دواین هەواڵ

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان چی گوت؟

‌هێڤیدار ئەحمەد

12/04/2021

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی 100 پرسیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراقی فیدراڵ، دایەوە.

خۆم وەکو جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربووم کە چوار کاژێر و نیوی خایاند، هەوڵدەدەم بەشێکی ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە لەڕێگەی ئەم نووسینەوە بۆ خوێنەران روونبکەمەوە.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی "دەتوانین بە بودجەی عێراق بڵێین یاسایەکی هاوسەنگە، چونکە هیچ لایەنێک (هەولێر – بەغدا) 100%ی داخوازییەکانی تێیدا جێبەجێ نەکران".

چۆن متمانە گەڕایەوە؟

وەکو جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی دانووستاندنەکانی ئێمە سەرکەوتوو بوو، چونکە هەر ئەم گفتوگۆیانە بوو، متمانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستکرد.

یەکەمجار رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەبوو لەسەر (نص)ێک/دەقێک رێککەوتبووین لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کە پێی دەگوترا (نەسی حکومی)، بەڵام دواجار ئەم دەقە قبووڵ نەکرا، نەیانویست تێی بپەڕێنن، بەردەوام داوای بەدیلی ئەو دەقە لە ئێمە دەکرا، دەمانگوت (نییە). دواجار گەیشتنە قەناعەت کە ئەم نەسە تێناپەڕێت، دوا نەسی بەشی هەرێم کە پێشکێشکرا حەوت تێبینیمان لەسەری هەبوو، بەڵام لەسەر نەسێکی هاوبەش رێککەوتین کە ئێستا لە ماددەی 111ی یاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوەتەوە.

ئێستا زیاتر دەتوانین بڵێن ئەو بودجەیە بودجەیەکی (هاوسەنگی و تەقەشوفییە)، چونکە لە 164 تریلیۆن دینارەوە کەمکرایەوە بۆ 129 تریلیۆن، واتە دۆخی دارایی لە عێراق جێگیر نییە، وەکو قوباد تاڵەبانی گوتی "مادام دۆخی دارایی لە عێراق سەخت بێت، ئەوا دۆخی دارایی لە هەرێمیش سەختە".

"کاتێ بۆ گفتوگۆکانی یاسای قەرز لە کۆتایی ساڵی 2020 لە بەغدا بووین، دۆخی هەرێمی کوردستان لە عێراق زۆر خراپ بوو، بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر ئێمە، کەشوهەوایەکی زۆر تەشەنوجی هەبوو، ئێمەش بە عینادیی خۆمان، یان پشوودرێژیی خۆمان توانیمان ئەو کەشوهەوایە بگۆڕین و لە ئازاری یەکدی تێبگەین"، ئەمە قسەی کاک قوباد بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان.

بەڵام لایەنە شیعەکان تەنیا لەسەر بودجەی ساڵی 2021 هەندێک تێڕوانینیان گۆڕاوە، ترسی تووندی ئەو لایەنانەی دەسەڵاتیان هەیە لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەڕەویوەتەوە. قوباد تاڵەبانی باسی ئەو مەترسییەی کرد کە لە ئاییندە هەیە "ماددەی 140 ماوە کە تووندن لەسەری، یاسای نەوت و غاز هەیە، خۆمان هەر ئێستا بۆی ئامادە دەکەین و چاوەڕێ دەکەین لەو یاسایەدا تێڕوانینیان لەسەر هەرێم تووند بن".

خاڵە باشەکانی بودجە بۆ هەرێم

یەکەم: یەکەمجار لایەنی عێراقی داوای 100%ی مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستانیان دەکرد و دەیانگوت دەبێت ئەو مەلەفە لەدەست هەرێمدا نەمێنێت، چۆن بەسرە 100% رادەست دەکات، دەبێت ئێوەش وا بکەن، بەڵام نەچوینە ژێر ئەو داوایە و لە داهاتی ناوخۆش تەنها 50%ی پێدەدەین.

دووەم: بابەتی خەرجیی فیعلی هەبوو، بەغدا دەیگوت چەند داهاتتان هەیە ئەوەندە دەنێرین. ئەوەشمان قبووڵ نەکرد و بە ژمارە، مافی هەرێم چەسپێندرا.

سێیەم: مووچەی هێزی پێشمەرگە چیدیکە بەشێک نییە لەنێو مووچەی سیستەمی بەرگریی عێراق وەکو پێشتر دەیاننووسی و نەدەهات، ئێستا ئەوە چارەسەرکرا و لەنێو پشکی مووچەی مووچەخۆران دەینێرن.

ئەگەر یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێکرا ئەوا داهاتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
11 تریلیۆن و 432 ملیار دینار پشکی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵی 2021 کە ئەویش:
6 تریلیۆن و 260 ملیار دیناری بۆ مووچەیە
1 تریلیۆن و 901 ملیار دیناری کۆمەڵایەتی (رعایة الاجتماعیة)
3 تریلیۆن و 271 ملیار دیناری بۆ بودجەی پرۆژەکانە

دەربارەی مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ملیۆنێک و 270 هەزار کەس مووچە وەردەگرن، عێراق تەنها حیسابی 682 هەزار مووچەخۆری کردووە، واتە دەبێت حکومەتی هەرێم مووچەی 600 هەزار کەسی دیکە دابین بکات.

بۆیە لە قسەی ئاوات شێخ جەناب و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئومێد سەباح لە کۆبوونەوەکە تێگەیشتن لێبڕینی مووچە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

پرسیار لە شاندی حکومەت کرا، ئایا هەرێمی کوردستان پابەندی جێبەجێکردنی بودجەی عێراق دەبێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان لە بابەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست دەکات؟

قوباد تاڵەبانی لەوەدا بە راشکاوانە گوتی "سێ جار لەسەریەک بە عێراقمان گوت، نەوتتان دەوێت یان ئەقیامی نەوت؟ گوتیان ئەقیامی نەوت، نەوتتان دەوێت یان ئەقیامی نەوت؟ گوتیان ئەقیام، جاری سێیەمیش گوتم، برا ئێوە نەوتتان دەوێت یان ئەقیامی نەوت؟ گوتییان ئەقیامی نەوتمان دەوێت. بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی ئێمە پابەندین لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە وەکو خۆی". بۆیە ئێمە "ئامادەبووین، ئامادەین، ئامادەش دەبین".

چی وایکرد کورد ئەمجارە یەکدەنگ بن؟

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوابوو، پەسندکردنی یاسای بودجە، کۆتایی رێگە نەبوو، بەڵکو "سەرەتای رێگەیە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و لەوبارەیەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە 12-04-2021) نامەی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە کە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021"، داواش کراوە شایستە داراییەکانی مانگی (1، 2 و 3)ی ئەمساڵ بنێرن.

کورد لە بەغدا یەکدەنگ بوون، شیعە یەکدەنگ نەبوون، تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیە گوتی، "نییەت پاکیی ئێمە بە بەغدا گەیشت و ئەمەش وایکرد هەڵوێستیان بگۆڕدرێت و بە بەغدامان گوتی ناڕۆین تاوەکو بگەین بە رێککەوتن"، هەرچەندە "ترسێک هەیە لە بەغدا کە ئەم یاسایە جێبەجێ نەکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی (پارەیان دەوێت، پارە دەدەین، مەقاسە دەکەن، ئامادەین، رێگەی سێیەم دەبینن، هەر ئامادەین". راستە ئەگەر نرخی نەوت بەرز بوو، رەنگە هەرێمی کوردستان هەندێک زەرەر بکات، بەڵام لە دابەزینی نرخی نەوت رەنگە لە قازانجی هەرێمدا بیت.

قوباد تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ پەرلەمانی کوردستان گوتی "پەسندکردنی یاسای بودجە و زامنکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا ئازایەتیی من نەبوو، ئازایەتیی شاندەکەش نەبوو، نا. بەڵکو درزمان نەهێشت لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کە لایەنەکانی عێراق یاری لەسەر ئێمە بکەن و پەیامەکەش گەیشت بە بەغدا کە یەکدەنگین و هەموومان پێکەوە دەمانگوت کاکە نەسی حکومەت و پێکەوە یەک قەوانەمان لێدەدا. بۆمانیش دەرکەوت ئەگەر یەکگرتووبین هێز نییە لێمان تێکبدات، بەس کورد خۆی نەبێت و لەوەشدا خەبیرین بۆ تێکدانی خۆمان".

دۆخی دارایی هەرێم

حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە لەسەر ئامادەکردنی بودجەی هەرێم بۆ 2021، تەنها لەسەر یەک وەزارەت ماون کە حیساباتەکانی خۆی بخاتە نێو پرۆژە یاسای بودجە و رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکەن. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی دەیگوت، "بە رای من ناڕەزایی زۆر لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لەنێوان لایەنەکان و حیزبەکان دروستدەبێت، داوایان لێدەکەین بە سەبر و ژیر و هێمنیی خۆیان ئەو دۆخەش دەرباز بکەن، وەکو چۆن پێشتر بە سەبر و هێمنی مامەڵەیان کردووە". کاتێک ئەو دێڕەی کۆتایی گوت، بە پێکەنین و بزەیەکەوە دەیگوت، وەکو ئەوەی کە حیزبەکانی هەرێم تووندن بەرامبەر یەکدی.

سێ ئامانجی سەرەکیی بودجەی 2021ی هەرێمیش ئاشکراکرا کە حکومەت گرنگی بەو سێ کەرتە دەدات، ئەوانیش (کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزار) بوون، لەوبارەیەوە شاندی حکومەت گوتی، کەرتی کشتوکاڵ هەندێک پێشخستنی بەخۆوە بینیوە، ئەویش پێشتر 1%ی گرنگی بەو کەرتە دراوە، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 8%.

سەبارەت بە شەفافییەت، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد "راستە لەڕووی شەفافییەتەوە ئێمە شامی شەریف نین، بەڵام کاری بۆ دەکەین پرۆسەی نەوت شەفاف بکەین، ئێستا راپۆرتی دیلۆت هەیە لەسەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە جێگەی گرنگیپێدانێکی زۆری بەغدا بوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوت و لایەنەکان زۆر بە بایەخەوە لەو راپۆرتانەی دیلۆتیان روانیوە، هیوادارین جێگەی ئیعتیمادی ئێوەش بێت".

75%ی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان بە گازی سرووشتیی خۆمان بەرهەم دێت، دەربارەی ئەوەی ئایا داهاتی گازی سرووشتی گەیشتووەتە ئەوەی پشتی پێ ببەستین؟ قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە "هێشتا زۆری ماوە گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بفرۆشرێتە دەرەوە، ئەگەر گازی زیادەش هەبوو، عێراق ئامادەیە بیکڕێت، ئەویش بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت".

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP