دواین هەواڵ

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیانێکی دیکەیە بە ڕەوش و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش

‌كاوە محمود

17/01/2023

ئەو ئاستە بەرزەی کە نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بەرامبەر دینار بە خۆیەوە دەبینی، شپرزەییەک و ناسەقامگیری لە بواری ئابووری کوردستان و تەواوەی عێڕاق درووست کردووە و، بۆتە هەلێک بۆ بەشێکی بازرگانی چاوچنۆک کە نرخی کاڵا ئیجگار لەوە زیاتر بەرزکەنەوە، کە دۆلار بەرزبۆتەوە، بەجۆریک کە ئاڵوگۆڕی بازاڕی تا ڕادەیەک ڕاگرتووە و کارتێکردنی بەردەوامبوونی ئەم بابەتەش جگە لە ڕەنگدانەوەی نەرێنی دارایی، ناسەقامگیری کۆمەلایتی درووست دەکات.

سیاسەتی دراویی عێڕاق بەشێکە لە دەسەڵاتی فیدڕاڵی و تا ئێستاش بەنکی ناوەندی عێڕاق نەیتوانییەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

هۆکاری زەقبوونەوەی ئەم بابەتە لەم هەلومەرجەدا هەر وەکو بەشێک لە شیکردنەوەکان باسی دەکەن بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، کە ئێران سوود لە بابەتی گۆڕینەوەی دۆلار وەردەگرێت و کۆمەڵێک بانکی تایبەت هەن، کە لەم بوارەدا کاردەکەن و دۆلار ڕەوانەی ئەو دەوڵەت دەکەن.

بەشێک لە چارسەرکردنەکان، کە بە بانکی ناوەندی عێڕاق دەکرێت پێداچوونەوەیە بە ڕەوشی بانکەکان بەتایبەتی ئەوانەی بۆ سیاسەتی لایەنی دەرەکی کاردەکەن و جگە لەوەی کە خودی بانکە فەرمی و حکومییەکان دەتوانن ڕۆڵیان کاریگەرتر بێت لەم بوارەدا.

هەرچەندە حکومەتی کوردستان توانای دەستێوەردانی لە سیاسەتی دراوی عێڕاقدا نییە، بەڵام دەتوانێ هەندێ هەنگاو و بڕیاڕ بدات کە دەچێتە بواری یارمەتی کۆمەڵایەتی لە بابەتی بودجەدا بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی کەمدەرامەت و، هەر بۆ نموونە دەکرێ حکومەتی کوردستان لەم دۆخەدا دەستێوەردا لە بازاڕدا بکات و لە ڕێگای وەزارەتی بازرگانی کاڵا لە دەروەی وڵات بکرێت و بە نرخی هاوردە و بێ قازانج بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەشی بکات،، و لە هەمان کاتدا ئەو خانەنشینانەی ڕادەی نزمی موچەیان هەیە، موچەی مانگێگیان زیاتر لە موچەی گشتی بۆیان خەرج بکرێت بۆ ئەوەی پشتگیرییەک بێت بۆیان. لە هەمان کاتدا حکومەت بۆی دەکرێ کە چاودێری نرخ بکات بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکێکی چاوچۆنەکەوە نرخەکان بەرز نەکرێتەوە.

هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵک وا دەخوازی کە لایەنەکانی بەشدار لە ئیتلافی دەسەڵاتدا ئەم بابەتە لە پێشینەی لیستی کارەکانی بێت، نەک خەڵکی کوردستان بە بابەتی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ یەکتر لە ڕوانگەی عەقلیەتی دوو زۆنی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی و خۆئامادەکردنی پێشوەختانە بۆ پرۆپاگندەی هەڵبژاردن، خەریک بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP