دواین هەواڵ

نە ڕانیە و نە قەڵادزێ، بەڵکو دەربەند ڕاپەڕی

‌ساڵح میراودەلی

06/03/2021

هەشت ساڵ لەمەوپێش ئێوارەیەک لە شوێنی کارەکەمان دوای تەواوبوونی کار  کۆمەڵێک هاوڕێ هاتنە لامان،بەدەم چایی و قاوەخواردنەوە قسەی خۆش دەستیپێکرد بۆ دەرکردنی کەمێک ماندوویی ئەو ڕۆژەمان، بابەتی گفتوگۆ بوو بە ڕانیە و قەڵادزێ،بەوهۆیەی خەڵکی هەردوو دەڤەرەکە لەوێ ئامادەبووین،بە هەموویان سەریان کردە سەرم و گوتیان شتی وانیە دەبێ خۆت یەکلا بکەیتەوە خۆت بە خەڵکی ڕانیە یان قەڵادزێ دەزانی،وەک دەڵێن بە بنەچە لە سنوری پشدەر و قەڵادزێین،بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە لە ڕانیە و لەگەڵ خەڵکی ڕانیە ژیاوم،گوتم کاکە وازبێنن وەڵامتان دەدەمەوە،هەرلایە و بەدەم پێکەنینەوە چاوەڕێی وەڵامەکەی دەکرد  بەو جۆرەی گەرەکیان بوو،منیش گوتم خەڵکی ( دەربەند )م و تەواو کۆتایی پێبێنن.

دەربەند ئەو تەنگەبەرەیە کە ڕێگا و سنوری نێوان ناوچەی پشدەر و بیتوێن و مەرگەیە.
لەوەتای یادی ڕاپەڕینیش دەکرێتەوە، ئەو گرژیە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینم ،لەنێوان خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە،کە کامیان خاوەنی یەکەم چەخماخەی ڕاپەینە.
هەمیشە گوتوومە هەرکەس و لایەن و میدیایەک ،بابەتی ناوچەگەرێتی تۆخ بکاتەوە،درێژەپێدەری کارنامەی بەعسیەکانە،لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا،لەناو هەموو دەزگایەکی هەواڵگریدا(ئیستخبارات) هۆبەیەکی سایکۆلۆژی هەبوو، بە بەرنامە لەلایەن کەسانی شارەزاوە کاریان لەسەر سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵایەتی کورد دەکرد،یەکێک لەو بابەتانە قوڵکردنەوەی هەستی ناوچەگەرێتی و شارچێتی بوو،  ئێستاش کەسانێک هەن بێ ئاگایانە درێژە بە سیاسەتی حزبی بەعس دەدەن،هەرجارە و لەبۆنەیەکدا یان بە بیانوویەکی دیکەوە پەلاماری یەکتری دەدن یان هەستی یەکدی بریندار دەکەن.

 

بابەتی ڕاپەڕین،لێگەڕێن بۆ مێژوو،مەبەستم مێژووی زانستی و بابەتیە نەک ئەو مێژووە ساختەیەی حزبە مافیا و دەسەڵاتدارەکان دەینوسنەوە،چونکە هەمیشە دەسەڵاتدارەدیکتاتۆرەکان مێژوو بە باڵای خۆیان دەبڕن و بەشکۆوە نمایشی دەکەن.
پێموانیە هیچ ناوچەیەک لە کوردستانی گەورەدا هێندەی ناوچەی پشدەر و بیتوێن تێکەڵاوی و لێک نزیکیان هەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە،ناکرێ بۆ هیچ بابەتێک ئەو دوو دەڤەرە لێک دا ببڕی تەنها لە زانستی جوگرافیادا نەبێت کە دەربەندی کردۆتە سنوری نێوان ئەو دوو ناوچەیە.
لەکۆتاییدا ڕاپەڕینتان باش خەڵکی کورد و کوردستان هەمووتانم خۆشدەوێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP