دواین هەواڵ

شیعەکان چیان لە جیهانی مەسیحی دەستکەوت؟

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

07/03/2021

سەردانى پاپا سیموبڵى گەورەى مەسیحیەکانى جیهان بۆ عێراق و چونى بۆلاى مەرجەعى باڵاى شیعەکان و دانیشتنێکى 45 خولەکیی، مەغزاى سیاسی و مێژویی گەورەى بۆ شیعەکان هەیە. ئەم سەردانە ئەگەر جارێک نیشاندانى دەسەڵات و گەورەیی مەسیحییەت بێت لە جیهاندا و دەستکەوتێکیش بێت بۆ حکومەتى کازمى و دەستکەوتێکیشى بۆ کورد وەک میللەتێکى ئاشتى خواز و پارێزراو تیا بێت، ئەوا دەستکەوتى راستەقینەو گەورە بۆ شیعەکانى جیهانە .

شیعەکان کێشەیەکى مێژوییان هەیە لەبارەى دەسەڵات و نوێنەرایەتیەوە، ئەوان لەوەتەى هەن لە مێژوى ئیسلام و لەجیهانى ئیسلامیدا نوێنەرایەتى مەزلومیەت و ئۆپۆزسیۆن دەکەن، کەم جار بوە ئەوان نوێنەرایەتى دەسەڵات بکەن لە جیهانى ئیسلامدا، دەوڵەتى فاتیمیەکان کەماوەیەکى کەم لە میسر حوکمیان کردو لەسەر دەستى سەرکردە سەڵاحەدین لەناوبران و پاشان سەفەویەکان و بەم دواییەش کۆمارى ئیسلامى ئێرانى لێدەرچێت، هەرگیز شیعەکان نوێنەرایەتى دەسەڵاتیان نەکردوە لە جیهانى ئیسلامدا، بۆیە لەگەڵ ئەو ئەزمونانەنەش هێشتا شیعەهەر نوێنەرایەتى ئۆپۆزسیۆن و سونە نوێنەرایەتى دەسەڵات دەکەن، ئەمە جگە لەوەى لەروى ئاینیەوە موخاتیبى یەکەم و کۆتایی لاى ئاینەکانى تر لە ئیسلامدا هەر ئەهلى سونەبون.

ئیستا ئەوەى شیعەکان لەم سەردانە دەستیان دەکەوێت داننانى جیهانى مەسیحیە بە شیعەکاندا وەک نوێنەرێکى ئیسلام و موخاتبێکى تر لەپاڵ موخاتبە کۆنەکە کە سونەیە و ئەو تاک جەمسەریەى لە نوێنەرایەتى کردندا ئیدى بۆهەتاهەتایە لەدەستدا. بۆیە ئەم سەردانەى پاپا بۆ لاى مەرجەعى شیعەکان سەرەتاى گۆڕینى ئەم هاوکێشە مێژوییەیە لە جیهان و لە مێژوى ئیسلامدا.

سەردانى پاپا بۆلاى مەرجەعى شیعەکان و باسکردن لە ئاشتى لە جیهانى ئیسلامدا لە تەوقیتى بێ ئاگایی و گەرمە خەوى جیهانى سوننەدا ئەنجام ئەدرێت ، ئەم سەردانە مێژوى نوێنەرایەتى و پێگەى شیعەى لە جیهانى ئیسلامدا گۆڕى. ئەگەر سوننەکان دوبارە کۆنەبنەوە و هێزوتین بەو میراتە مێژویی سیاسیە نەبەخشنەوە کە لە پەیامبەر (د.خ) لەسەر و خەلیفەکان و پاشان دەوڵەتى ئەمەوى و عەباسى و دواتریش دەوڵەتى عوسمانى بۆیان بە جێماوە نەپارێزن ئەوا وردە وردە نوێنەرایەتى ئیسلام لە سونەوە بۆ شیعە دەگوازرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP