دواین هەواڵ

دیداری "رێككەوتنی دیموكراسی"

‌هێژا دڵشاد

14/02/2021

نزیكەی دوو هەفتەیە بەسەر بانگەشەى «رێككەوتنی دیموكراسی» لەلایەن پارتی دیموكراتی گەلانەوە (هەدەپە) راگەیەنراوە، هەدەپە توانیوێتی لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا، زۆرترین سەردانی بۆ لاى لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بكات و دەسپیشكەریی بۆ رێككەوتنێكی دیموكراسی لەمەڕ چارەسەری پرسەكانی ناوخۆی توركیا بكات. هاوكات هەدەپە لە باكووری كوردستان درێژە بە "رێككەوتنی كوردستانی" دەدات لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی باكوور دەیەوێ‌ ئەو رێككەوتنە تاكوو هەڵبژاردنی ئایندە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بپارێزێت و لەسەر ئاستی توركیاش، رێككەوتنێك بۆ دیموكراسی لەگەڵ لایەنە توركەكان بە بژاردەیەی باش دەبینێت بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە پرسە ناوخۆييەكانى توركیا. لەكاتێكدا ئەو پارتانەی كە هەدەپە سەردانی كردووە بۆ ئەو مەبەستە سەرجەمیان دژ بە ئاك پارتی و ئەردۆغانن، لەبەرئەوە رەنگە ئیجابیاتی ئەم جۆرە سەردانەی هەدەپە جۆرە كاردانەوەیەكی ئەرێنی هەبێت.

تائێستا هەدەپە سەردانی پارتی سەعادەت و جەهەپە و پارتی دێڤا كردووە، دیدارەكان باش بەڕێوەچوون جۆرە لەیەك تێگەیشتنێك و نزیكبونەوەیەك هەبووە. چەند رۆژێك پێش ئێستا، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"، وەك پشتیوانییەك لە هەنگاوەكانی هەدەپە بۆ "رێككەوتنی دیموكراسی" لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، پەیامێكی ئاڕاستەی حەوت پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا كردووە و داوای كاری هاوبەشی لێكردوون بۆ "گەڕاندنەوەی ئاشتیی و سەقامگیری" بۆ توركیا. لە پەیامەكەیدا، دەمیرتاش داوایەكی ئاڕاستەی سەرۆكی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كردووە، داوای لێكردن بە بوێرییەوە دەست لەناو دەست بنێن بۆ "بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی ئاشتیی و سەقامگیری بۆ توركیا".

ئەم داوایەی سەڵاحەددین دەمیرتاش، لەلایەن مەهمەت روشتو تریاكی، پەرلەمانتاری هەدەپە ئاڕاستەی كەمال كڵچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئایندە، عەلی باباجان، سەرۆكی پارتی دێڤا، تەمەل كارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆكی پارتی سەعادەت، ئەرجومەن ئاكدەنیز، سەرۆكی پارتی رەنجدەرانی توركیا، ئەركان باش، سەرۆكی پارتی كرێكارانی توركیا و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی چەپی توركیا كراوە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لەپاش دوا سەردانی بۆ یەك لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وتی"لەئێستادا مەسەلەی رێككەوتنی ئێمە پارتەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا لە رۆژەڤماندا نییە، بەڵام پێویستمان بە یەكدەنگییەك هەیە بۆ ئاسایشی پرۆسەی هەڵبژارن و ئاسایشی دەنگەكانمان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. وتیشی "لەگەڵا لایەنەكان باسمان لە كێشە و پرس و قەیرانەكانی ئەمڕۆی توركیا كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش پێمان وایە لەنێوان لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكاندا دەكرێ هاودەنگی هەبێت بۆ ئەو مەبەستەش رێككەوتنێكی دیموكراسی بە پێویست دەزانین".

یەك لەو پرسانەی كە زۆر باسی لێوەدەكرێت مەسەلەی پڕۆسەی دادگایی كردنە لەو وڵاتە، ئەمە شتێكی نوێ نییە، واتە مەسەلەی سەربەخۆیی دادگاكان و پڕۆسەی دادگایی لە توركیا زۆر خاو بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە هەژمونی سیاسی رۆڵی خۆی هەیە لێرەدا. دەسگیراوە بێ تاوانەكان و یەكلانەبونەوەی دۆسیەكانیان لە دادگا، پرسێكی لەمێژینە و جدییە لەو وڵاتە،هەروەها قسەكردن لەسەر مەسەلەی سیستمی پارلەمانتاری و سەرۆكایەتی، دەسگیركردنی سیاسەتكاران و دانانی قەیوم لە شارەوانییەكان، مەسەلەی قەیرانی دارایی و گرانی بژێوی ژیانی خەڵك، ئەمە مەسەلەیەكە تەنها پەیوەست بە كورد و مەسەلەی كوردەوە نییە، بەڵكو پەیوەست بە هەموو هاوڵاتییەكی توركیاوە هەیە. لێرەدا هەموو ئەم مەسەلانە بژاردەی گفتوگۆكانی نێوان هەدەپە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیایە. ھەمواركردنەوەى دەستورى توركيا لەگەڵ رۆژەڤی هەمواركردەنەوەی دەستوری توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە، هەدەپە دان بەوەدا دەنێت كە توركیا پێویستی بە دەستورێكی نوێیە، رەنگە تاكە پارتی سیاسی بێت لە توركیا كە زۆر پێداگریی لە دەستورێكی نوێ بۆ توركیا كردووە، بەڵام دەستورێكی دیموكراتی و مەدەنی دەخوازێت، مەسەلەی هەمواركردنەوەی دەستور كە لە ئێستادا بە خواست و ویستی ئەرۆغانە،

هەدەپە هەڵوێستی روونە لەو بارەیەوە و بە هیچ جۆرێك پشتیوانی لە دەستورێكی پشت ئەستور بە دەستورە سەربازییەكەی ساڵی 1980 ناكات و ترس لەوەش هەیە ئەوەی ئەردۆغان لەئێستادا هەوڵی بۆ دەدات بۆ دەستوری داهاتوو لەمەی ئێستا فاشیست تر بێت. هەدەپە دەستورێكی دیموكراتی بۆ گشت گەلانی توركیا دەخوازێت كە ماف و یەكسانی تیا دەستەبەر بێت نەوەك دەستورێك بێت بە تەنها لەبەرژەوەندی ئاك پارتی و خودی دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان بێت. خاڵی هاوبەش لەنێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیە بەتایبەت ئەو پارتانەی كە پێشوازییان لە هەدەپە كردووە، بۆ نمونە هەدەپە پێشنیاری سێ‌ پرسی سەرەكی كردووە كە لەگەڵ ئەو پارتانە رێككەوتنێك بكات لەوانەش: مەسەلەی باری نائاسایی، پرسی دەستگیركراوە سیاسییەكان و پرۆسەی دادگایی كردنیانهەروەها پرسی ئابووری قەیرانی دارایی لەو وڵاتە. لە درێژەی ئەم دیدارانە، بەدور نییە رێككەوتنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لەدژی دەسەڵاتی ئەردۆغان بێتەكایەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP