دواین هەواڵ

بڕیاری 1483 . ئەمریکا ڕزگارکەرێکی داگیرکار

‌هونەر تۆفیق

13/01/2023

مانگێک لەدوای داگیرکردنی عێراق ٢٠٠٣ ، لە ئەنجومەنی ئاسایش بەفەرمی لە بڕیاری 1483 یدا ، ئەمریکا و بەریتانیای وەک داگیرکاری عێراق ناساند . یەکێک لە بڕگەکانی ئەو بڕیارە کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقە لە بانکی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکیدا بە بیانووی لێدەرکردنی مەسرەفی داگیرکردنەکە و سەرپەرشتی کردنی چۆنیەتی خەرجی ئەو داهاتە لە پێناو بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا .

هەتا ئێستاش پارەی فرۆش و یەدەکی عێراق لەو بانکە ترسناکەدا هەڵدەگیرێت کە چیرۆکی بانکی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکی و هەیمەنەکردنی بەسەر ئابووری جیهانەوە باسێکی جیاوازە . لەگەڵ ئەوەی کە پرۆسەی بوژاندنەوە و ئاوەدانی عێراق بەسەرپەرشتی ئەمریکا فەشەلی هێناوە و وڵاتەکەی گەیاندە یەکێک لە هەرە دواکەوتووترین وڵاتانی دنیا و ئایووریەکی فشۆڵی بۆ دامەزراند ،

چارەنووسی دیناریشی خستە ژێر زەبری دۆلارەوە و هیچ بەها و ئازادیەکی بۆ جوڵەی دراوەکەش نەهێشتۆتەوە . بەپێ ی میزاجی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا داهاتە عێراقیەکە دەداتەوە بە عێراق .

باجە گەورەکەش لەو بەرز و نزمیەی میزاجە سیاسیەی ئەمریکادا گەلانی عێراق و هاوڵاتیە هەژارەکانی دەیدەن . وەک ڕاگرتنی حەواڵەکردنەوەی دۆلارەکانی عێراق لە بانکی یەدەکی فیدراڵیەوە و بەرزبوونەوەی نائاسایی نرخی دۆلار کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی خۆراک و شتومەکی ڕۆژانەی خەڵکە . بارگرانی بۆ ژیانیان قورستر کردووە . بەبیانووی ڕێگرتن لە ناردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بەرەو ئێران .

لە حاڵێکدا ئەگەر عێراق ئەو پارانە نەداتەوە بە ئێران ، ئێرانیش غاز و کارەبا و پێداویستیەکان لە عێراقیەکان دەبڕێت کە لەمەشدا هەر خەڵکی ئاسایی زەرەرمەندە . لەبیست ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا وەک سەرپەرشتیکاری بوژاندنەوەی عێراق نەیتوانی وڵاتەکە بگەیەنێت بە ئاستێک پێویستی بە کارەبا و غاز و تەماتە و ماست و شیری ئێرانی نەبێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP