دواین هەواڵ

کاتیۆشا بارانکردنی هەولێر و دەستی بێ ئێسقانی بایدن

‌شیروان شه‌مێرانی

16/02/2021

شیروان شەمێرانی

ئایا بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا نینۆک لە پەنجەکانیدا نەماوەو دەستی بێ ئێسقانە تا مشتەکۆڵەی پێ بوەشێنێت ؟
زۆر کەس لە پەیوەندیداران لە کاربەدەسان و چاودێران لە کاتی دۆڕانی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکەی ئەمەریکادا، دەیانووت بە هاتنی بایدن عەقڵ دەگەرێتەوەو ئەو پۆپۆلیستییەی لە سەردەمی ترەمپدا ئاسمانی سیاسەتی نێودەوڵەتی داپۆشی کۆتاییهات، ئەکرێت ئەم قسەیە بە رێژەیەک بۆ ئەوروپییەکان گونجاو بێت، چونکە خاوەن وڵاتی جێگیرو یاسا دۆست و دیموکراتن، بەڵام ئەوەی مایەی تێگەیشتن نییە ئەوەیە کە لە ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاستەوە ئەو قسەو لێدوانانە بدرێت.

پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ بە سێ هەفتە، لەجریوەیەکدا – تویتەر- وتی : ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ ئێرانییەکان، هێرشکردنە سەر ئەمەریکییەکان و کوشتنیان باجێکی قورسی دەبێت، زۆر بیربکەنەوە.

لەماوەی رابوردودا ئەو ڕێڕەوە سەربازییەی ترەمپ بە تەواوی گروپە چەکدارەکانی ڕاگرت، دەست و قاچی کۆت کردن، هەموویان لەگەڵ یارمەتیدەرەکانیاندا چرکە بە چرکە کۆتاییهاتنی کاتی ترەمپییان هەژماردەکرد، هەناسە بڕکێیان بوو..

 ئەوانەش کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانوت کە عەقڵ و هاوسەنگی لەگەڵ جۆبایدنی سەرۆکی نوێدا دێنەوە، تەنها قسە بە ڕەونەقەکانی ناو پەتوکی کتێبخانەکان دەڵێنەوە، دورە لە تێگەیشتنی هێڵی ڕوداوەکان، کەی لە ڕۆژهەڵاتدا عەقڵکاری کراوە؟ عەقڵ ئەسڵەن لە کوێی روداوەکانی ناوچەکەماندایە؟

 ئێران بە زەبری هێز، چ نەرم و زۆربەی کاتیش ڕەق و دەستی دڕکاوی لەکاتی تەوقەکردندا، توانی خۆی بکاتە هێزی یەکەم لە عێراقدا و بەزۆر ئەمریکای هێنایە سەر ئەو مێزەی خۆی ویستی، هەروەها لە یەمەن، ئایا لە سوریا عەقڵکارییە؟ ئەو هەژمون و ئامادەییەی تورکیا لە ناوچەکەدا بێجگە لە هێز چی ترە؟ لە عێراق و کوردستاندا لە سوریا و عەفرین لە ئەرمینییا لە لیبیا لە ئەفغانستان...بەڵام ئەو وڵاتانەی کە لاوازن و دەستێکی نەرم و شل و عەقڵێکی ڕاڕایان هەیە، ناخوێنرێنەوە، شوێنکەوتەن، نەک وڵات، تەنانەت حیزبەکانیش..

 لە سوریادا و لەسەردەمی ئۆبامادا، بەشار ئەسەد بە هەرچی لاوازییەوە هەیە، گاڵتەی بە ئۆباما ئەکرد، نەک بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵکو بە ئەمەریکای ئۆباما، لەکاتی لوتکەی تاوانەکانیدا دەرهەق بە گەلی سوریا، ئۆباما وتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سورە، بەڵام خوێندنەوەی ئێرانییەکان و بەشار و ئەوانیتریش ئەوەبوو کە ئۆباما پیاوی هێزو حەسم نییە لەو تاقیکردنەوەدا دەکەوێت، هەر واش دەرچو..

پاش هێرشە ڕۆکێتەکانی سەر هەولێر کە بۆ یەکەمین جارە بەو جۆرە هەولێر ساروخباران دەکرێت، هەندێ لەوانەی وتمان ڕون دەبنەوە، بەڵام ترامپ دۆخێکی لە بەرێوەبردنی پەیوەندییەکان و دۆسییە ئاڵۆزەکاندا بە جێهێشتوە، بە ئاسانی بایدن لێی دەرباز نابێت، ئایا ئەگەر ترەمپ بوایە لە کۆشکی سپیدا، گروپە چەکدارەکان هێزە نێودەوڵەتییەکانی پاڵپشتییان ئەو بوێرییەیان دەبوو ؟

ئێستاش کە کاتیۆشا بارانی دەزگا ئەمەریکییەکان کرا، ئەمەریکی لێیدرا، وەڵامی بایدن چی ئەبێت؟، تۆڵەی کوشتن و بریندارکردن چۆن ئەکاتەوە؟ لەم کاتانەدا بەراورد لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا ناکرێت ئەوەندەی بەراورد لە نێوان بایدن و ترەمپدا دەکرێت، ئەمریکای بە هێز، ئەمریکای بەهەیبەت، لای ترەمپە، یان بایدن؟
 ئەگەر بایدن چاوەڕێی عەقڵکاری بێت ئەوە هەرزوو کەوڵ کراوە، ئەوانەی کە ئەو کردەوانە ئەنجامئدەن، تەنها لە زمانی هێز تێئەگەن، تا ئەوکاتەی ئیجبارت ئەکەن بێیتەسەر سەر ئەو هێڵەی ئەوان دەیکێشن..

 دانوستان؟ لەسەردەمی حکومەتی یەکەمی نوری مالیکییەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، لەسەردەمی ئۆبامادا ئەمریکا نیمچە تەواو دۆڕاندی بەرامبەر بە ئێران، ئێستاش بایدن هاتەوە، یان وەک دەڵێن- ئۆباما ٢- o2-، ئەو موشەکانەی نران بە هەولێرەوە تەنها تاقیکردنەوە نییە، بەڵکو بۆ هێنانی جۆ بایدنە، هێنانێکی زۆرەملێی بۆ کردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و جەنگی ئاسایی لەگەڵ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، چونکە دۆخی ناوچەکەمان بەرگەی هەناسەو نەخشەی درێژی ئەمریکا ناگرێت، دڵنیایی ئەنتی-ئەمریکییەکانیشە لەوەی کە جەستەی بایدنی ئۆباما لەرزۆکە، لێرەدا وەڵامی ئەمریکییەکان ڕونی دەکاتەوە کە ئایا ئەو خوێندەوەی گروپە چەکدارەکان و ئێرانییەکان پێکاوییەتی یان بەهەڵەداچوبون و ئێسقانەکانی دەست ئەمریکا زۆر بەهێزو تەندروستە ..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP