دواین هەواڵ

توركیا هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا دەكات؟ مەنبەج و تەلڕەفعەت ئامانجە گەورەكەی توركیایە

‌كارزان گلی

28/11/2022

لە چەند رۆژی رابردوو، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا رۆژئاوای كوردستانیان بۆرومان كرد، لەمیدیاكانی خۆشیانەوە باس لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنێكی گەورەی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا دەكەن، بەتایبەت مەنجبەج، ئایە ئەمریكا و رووسیا رێگەدەدەن توركیا هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت؟

لە 13_11_2022، تەقینەوەیەك لە بازاڕی تەقسیم كرا، شەش كەس كوژرا و 80 ش بریندار بوون، توركیا هەرزوو پەكەكە و یەپەگەی بەئەنجامدەری تەقینەوەكە تۆمەتبار كرد، ئەگەرچی یەپەگە رەتی كردەوە كردوەیەكی تیرۆرستی لەوشێوەیەی كردبێت، بەڵام توركیا داكۆكی كرد كە یەپەگە تەقینەوەكەی كردووە، بۆیە وەزارەتی بەرگری توركیا گوتی ”چاوەڕێی تۆڵە بن.“

هەر دوای چەند رۆژێك بەفڕۆكەی جەنگی رۆژئاوای كوردستیان بۆردومان كرد، هێزێكی زۆریشی بردووەتە سەر سنوور و لە میدیاكانیشیانەوە باس لە ئەگەری ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی دەكرێت.

توركیا كەی ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی ئەنجام دەدات؟

توركیا ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری دەكات تا هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات، بەڵام چەندین بەربەستی بۆ هاتووەتە پێش و نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە بنێت، چەند رۆژێكە ئۆپەڕاسیۆنی هێناوەتەوە بەرباس، بەڵام كاتەكەی دیاری نەكردووە.

گورسەل تۆكماكئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی هەواڵگری هێزە ئاسمانییەكانی توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، دەڵێت ئەگەر مەرجەكان گونجاوبوون بۆ ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی، بەدڵنیاییەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەو دەڵێت: ”مەرجەكان هەر ئەوە نین، ئەمریكا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا پێ بكات ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی ئەنجام بدات، نەخێر دەبێت لە بەرەكانی جەنگدا سوپایەكی رێكخستن و بەتواناش ئامادە بكرێت، كاتێك ئامادەكارییەكان لەڕووی سەربازییەوە تەواو بوون، ئەوكات دەبێت بیر لە ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی بكرێتەوە.“
بەڵام جاهید ئارمەغان دیلەك، لێكۆڵەر لەسیاسەتی دەرەوە، پێیوایە ئەگەر توركیا ئۆپەڕاسیۆنێكی سنووردار ئەنجام بدات و كاتەكەی كەم بێت، ئەوكات لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناكەوێتە ژێر بەرپرسیارییەتی.

زیاتر دەڵێت: ”ئەوان ناتوانن بەرامبەر بە هێزی توركیا خۆیان بگرن و هەركات سوپا چووە ناو رۆژئاوا، ئەوان پەرت و بڵاو دەبن، چونكە لە ناوچەكە سوپای توركیا و بنكەی سوربازی توركیا بوونی هەیە، بەڵام ئەو شوێنانەی بنكەی سەربازی توركیای لێیە، لە دەرەوەی سنووری بوونی توركیا، چەكدارانی یەپەگە بوونی هەیە.“

بەهۆی ئەوەی، بە چەند رووكێتێك ناوچەی كاركەمش لە دێرەلووك كرایە ئامانج و ژن و منداڵ بوونە قوربانی و لەوەشیانە یەپەگە تۆمەتبار كرا، بۆیە دیلەك پێیوایە، ئۆپەڕاسیۆنی سنووردار هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە.

ئامانجی توركیا مەنبەجە؟

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئامانجی توركیا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی مەنبەجە، چونكە پێشتریش توركیا ویستویەتی لە مەنجەج و تەلڕفعەت ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی ئەنجام بدات، بەڵام رووسیا رێگری لێ كردووە.

حەسەن سەلیم ئۆزەرتێم، شارەزای سیاسی، پێیوایە توركیا بۆ ئەوەی یەپەگە بە تەواوی لە مەنبەج و تەلڕفعەت پاك بكاتەوە، ئامانجییەتی ئۆپەڕاسیۆن بۆ ئەو دوو ناوچەیە ئەنجام بدات و پێشتریش توركیا دەیگوت بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر دەچمە ناو مەنبەج.

مەنبەج لە 2018_ەوە لەژێر حاكمییەتی رووسیا و ئەمریكادایە، یەپەگەش كە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوێ نەكشاوەتەوە و پێگەیەكی گەورەی هەیە.
ئەگەر بڕوانینە لێدوانی سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا، لەكاتی ئاشكراكردنی ئەنجامدەری تەقینەوەی شەقامی ئیستیقلال لە تەقسیم، گوتی پلانەكە لە مەنبەج داڕێژراوە، باسی لەوەش كرد تۆڵە دەكەنەوە.

ئایە ئەمریكا و رووسیا رێگە دەدەن توركیا ئەو ئۆپەڕاسیۆنە ئەنجام بدات؟

توركیا تاوەكوو ئێستا تەنیا لەرێگەی ئاسمانەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەپەگەی بۆردومان كردووە، بۆ ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی ئەمریكا و رووسیا رێگەیان نەداوە.
توركیا بەردەوام ئەمریكا تۆمەتبار دەكات، بەوەی هاوكاری سەربازی پێشكەش بە یەپەگە دەكات، ئەمریكاش بەردەوامە لە هاوكاری یەپەگە و وەكوو باڵێكی سەربازی پەكەكە نایبینێت لە سووریا، بەڵام توركیا یەپەگە لەگەڵ پەكەكە جیای ناكەتەوە.

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكی كرد، كە ئاگاداری خۆیان بن، چونكە توركیا ئۆپەڕاسیۆن بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدات، هەردوای ئەوە، چەند سیناتۆرێكی ئەمریكی هاتنە دەنگ و دژی توركیا قسەیان كرد.

بەگوێرەی بۆچوونی تۆكماكئۆغڵو، ئەگەر توركیا هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجام بدات، ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك فڕۆكەی جەنگی F16 رادەستی توركیا ناكات، كە ماوەیەكی زۆرە توركیا ئەو داوایەی لە ئەمریكا هەیە.

ئەو دەڵێت: ”لەكۆبوونەوەی سوچێ، ڤلادمیر پوتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان كۆبوونەوە، لەوێ باس لەوە كراوە كە حاكمییەتی ئەمریكا لە سووریا كەم بكەنەوە یان لاوازی بكەن، بەڵام ئەمە كارێك نییە بەئاسانی ئەنجام بدرێت، ئەمە كاری گەورەی دەوێت.“

بەڵام ئەوەی گرنگە، تاوەكوو ئێستا رووسیاش كڵۆپی سەوزی بۆ توركیا پێنەكردووە تا ئۆپەڕاسیۆنێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، چونكە ئاسمانی مەنبەج و تەلڕفعەت لەدەستی رووسیایە، ئەگەر رووسیا ئاسمان نەكاتەوە، ئەركی توركیا قورس دەبێت.

بەگوێرەی رێككەوتنی ئەدەنا لەنێوان توركیا و سووریا، توركیا بەبێ ئەوەی پرس بە رووسیاش بكات دەتوانێت ئاسمانی سووریا بەكاربهێنێت و بە فڕۆكەی جەنگی لە یەپەگە بدات، بەڵام نابێت ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی ئەنجام بدات، ئەمەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی شارەزایان سیاساتی نێودەوڵەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP