دواین هەواڵ

بە چ مەبەستێک کار بۆ شێواندنی چەمکی یەکسانی جەندەری (جۆری کۆمەلایەتی) دەکرێت؟

‌كاوە محمود

10/01/2023

ماوەیەکە لەلایەن ڕەوتی سەلەفی و بەشێک لە بانگخوازەکانی سەر بە لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی بە شێوەیکی ڕێکخراوەیی، لە چوارچێوەی هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی فیمینستی کوردستان، کار بۆ شێواندنی چەمکی یەکسانی جەندەری دەکرێت. هاوکات لە گەڵ ئەم شاڵاوەدا سوود لە ئاراستە و بۆچوونی کەسانی پارێزگاریخوازی ناوەندە زانستییەکان سەبارەت بەم بابەتە و چالاکەوانی ژنانی ئیسلامیش وەردەگیرێت و، بە پلان کار بۆ وروژاندنی کەسانی ئاینپەروەر دەکرێت لە ڕێگای زڕە زانیاری و تێکەڵکردن و شێواندنی چەمکەکان، بە مەبەستی درووستکردنی هۆشمەندی کۆمەڵایەتی چەواشە و، خوڵقاندنی بارگرژی کۆمەڵایەتی، بە نیازی بانگەشە بۆ سەپاندنی شێوازێک لە ڕەفتار و نەریت و بەهای کۆمەڵایەتی و تەنانەت جلوبەرگیش و، تێکڕای ئەم بابەتانەش بە چەمکی پیرۆزی ئاینی دەمامک دەدرێت.

ئاراستەی هەژمونی ئەم ڕەوتانە هێرشکردنە سەر ژنان و مافەکانیانە، کە لە کۆتاییدا مەبەست لێی بێتواناکردنی وزەی ژنان و ڕاگرتنی پرۆسەی گەشەپێدانە و، ئەم شاڵاوانەش بە شێواندن و تێکەڵکردنی ئەو چەمکە مەعریفییانە دەستپێدەکات، کە بەرهەمی توێژینەکانی بواری سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجییە و، بەردەوام لە جیهاندا پەرەدەسەنێت و دەوڵەمەند دەکرێت و، لە کۆمەڵگای ئێمەشدا قەڕەوڵی ئەو هێرشانە و تەقەکردن لە سایەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەپێنراو بە عەقلیەتی بیاوسالاری، بەرەو چەمکی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، کە بەشێک لە ناوەڕۆکەکەی مافی ژنانە.

نموونەیەک لەو شێواندانە، تێکەڵکردنی پێناسەی ڕگەزی سێکسییە بە (مانای نێر و مێ) لە گەڵ چەمکی جەندەر کە ماناکەی جۆری کۆمەڵایەتییە.

ڕەگەز بە مانای بایۆلۆجی نەک بە مانای بنیچە و نەژاد کە دەستەواژەی ڕەگەزپەرستی بە مانای شۆڤینی لێوە بەکار دێت، بریتییە لە پێکهاتەیەکی جەستەیی مرۆڤ کە پەیوەندی بە ئەندامی زاوزێ و ئەرکەکانی هەیە، و پەیوەندی بە کرۆمۆسومەکانەوە هەیە. ئەم چەمکە واتە ڕەگەز جیاوازە لە چەمکی جەندەر کە پەیوەندی بە ڕۆڵ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ڕەوشت و هەڵوێست و ڕەفتار و نەریتەوە هەیە، کە کۆمەڵگای پیاوسالاری بە جیا بە سەر نێر و مێدا فەرزی دەکات و، چەمکی پیاو و پیاوەتی و ژن و چی لێی داواکراوە درووست دەبێت و شێوازی شوناس وەردەگرێت، بەڵام ئەم چەمکە واتە جەندەر لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوام دایە. هەر بۆیە نێر و مێ چەمکێکی بایۆلۆجییە، کە لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا نایەکسانی و توندوتیژی بە هۆی مێیەتییەوە درووست دەبێت، چونکە هەر لەسەرەتای لە دایکبوونی نێر و مێ پێَشوەختانە سیما و ئایندە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەم دوو ڕەگەزە لە لایەن کۆمەڵگایەکەوە داڕێژراوە، کە پێی وایە سەرجەم بۆچون و نەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نەگۆڕە و بەردەوام پێگەی ژن دەبێ بە کەمی و نزمی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا ئەم بۆچوونە نا لۆجیکییە و سەرجەم پەیوەندی کۆمەڵایەتی و چەمک و هزری پەیوەست پێی لە حاڵەتی گۆڕانکاری دایە.

کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێش مێژوو تا ڕادەیەک لە ئاکامی نەبوونی خاوەندارێتی تایبەت و شێوازی دابەشبوونی کار لە حاڵەتی جۆرێک لە یەکسانی ژیاون و، توێژنەوە ئەنسرۆپۆلۆجییەکان لەوانە (کۆمەڵگا سەرەتاییەکان)ی مۆرگان و دوواتریش کتیبە بەناوبانگەکەی ئینگلز (بنەچە خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت) ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ژنسالاری لە مێژوودا دەکەن.

گۆڕینی ڕۆڵەکان بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە بابەتی خاوەندارێتی و دابەشبوونی کارەوە هەبووە و، هزرمەند و پیاوانی ئاینی و دەقە ئاینی و فەلسەفییەکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری لە ڕێگای میسولوجیا و دەقە ئاینییەکانەوە، لەوانە چیرۆکی خەلق بوون و ئەو داستان و چیرۆکانەی کەلتوری پیاوسالاری بەرهەمیهیناوە لە هزری ئاینیدا هەن، ڕۆڵیکی تایبەتیان بۆ پیاو دانا، کە دەبی ئەرکی حوکمرانی و سەرکردایەتی و کارە سەرەکییەکانی بەدەستەوە بێت و، وێنەیەکی داتاشراویان بۆ ژن داڕشت لە ڕێگای دەستەمۆکردنی، بە جۆرێک کە دەبێت گوێڕایەڵ و قایل و، وابەستەی پیاو بێت و، رۆڵی لاوەکی لە خیزان و کۆمەڵگادا هەبێت و، بەردەوام کاریش بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنە تەقلیدییە سەبارەت بە ژن کراوە.

هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ نایەکسانی جەندری دەگەڕێتەوە و، بەشێک لەو توندوتیژییە تەنانەت لە بواری زمان و ئاخافتندا دەردەکەوێت و، کرۆکی توندوتیژی جەندری ئەو توندوتیژیەیە کە ئاراستەی تاکێک دەکرێت بە هۆی ڕەگەزی بایۆلۆجی یان شوناسی جەندەرییەوەی واتە (جۆری کۆمەڵایەتی)، لە ڕێگای دەستدرێژکردنی جەستەیی و سێکسی و زارەکی و بواری سۆز، یان هەڕەشەکردن و فشارخستن و ماوەنەدان بە ئازادییەکان و بێبەشکردن لە ژیانی ئابووری و خوێندن و بەشداری لە چالاکی گشتی و تایبەتی و، هەروەها بە شوودانی منداڵ و توندوتیژی دژ بە هاوسەر و بەزۆر بە شوودان و، ئەو نایەکسانییەی لە نێوان ژن و پیاو لە یاسای باری کەسێتی هەیە، بەشێکن لە توندوتیژی جەندەری. بەم پێیە ئەم جۆرە توندوتیژییە شێوازێکە لە کۆیلەبوونی تاک لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا.

شێوازێکی دیکەی شێواندن کە لە ئاخافتنی تەلەفزیۆن و بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێ، تێکەڵکردنی نا میتۆدییانەی هندێ کاری سیکسییە لە هەندێ کۆمەڵگادا لە گەڵ بابەتی جەندەر. مەبەست لەم تیکەڵکردنە و لێکچوواندنی جەندەر بە سێکسکردن لە گەڵ ئاژەڵ یان پیدۆفیل، کە ئەمانە لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی پرۆسەی مودێرنەیان بینیەوە، تاوانە و بە پێی یاسا سزای هەیە، مەبەست لێی دژایەتیکردنی مافی ژنانە بە شێواندنی چەمکی یەکسانی جەندەری.

پێش داڕشتن و گەڵاڵەبوونی چەمکی جەندەر، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەرەتای بوونیەوە مامەڵەی لە گەڵ بابەتێکی ژیانی کردووە کە پەیوەندی سێکسە و، شێوازەکانی پراکتیکەکردنی بە پێی کەلتووری باو لە قۆناغێکی دیاریکراودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و، پێناسەی ئەو پەیوەندییانە هەندێ جار بە تابو و هەندێ جار بە ئاسایی دانراوە و، هەر بۆ نموونە لە سەردەمی سەرەتای ئیسلامدا چەند جارێک پەیوەندی سیکسی (ژن هێنانی جێژ) زواج المتعە حڵال بوو و پاشان لە ئاینزای سوننەدا تابویە واتە حەرامە، و تا ئێستاش لە ئاینزای شیعە حەڵاڵە و، هەردوو ئاینزاش لە چوارچیوەی یەک ئاین دان. بەم جۆرەش دەردەکەوێ نەک تەنها جاران بەڵکو لەم سەردەمەشدا شێوازەکانی پەیوەندییە سیکسییەکان ڕێژەیین و پەیوەندی بە بڕیار و ئیرادەیەکی پێش وەخەتەوە نییە و، ئەم بابەتە ملکەچی کەلتووری گۆڕاوی کۆمەڵگایە، کە هەژموون و کارتێکردنی لەسەر سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.

دەمێنێتەوە ئاماژە بۆ هۆکاری سەرەکی ئەم شالاوە ناڕەوایانە بکەین، کە مەبەست لێی سەپاندنی شێوازێکە لە بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگا بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی دەوڵەتی ئاینی لە کاتێکدا سەرجەم نموونەکانی دەوڵەتی ئاینی و حزب و ڕەوتی ئاینی لە ناوچەکەدا لە بواری دەسەڵاتدا دووچاری قەیرانی حوکمرانی بە هۆی زەوتکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە و، لەوەش دەچێ ئەم شاڵاوانەی لە کوردستانیش دژ بە فیمنستی کوردستانی و ڕەوتی یەکسانی و ئازادیخوازی دەکرێ بە پشتیوانی ئەو جۆرە حوکمرانە ئۆتۆکراتییانە بێت و، بۆ پشتگیری لە نموونەکانی دەوڵەتان ئاینی و ڕەوتی ئاینی دەوروبەر، ئەنجام بدرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP