دوای جەولەیەکی تر لە ململانێیەکی توند و تولانی کە پێنج شەش ساڵێکی خایاند و تیایدا بە ڕۆژی ڕووناک و بە بەرچاوی یار و نەیاری دنیاوە، هەر لە دەست و قاچ بڕینەوەوە بیگرە تا ئەگاتە شکاندنی پشت، هی ملیشی تێکەوت، ئەوەتا بێ چارە و بێ بەدیل ماوین و ئەگەر مانمان بوێ، ئەبێ هەر بگەڕێینەوە بۆ لای یەکتر!
بە خێرایی ژماردم، تەنیا لەم شەست ساڵەی دواییدا، لانیکەم دە جار، واتا هەر شەش حەوت ساڵ جارێک، بەیەکدادان و بەیەکداهەڵپژان و بە گژیەکداچوونەوە لەناوماندا قەوماوە و نەتیجەی هەر جارێکیش لەو جارانە کە حەتمی بووە، گەڕانەوە بۆ لای یەکتری بووە!
10بارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە لە تەنیا نیو قەڕنێکدا، ئەگەر لە تێنەگەیشتنەوە (واتا لە تەقیمی هەڵە بۆ یەکتر و لە هەڵە خوێندنەوەوەی وەزعەکەوە) هاتبێ، ئەکرێ بڵێین ئاساییە و دیارە هەر لایەک لای خۆیەوە، ئاوها بۆ شتەکان چووە!
خۆ ئەگەر لە تێگەیشتنەوە، بە تایبەتی هی قووڵ هاتبێ (یەعنی زانراوە کە هاوکێشەکە پێشتریش زۆر زەڕب و تەقسیمی بۆ کراوە و هەر هەمان نەتیجەی داوە بەدەستەوە و بەڵام هەر دەستیشی بۆ بردراوە)، ئەوا ئەمەیان جگە لە وەسفکردنی بە کارەسات، هیچ وەسفێکی تر هەڵناگرێ!
باشە ئەمە هەوڵی شکاندنی بازنەی تەوقێکە کە لە گەردن و پێمان ئاڵاوە؟!
یان خوولانەوەیە لەناویدا؟!
مەعلووم نیە کامیانە، بەڵام مەعلوومە کە لە هەر جارێک لەو جارانەدا، شتهایەک کە چاکبوونەوەیان نەبووە، شکاوە!
گرنگیش نیە کامیان دەقیقە و کامەیان تەواوە، گرنگ نەتیجەکەیە کە ڕێک لە دەرسی بیرکاری ئەچێ و تیایدا یەک و یەک هەر ئەکاتەوە دوو، ئیتر هەرچییەک بی و هەرچییەک بکەی و لە دەرگای هەر کەسێکیش بدەی بۆ نەتیجەکەیەکی جیاواز، بێهوودەیە!
جا لەم بێهودەییەدا؛ هەموو هەڵکردنێک لەناو بازنەکەدا بەڕێکردنێکە و ئەمەش ئەکاتە سەرکەوتنێک!
ئینجا هەموو دەستبردنێک بۆ شکاندنی بازنەکەش، یەکسانە بە خوولانەوە لەناویدا تا حەددی گێژبوون و بۆی هەیە کەوتن.