دواین هەواڵ

لە پێشوازی ساڵی نوێدا

‌كاوە محمود

27/12/2022

دوای چەند رۆژێکی دی ماڵئاوایی لە ساڵی 2022 و پێشوازی لە ساڵی 2023 دەکەین. جەماوەری گەلەکەمان بە توێژە جیاجیاکانییەوە لە پێشوازی ساڵی نوێدا کۆمەڵێک هیوا و خەونی ڕەوایان هەیە، کە دەینێنە نێو هەگبەی تێکۆشان و لە پشتی خۆیان دەنێن و هەنگاوی چەسپاوی خۆیان لە کاروانێکی خەباتی بەردەوامدا پیادە دەکەن و، لە تەرازوی ناهاوسەنگی هێزەکان پشت بە عەدالەتی دۆزی ڕەوای نیشتمانەکە و گەلەکەیان دەبەستن و، لە قوربانیدان لە پێناویدا بەردەوامە و، لە هەمان کاتدا داواکارییەکانی کە دۆسی و ڵاپەرەی تێکۆشانی ڕۆژانەیە بەدەنگی بەرز دەیخاتە ڕوو.

گەلەکەمان مافی خۆیەتی کە خەون بە نیشتمانێکی سەربەخۆوە ببینێت و لە پێناویدا قوربانی بدات و ناکرێ لایەنی سیاسی و ناوەندنی دەسەڵات لە ڕوانگەی بەرژەوەندی حزبی سەودا بەو خەوانە بکات و لەباری بەرێت.

گەلەکەمان پێویستی بە کوردستانێکی یەک زۆن هەیە و، ناکرێ بۆ بەرژوەندی حزبایەتی سەرجەم دیاردەکانی دوو ئیدارەیی بەردەوام بێت.

کوردستان پێویستی بە یەک هێزی پیشمەرگەی یەکگرتوو هەیە و یەک هێزی ئاسایشی یەکگرتوو هەیە، ناکرێ بڕیاڕی حزبی ئاراستەی هێَزی پێشمەرگە و ئاسایش بکات و، تەنانەت فلتەری دەزگای ئەمنی حزبی سیاسی بەڕێوە بەرێت.

نیشتمانمان بە پاراستنی بەیەکەوژیان و گرتنەبەری چەمکی هاووڵاتی و پاراستنی مافی سەرجەم نەتەوەکانی، دەپارێزرێت و گەشە دەکات نەک درووستکردنی ناکۆکی و ململانێی نەتەوەیی و ئاینی.

ژنانی کوردستان دەڕواننە نیشتمانێک کە مافەکانیان بپارێزێت و سەرجەم ئازادییە کۆمەڵایەتی و مەدەنی و کەلتوورییەکانیان دابین بکات و لە ناوەندەکانی بڕیاڕی سیاسیدا بەشدار بن، نەک هەڕەشەکردن لە چالاکەوانی مافەکانیان و شێواندنی چەمکەکانی یەکسانی و بەردەوامبوونی ناعەدالەتی لە یاساکان.

خەڵکی زەحمەتکێش کوردستان کە هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانی نیشتمانی بوونە، مافی خۆیانە لە سایەی ژیانێکی خۆشگوزەران و پڕ کەرامەت بژین و مافەکانیان لە یاساکانی کار و بیمەی کۆمەڵایەتی و بوونی بیمەی تەندروستی دابین بکرێت، نەک مەمرە و مەژی ژیان بەسەر بەرن و توانیان چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانەکاندا نەبێت، کە پەیتا پەیتا بەرەو کەرتی تایبەت دەڕوات.

خوێنکاران پێویستیان بە بەرنامەی مەدەنییانەی مۆدێرنی خوێندن و پێداویستی نوێی فێرکردن هەیە، نەک بەرنامەی کۆن و سواو و ئاراستەی تەک لایەن و موحافیزکارانە لە تێگەیشتنی مێژوو و کۆمەڵگا و کەلتوور و ئاین و کەلەپور.

لاوانی کوردستان پێویستیان بە واڵاکردنی هەلی کار هەیە کە ببنە فاکتەری گەشەپێدان و بوژانەوەی کوردستان، نەک ناچارکردنیان بۆ بەجیهێشتنی وڵات و گرتنەبەری ڕێگای هات و نەهات بۆ دابینکردنی ئایندەی ژیانیان.
سەڕەڕای بارگرژی و ناجۆری لە بەشێکی زۆری تابلۆی ڕەوشی گشتی، هیوای گۆڕانکاری و هەلی بەرو پێشەوە چوون لە ئاردایە و تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەردەوامە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP