دواین هەواڵ

كورد و زۆرینەی تر

‌زكری موسا

17/03/2021

دیدی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەوەی شۆڤینیەت و ئینكاری مافەكانی كورد و پێكهاتەكانی تر لە دەوڵەتی عێراق باڵادەستە، زۆر واقعیە و، ڕۆژانە لە هەڵسوكەوت و بڕیارە سیاسی و یاسایی و ئەمنی و ئابوورییەكانی كاربەدەست و دامەزراوەكانی عێراقدا دەدیترێت.

ڕەوتی پێشێلكردنی دەستوور و دەركەوتنی شۆڤینیەتی تاییفی بەر لە 2010 دەركەوتووە و سەرۆك بارزانی ئەو كاتیش هۆشداری دا. ئێستا زۆربەی ئەو كەسانەی دەستیان لە داڕشتنی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و فرەیدا هەبوو و بڕوایان بە دەستوور و مافەكانی گەلی كوردستان هەبوو یان لە ژیاندا نەماون یانیش پەراوێز خراون. ئەمەریكییەكانیش زۆربەی جار سەقامگیری و باری ئەمنیی عێراقیان بە ئەولەوییەت داناوە و لە ڕاستیدا پارێزەری دەستوور و پڕەنسیپەكانی عێراقی نوێ نین. هێزە هەرێمییەكانیش لەناو عێراقدا بەدوای بەرژەوەندیی تاییفی و ئابووری و سیاسی و سەربازیی خۆیانن و بابەتی تریان بەلاوە گرنگ نییە.

سەرۆك بارزانی زۆر باش دەزانێ كە ئەوەی لە 2003 هەتا 2005 بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێدا ڕێككەوتنی لەسەر كرا ئەوە نییە كە ئێستا جێبەجێ دەكرێ. خەڵكی عێراق بۆ ئەوە دەنگی بە دەستوور دا كە دەوڵەتێكی دیموكرات و فیدڕاڵی دابمەزرێت كە تێیدا مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت و شۆڤیینیەت نەگەڕێتەوە. دەنگی بۆ سیستەمی تاییفی نەدا. دەنگی بۆ ئەوە نەدا میلیشیای چەكدار و تاییفی بڕیار لەسەر بودجە یان چارەنووسی پێكهاتەكان بدات.

بۆیە پێویستە لە عێراقدا كورد پێداگری لەسەر ئەو پڕەنسیپانە بكات كە عێراقی تازەی لەسەر بنیات نرا. چونكە لە ئەنجامی كاركردن بە هاوكێشەی هێز و زمانی زۆرینە و كەمینەدا داواكارییەكانی كورد قەت جێبەجێ نابن. چونكە ئەوانی تر زۆرینەن و سەرچاوەكانی هێزی دەوڵەت و دامەزراوەكانیان هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP