دنیای پێشکەوتووی ئیمرۆ بۆ گەلانی بێ دەسەڵات، بۆ کۆمەڵگای دواکەوتوو، بۆ ژنانی نەکراوە و تەنانەت بۆ پیاوانی نەخوێندەواریش دۆزەخ و جەهەنمە.
چەمکگەلی سیاسەت و کلتووری جیهانی بەستراوە و ژێردەستەی ئابووری هەوسارپچراوی ئێمرۆ بە چەپ و راستەوە بووە. بە کورتی دنیای ئابووری و زرقە و برقەی سەردەم هەموو چەمک و بابەت، بیرۆکە و فەلسەفەکان، بایەخە مرۆیی و ئیخلاقییەکانی رووبەرووی ئاستەنگ و قەیران کردۆتەوە. پرسی ژن و فمینیزم بە هەموو رێبازە جیاوازەکانییەوە بە راستی دەسەمۆ و ملکەچی ئەو دۆخە زاڵ و وێژمانە هەرچی و پەرچییە بووە. فمینیزم وەک فەلسەفەی ئازادی ژنان کە بۆ سەدەیەکە بە چری هاتۆتە گۆرەپانی تێکۆشانەوە.
ئەگەر بە وردی ئاورێک لە بزاوی ژنانە واتە فمینێزم بدەینەوە بۆ خۆیان کێشە و ئاستەنگیان زۆرە و پرسی چینایەتی و دیاردە نەگریس و چەواشەکاری لە ناو ئەو رەوت و بزوتنەوەیەدا سەریهەڵداوە. فمینیزمی مارکسیستی و رادیکاڵ دژی فمینیزمی لیبراڵە، فمینێزمی سپی و سەرمایەداری خۆی بە هاوتای فمینیزمی رەش و جیهانی سێهەم نازانێ، فمینیزمی جوولەکە رەگەز پەرەستە و تێکەڵ بە هیچ لایەک نابێ و،،،،تاد، لەوانەش گرنگتر دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە لە رێگاکانی شەڕ، زێر و دیاردەی مۆد و ئارایشتەوە هەموو رەهەند و جمگەکانی فمینیزمی شەتەک داوە و لە ئاکامدا بە شێوازی شاراوە هەموو رەوت و بزاوە فمینیستییەکانی ملکەچی خۆی کردووە. بۆ نموونە پرسی چەکە کۆکوژ و ئەتۆمییەکان کە هەم ئاستی بەرهەمهێنانیان لە جیهاندا پەرەی سەندوە و هەم مەترسی تێکدانی ئاسایشی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە بە راستی پێوەندی بە هزری پیاو ساڵارییەوە هەیە. ژنان کە لە زاتی خۆیاندا دژی شەر و خوێن رشتنن نەک هیچ ئاستەنگ و بەربەستێکیان لە دژی چەکەکۆکوژەکان و شەردا پێناکرێت بەڵکوو بۆ خۆیان قوربانی یەکەمی شەرن. بە کورتی پرسی شەر پرسێکی پیاورەهەند و نێرسالارانەیە.
فمینیزم لە ماوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا زۆرێک لە تابۆکانی شکاند و ژنی هێنایە گۆرەپانەوە . لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا لانیکەم جۆرێک هاوتایی و باڵانسی ماف لە نێوان ژن و پیاودا درووست بوو کە بە هۆی پێگە و ژیئۆپۆلیتیکی رووبەرووبوونەوە و هێزەوە جۆرێک سەقامگیری لە پاراستنی دەسکەوەتەکانی ژناندا بۆ هەمیشە درووست بوو.
ژنی کورد: بە هۆی بێ دەوڵەتی و هەڵکەوتی کوردستان لە ناوەراستی ناوچەیەکی داخراوی هزری و ئایدۆلۆژیکی ئاینی و ئیتنیکی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نە شوناسێکی سیاسی ئەوتۆ بۆ کورد درووست بووە و نە بزاوی ژنانە و فمینیستییەکی ئەوتۆ بە پێی پێوەرە جیهانییەکان بیچمی گرتووە.
فمینیزمی کوردی لە ژیر سێبەر و کاریگەری ئەحزابی کوردی و تارادەیەک فمینیزمی عەرەبی، تورکی و فارسی سەریهەڵداوە و لە دایک بووە.
بە خەسارناسی فمینیزمی کوردی زۆر هۆکار و خاڵی لاواز دەرئەکەوێ کە بە ناسینی ئەو خەسارنە دەتوانین کەمایەسییەکانی ئەو بزاوە روون کەینەوە. ژنی کورد بێجگە لە کێشەکانی خۆی پرسی نەتەوەیی لە ئەستۆیە و شان بە شانی پیاوان خەباتی کردووە.
کێشەی سەرەکی پرسی ژن لە کوردستاندا ئەوەیە کە ئەحزابی کورد هەوڵیان داوە لە روانگە و ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە کە چەپ و مارکسییە، کێشەکان چارەسەر بکەن. دوو بابەتی "پرسی نەتەوەیی" و "پرسی ئایدۆلۆژیا" هۆکارێک بوون بۆ ئەوەیکە لە ناو هندێک لایەندا ژن وەک سەرباز و شەروان دەرکەوێ هەتا وەک ئەندێشە و هزرێکی رەسەن و ژنانە.
پێشتر وترا کە دیاردەی شەر چەمکێکی نێرسالارانەیه و دەرکەوتنی ژن لەو بەشەدا خزمەتی ژنە بە درێژەی شەر. شایەد بۆ ماوەیەکی کاتی و دژی داگیرکەران بەشداری ژنان لە شەردا رەوا بێت بەڵام بۆ هەمیشە نارەوایە و یارمەتییە بۆ مانەوەی شەر.
بزاوی فمینستی کوردستان هەر هەمووی لە باری هزری و تیئۆریکەوە هەژارە. کتێبخانە و ئارشیوی رێخراوە فمینیستییەکان بە پێی سەردەم و بە پێی خواستەکان نەرازاونەتەوە و تەنانەت هیچ بانکێکی زانیاری ژنانە بوونی نیە. پێوەندی رێخراوەکانی ژنان پێکەوە لە ناوخۆدا و هەروەها سەبارەت بە رێخراوە فمینیستییەکانی جیهان لاواز و کزە. بەشێک لە فمنیستەکان پێوەر و بنەمای چالاکییەکانیان دژایەتی و سرینەوەی پیاو و دژایەتی دینە لە حاڵێکدا رێخراوەکان دەبێت هەم سەبارەت بە پیاوان و هەم سەبارەت بە ژنانی ئاینی ــ کە بەشێکە لە واقێعی ژنی کورد ــ پەرەپێدانی رۆشنبیری ژنانە و زانستی بێت.
سەرەڕای باسکردنی ئەو کەموکورتیانەی بزاوی فمینیستی کوردی بەڵام ژنانێکی رووناکبیر و هەڵکەوتوو لە کوردستاندا هەڵکەوتووە کە ناکرێ چاوپۆشی لە چالاکییەکانیان بکرێت.
کۆتا باس ئەوەیە لەم چاخ و سەردەمەدا پێویستە رێخراوەکانی ژنان لە هەموو بوار و رەهەندەکاندا، بۆ هەموو برگە و تەمەنەکان، میکانیزم و بەرنامەی تایبەتی هەبێت و تەنانەت سەبارەت بە پیاوان و سرینەوەی توندوتیژی، دەستدرێژی، پۆرن و ،،، پەروەردە و راهێنانی فمینیستی هەبێت. پرسی ژن دەبێت وەکوو وانەیەکی تایبەت بۆ هەموو برگەکان بە تایبەت لە باشوور و رۆژئاوای وڵاتدا، دیاری بکرێت و بگوترێتەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بە بۆنەی 8ی مارسەوە، پێشکەشە بە رۆحی پاکی
1- حاجی میناخانم هاوسەری پێشەوای شەهید
2- حاجی حەمایل خان هاوسەری بارزانی نەمر