دواین هەواڵ

ئەسەد دانیشتنی لەگەڵ ئەردۆغاندا رەتكردووەتەوە

‌كارزان گلی

03/12/2022

بەگوێرەی سێ سەرچاوەی زانیاری كە بەدەستی ئاژانسی (رۆیتەرز) كەوتووە، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، پێشنیاری رووسیای بۆ دانیشتن لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا رەتكردووەتەوە. هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی سووریاش پێی باشە نەبووە ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغاندا دانیشێت.

توركیا دەیەوێت پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بكاتەوە، كە لە 2011ەوە، ئەو پەیوەندییە نەماوە و توركیا وەكوو دوژمن و دكتاتۆر سەیری ئەسەدی كردووە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە ناكۆكی نێوانیان، ئەردۆغان دەیەوێت لە ئەسەد نزیك ببێتەوە، بەڵام بە نێوەندگیری رووسیا و خودی ڤلادمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە و پشتی بە سێ سەرچاوە بەستووە، ئەسەد پێشنیاری رووسیای بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەردۆغان رەتكردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆیتەرز، ساڵی داهاتوو توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەردۆغان دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن، ئەو سێ ملیۆن و نیو ئاوارە سوورییەی لە توركیان، بە رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد بگەڕێنێتەوە بۆ سووریا، ئەسەد دەزانێت ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە لەگەڵی دانانیشێت.

”ئێمە بۆچی بە خۆڕایی دیارییەك پێشكەشی ئەردۆغان بكەین بەر لە هەڵبژاردن“، ئەمە گوتەی وەزیری دەرەوەی سووریایە و پێی باش نییە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی توركیا، ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغان كۆ ببێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێیوایە، دانیشتن لەگەڵ توركیا، هیچ ئەنجامێكی باشی بۆ سووریا نابێت، بۆیە لەئێستادا پێویستە بە هەموو شێوەیەك دانوستاندن لەگەڵ توركیا رابگیرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی تری رووسیا، پۆتین لەسەرخۆ دەیەوێت لەوە نزیك ببێتەوە كە سووریا و توركیا لە یەكتری نزیك بكاتەوە، چونكە پێیوایە ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورە دەبێت بۆ سووریا و بۆ توركیاش هەنگاوێكی ئەرێنییە.

رووسیا هەر لە سەرەتای شەڕی ناوەخۆی سووریا لە 2011، پشتی ئەسەدی گرت و نەیهێشت بڕوخێت، بەڵام ئیدی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، سوریا پێوستی بە چارەسەرێكی سیاسیی هەیە، نزیكبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغانیش، بەشێك دەبێت لەو چارەسەرە، بۆیە هەوڵی جیدی بۆ دەدات تا ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت.

لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، ئەردۆغان چاوی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر كەوت و دەستی خستە ناو دەستی، ئەو سیسییەی ئەردۆغان وەكوو دكتاتۆر و كودەتاچی و زاڵم ناوی دەهێنا، كەچی ئێستا دەیەوێت لێی نزیك ببێتەوە.

ئەردۆغان لەبارەی نزیكبوونەوە لە میسر ئاماژەی دا، ئەگەر لەگەڵ میسردا پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە، هەمان رێگەش دەگرینە بەر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سووریا.

داواكارییەكانی توركیا لە سووریا ئەستەمە، بەڵام توركیا دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن، ئەگەر كەمێكی ئەو داواكارییانەش لەلایەن سووریاوە جێبەجێ بكرێت بۆ ئەو باشە و كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت. بۆ نموونە، بارودۆخی ئابووری سووریا لەوپەڕی خراپییە، بۆیە كاتێك ئەردۆغان دەیەوێت ئاوارە سوورییەكان بگێرێتەوە بۆ سووریا، ئەسەد ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت، بەڵام ئەگەر رێژەیەكی كەمی ئاوارەش بكەڕێتەوە، ئەردۆغان دەتوانێت بۆ پروپاگندەی هەڵبژاردن بەكاری بهێنێت.

جیا لەوەش، ئەردۆغان دەیەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بە تەواوی لە سووریا دوور بخاتەوە، بۆ ئەمەشیان هاوكاری سووریای پێویستە و دەیەوێت رێككەوتنێكی سیاسی تازەی لەوڕووەوە لەگەڵ ئیمزا بكات.

بەڵام ئایە سووریا بەو داوایەی توركیا رازی دەبێت؟ ئەگەر رازی بێت، ئایە ئەمریكا تەنیا دەبێتە بینەر و هیچ هەڵوێستێكی نابێت؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP