دواین هەواڵ

نەورۆزێکی غەمگین، لەبەرچی؟

‌سالار عوسمان

26/03/2021

سوپاس ھاوڕێیانم ھاوڕێیەکی زۆر، کە بەشێکیان لێرەن و بەشێکیشیان لە تاراوگەن و سەریان بەسەر غەریبییەوە ناوە، لە ھۆی ئەو غەمگینییەیان پرسی، ئەو غەمگینییەی، کە بەندە لە یەکەم ڕۆژی جەژندا و لە پۆستێکی یەکدێڕیدا نووسیبووم:(نەورۆزێکی غەمگین Pîroz Bêt ). لەم پەنایەدا، واتە لە پەنای بەرسڤی پرسیاری ھاوڕێکانم، دەمەوێت، ھەم وەڵامی ئەوە بدەمەوە، کە بۆ غەمگینە نەورۆز، ھەمیش یەک دوو قسان بکەم: کەمگوتن و زۆرگوتن !..

گرنگە کەم بڵێی و زۆر بڵێی، واتە بە کەمترین وشە زۆرترین مانا بەدەستەوە بدەیت، خەڵک ھەیە، تایبەت لەم زەمەنی بێمروەتی سۆشیالمیدیایەدا، زۆر قسە دەکات و ھیچ ناڵێ، خەڵکیش ھەیە کەم دەنووسێ، کەم دەئاخفێ، لێ زۆر شت دەڵێت و زۆر مانا بە دەستەوە دەدات، لێرەیش ھونەری نووسین وەدیار دەکەوێت، ئێ خۆ نووسین ھونەرە و ھی ھەر بەنی ئادەمێ نییە لە خۆڕا بێت و بە دەستی زبڵەوە دەست بخاتە نێو زێڕی ھونەری نووسینەوە !..

نەورۆزێکی غەمگین، لەبەرچی ؟!..

ھەندێ لە ھاوڕێیانم، دەتوانم بڵێم زۆربەیان وا لەو پۆستە یەکدێڕییە تێگەیشتبوون، کە غەمگینییەکە کەسییە، دوای ئەوەی بۆم ڕوون کردنەوە، کە غەمگینییەکە کەسی نییە و پەیوەستە بە وڵات، بە ئاھێکیترەوە بابەتەکەمان دەگۆڕی و ئیتر قسەیەک لەوان و قسەیەک لەمن، تا گەیشتمە ئەو بڕوایەی، کە بە نووسینێکی لەم چەشنە وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە.

مرۆڤ لە نێوان کەسی و گشتیدا بۆ زۆربەی ھاورێکان وا تێگەیشتن کە غەمگینییەکە کەسییە ؟!.. پرسیارێکی سادە نییە، دەبێ ھەموومان لەو تاڵییە تێبگەین، کە زۆربەی بابەتەکان بوونەتە بابەت و بەرژەوەندیی کەسی، ئا ئەمەیش یەکێ لە خراپییەکانی ئەم سەردەمەی کوردە، بە کورتی، کەم خەڵک ھەن بە گشتەوە خەریک بن و ھەر بابایە کەوتۆتە سەر تەندوور و نانی خۆی و بۆیەیشە تادێ وڵات زەرەر دەکات و کەسەکان قازانج، تا دێ سیاسییەکان دەوڵەمەند دەبن و ھاوڵاتیانیش ھەژار، بازرگانەکانیش لەولا، زۆربەیان، بێڕەحمانە داڕساونەتە گیانی ئەم میللەتە و ، ڕۆشنبیرانی وڵاتیش بێدەنگ !..

غەمگینییەکە بۆ کوردستانە !.. قەت کوردستانم ئاوا نایەکریز و ناتەبا نەبینیوە، دوژمنیش ھەروا لە کەلێنان دێتە ژوور، قەت کوردستانم لە بەرامبەر بەغدا ئاوا لاواز نەبینیوە، ھۆکارەکەیش ئەو نایەکریزی و ناتەباییەیە، قەت کوردستانم ئاوا بێ ڕوئیا نەبینیوە، ھۆکارەکەیش کۆنەبوونەوەی کوردە لە دەور ئامانجگەلێکی ھاوبەش، قەت کوردستانم ئاوا دڵڕەق و جنێودەر و شکێنەر نەبینیوە، ھۆکارەکەیشی سیاسی میدیاباز و میدیاکاری سیاسەتبازە !..

بەڵێ نەورۆزێکی غەمگینە، چونکە کوردستان نایەکڕیز، ناتەبا، لاواز، بێ ڕوئیا و خۆشکێنە !.. چی بکەین؟!.. ئەمڕۆ یا سبەی، سبەی یا دە ساڵی تر، ھەر دەبێ دانیشین و مشورێک لە خەم و گرفتە کەڵەکەبووەکانی کورد بخۆین، ئەو گرفتانەی، بەشی ھەرە زۆری خۆمان لێی بەرپرسین نەک دوژمن،

بۆیە ئەوەی لەو ماوەیەدا قسەیەکی خێر بکات، ئاو دەخاتە ئاشی ئاشتییەوە و پێچەوانەکەیشی ھەر ڕاستە !.. ھیوادارم مشوەرەتکارانی پارتی و یەکێتی، حزبەکانیتریش مشوەرەتی خێر بکەن و گەورەکانیش دەستێ بەسەر ئەم ھەموو خەم و غەمە بێنن و ، ئیتر ئەوسا نەورۆز دەبێتەوە بە ڕۆژی نوێ بۆ کورد !..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP