما ئامانجەکانیان لە سنۆرەکانی تۆپی پێ، وەرزش، بازرگانی، ڕاکیشانی گەشتیار و وەبەرهێنەرانی بیانی فراوانتربوو سەرەتای هەوڵی کرانەوە بوو بەڕووی جیهان! هەوڵیان دا وێنەیەکی مۆدێرن، کراوە پیشانی جیهان بدەن.
-پەیوەندیی نێوان سیاسەت و تۆپی پێ لەمۆندیالەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانی
کەواتە تۆپی پێ گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی کارلێکی سیاسی ،دیپلۆماسی، ئەمنی و هەواڵگرییە، ئەم وەرزشە دەتوانێت هەم ئامرازێک بێت بۆ سیاسەت، دیپلۆماسی و هەم بۆ ئاشتی و لە هەندێک بارودۆخدا ئامرازیکە بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و تەنانەت شەڕیش. بۆیە هەندیک جار یانەکان و هەڵبژاردە نیشتمانییەکان نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیاکان یان گروپە سیاسییەکان دەکەن و هەروەها پێشبڕکێکانی تۆپی پێ هەندێکجار دەتوانن ڕەنگدانەوەی دابەشبوونە سیاسیەکان، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکان بن، یاخۆد بەپیچەوانەوە سەرکەوتن یان شکستی تیمێکی نیشتمانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر مۆڕاڵی گشتی و تەنانەت یەکگرتووی و سەقامگیری سیاسیش هەبێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە گرژی و جیاوازی ناوخۆیییان تێدایە، یاخۆد لە نێوان دوو وڵاتی دژ بەیەک .
-پەیوەندی ئالۆز و قووڵی تۆپی پێ و بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش ئەوە دەردەخات کە تۆپی پێ بەشێکی دانەبڕاوە لە بواری ئەمنی و هەواڵگریی هاوچەرخدا.
کۆبوونەوەی ملیۆنان یاخۆد هەزاران کەسی تایبەت، لە سەرۆکی وڵاتان، پاشا و سوپەرستارە نێودەوڵەتیەکان و بازرگانان… لە وڵاتانی میوانداری مۆندیال وادەکات کە ئەم وڵاتانە ببنە گۆرپانیکی شاراوە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان. لە پشت درەوشانەوەی یاریگاکانەوە، دەیان تەڵە و سیناریۆی هەواڵگریی ئالۆزیش بوونیان هەیە.کەوات مۆندیال دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی کارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەکان لە ژێر پەردەی جۆراجورەوە تا دەگاتە هاندەریکی سادە دزە بکەن.
کەواتە ڕووداوەکانی وەک مۆندیال پێویستیان بە ڕێوشوێنی ئەمنی و هەواڵگریی سەخت و ئاڵۆز هەیە لەوانە:چاودیریی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنتڕۆڵکردنی قەرەباڵغی و ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی و چاودێریکردنی هەواڵگریی گروپە توندڕەوەکان و بگرە زیاتر لەوە تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا تیمی نیشتمانی یاخۆد یانەکان بە شێوەیەکی نافەرمی پەیوەستن بە دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانەوە.
کەواتە چاویلکەی وەرزشی شەرعیەتی زیاتر دەدات بە میکانیزمەکانی چاودێریکردن کە زۆر زیاتر لە نەوەد خولەکی یاریکردن درێژدەبنەوە.بۆ نموونە تەکنەلۆژیاکانی چاودێری کە لەلایەن AIەوە بەڕێوەدەبرێن کە بۆ یەکەمجار قەرارە لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا نمایش بکرین و بەکاربهێنرن، کۆنترۆڵی دەوڵەتەکان بە قەبارەیەکی بێ وێنە فراوانتر دەکات .هەروەها ئامراز و تەلارسازی مۆدێرن لە یاریگاکان بونتە ژینگەیەکی ئاڵۆزی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، سیستەمی ناسینەوەی دەموچاو، پەنجەمۆر، کە لەگەڵ بایۆمەترییە نیشتمانییەکان یەکخراوە، تۆڕەکانی کامێرا و کۆمپیوتەر کە توانای بەدواداچوونی شێوازی جوڵەی تاکەکەسییان هەیە لە سەرانسەری یاریگاکان و پێکهاتەی وەستانی ئۆتۆمبێل و شوێنی دانیشتن. ئەم سیستەمانە تەنیا تۆمار ناکەن بەڵکو ناسینەوە، شیکردنەوە و پێشبینیش دەکەن.کەواتە تواناکانی چاودێریکردنی مۆندیال لە شارە میواندارەکاندا وەک سیستەمی هەمیشەیی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی شارەکان بەردەوام دەبن لە دوای مۆندیالیش.