دواین هەواڵ

كورد و هێرشی ئاسمانی

‌رەنج نەوزاد

29/11/2022

وەک چاوەڕوان دەکرا تورکیا هێرشەکەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد. تا ئێستا هێرشی ئاسمانییە، چاوەڕوان دەکرێت هێرشی زەمینی بەدوایدا بێت. بە پێی لێدوانە فەرمییەکانی هەسەدە بێت، ڕۆژئاوای کوردستان خۆی ئامادە کردوە بۆ ئەم هێرشە و، لێدوانەکانی هەسەدە گرنگ و  مایەیی دڵخۆشین. هەسەدە ڕاگەیاندوە ئەم هێرشەی ئەمجارەی تورک جیاواز دەبێت و وەڵامی توندی دەبێت لە لایەن ڕۆژئاوای کوردستانەوە، هەر وەها بە پێی لێدوانەکانی هەسەدە تورکیا تووشی زیانی گەورە دەبێت لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابووریەوە ئەگەر هێرشی زەمینی ئەنجامبدات. 

ئەو جۆرە وەڵام و لێدوانانە پێویستن و گرنگە کورد فێری ئەو جۆرە لێدوانە توند و هەڕەشەئامێزانە بێت. پێش ماوەیەک لە پۆستێکمدا ئاماژەم بەوە کرد کە هێرشی زەمینی تورک بۆ سەر رۆژئاوا، دەکرێت سوودی بۆ ڕۆژئاوا هەبێت، ئەگەر ئامادەکارییەکی باش بکرێت و زیانێکی قوورس لە سوپای تورکیا بدرێت. کورد یەک جار بتوانێت زیانێکی گەورە و کەمەرشکێن لە سوپای ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرە بدات، ئیتر ئەوانیش سڵ دەکەنەوە و بەو ئاسانییە بڕیاری جەنگ نادەن دژ بە کورد. 

زیان گەیاندنی گەورە بە سوپای تورکیا واتە ناچارکردنی ئەو سوپایە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بجەنگێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئەو کاتەی زیانی گەورە دەگەیەنێت بە ئابووری و سەقامگیری ناوخۆی تورکیا. هەسەدە پێیوایە ئەمجارە توانای ئەوەی هەیە ئەو دۆخە درووست بکات. 

ئەگەر هێرشەکە تەنیا لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکە و درۆنەوە بێت، ئەوا ڕۆژئاوای کوردستان زیانێکی گەورە دەکات و تورکیاش تووشی مەترسی و زیانی گەورە نابێت.  کێشەی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستان، هەر وەک کێشەی هەموو کورد لەم سەد ساڵەدا، بریتییە لەوەی دەستە وەستانە بەرامبەر هێرشی ئاسمانی. بێ دەسەڵاتیی کورد بەرامبەر هێرشی ئاسمانی، دەکرێت وەک هۆکارێکی سەرەکی دابنرێت بۆ شکست و نەهامەتیەکانی کورد لەم سەد ساڵەدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP