دواین هەواڵ

ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان لەبەردەم پرسیاری ئەخلاقی بەکارھێنانی زماندا

‌ئەبوبەكر كاروانی

27/11/2022

دوای ئەوەی ماوەیەك لەمەو ێش لەسەر ێشەکانی بەشێك لە ناوەندییە ڕۆشنبرییە کوردییەکەمان بەرامبەر ئیسلام و ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان وەستاین و نوسیمان، قەولمان دابوو قسەیەکیش لەمەڕ کێشەی بەشێك لەم ناوەندی دوایش بکەین. لەم ڕووەوە ئەوەی ھەستی پێدەکرێت ماوەیەکە، کێشەی زمان و دەربڕین لەناو،بەشێك لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستاندا، بۆتە جێی پێناخۆشبوون و سەرنجی چاودێرانی دڵسۆز و پەرۆشی خودی ناوەندەکەو دەرەوەی ئەویش. بەحوکمی ئەوەی زمانی بەشێك لەم ناوەندە، تێکەڵ بە شێوازێك لە سوکایەتی و زبری بووە، کە ئەوەش بەخودی پێوەرە ئیسلامی و ئەخلاقییەکان کارێکی بێپاساو و ناپێویست و خراپە چونکە دژایەتی لەگەڵ پێوەرە ئیسلامییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەری فیکری ھەیەو بەرژەوەندی دوور مەودای ئیسلام و تەوژمی ئیسلامی و ناوەندە دینییە کوردستانییەکەو کۆمەڵیش، نەك ھەر دەستەبەر ناکات، بەڵکو زیانیشی لێدەدات کە دواتر ھەندێ ڕوونی دەکەینەوە.

ھەڵبەت ئەم زمانە کە ھەندێ جارو لای بەشێ لە ناوەندەکە دادەبەزێت بۆ ئاستی جنێوی بازاڕی! تەنھا بە بازنەی بەرامبەری فیکرییەوە نەوەستاوە، بەڵکو پەڕیوەتە ناو خودی بازنە ئیسلامی و دینییەکەشەوە، ئەوەش چاوەڕوانکراوە، چونکە ئەخلاق بەش ناکرێت، یان دەبێت بۆ ھەمووان بێت یاخود سەرەنجام ھەمووان لێی بێبەش دەبن و باجی ڕەچاونەکردنی بنەماو پێوەرەکانی دەدەن. دیارە ئەم بابەتە فراوانەو بواری قسەکردنی زۆری تێدایە، بەڵام دەخوازین لێرەداو بەتایبەتیش لەو پرسانەی مۆرکێکی فیکری و ڕۆشنبیریان ھەیە، سەرنجی ناوەندی ناوبراوی سەرەوە، بۆ ئەم ناونیشان و خاڵانەی خوارەوە ڕابکێشین:

١- بایەخی جیاکردنەوەی مافی ڕەخنەگرتن لە سوکایەتی و جنێوفرۆشی، چونکە جیاکردنەوەی ئەم دووانە گرنگ و پێویستە، بەحوکمی ئەوەی مافی ڕەخنەگرتن یەکسان نییە بە مافی جنێوفرۆشی، یەکەمیان پێویستەو مافەو ،دووەمییان بەشێوەیەکی گشتی ناپێویست و ناشەرعییەو نیشانەی لاوازیشە، چونکە بە سروشتی حاڵ یەکێ متمانەی بەخۆی و بیروباوەڕەکەی بێت، توانای بەرگریلێکردنی فیکری و ئەخلاقی لێیان ھەبێت، پەنا ناباتە بەر سوکایەتی و جنێوفرۆشی. موسوڵمان و ئیسلامخوازێکیش کە ئاستی فیکری و ڕۆشنبیری توانای بەرگری لەخۆکردن و بە ھەڵە نیشاندانی فیکری بەرامبەری نییە، دەبێت ھەڵوێست و ڕەخنەکەی سنوری ئەخلاق نەبەزێنێ، لە وێنەی: وا باشە قوڵتر بیربکەنەوەو پەند لە ڕابردوو کەسانی تر وەربگرن، زۆرێ ھاتن و پێیان وابوو دەتوانن، بەڵام وا دەرنەچوو. یاخود بەشێوەی تەنز بنوسێ ھاوڕێیان بڕواتان بێت دنیا بەو جۆرە نییە ئێوە لێی تێگەیشتوون و دواتریش لۆتان دەردەکەوێت.. ھتد.

٢- پرس و مەسەلە فیکرییەکان ھەرچیبن، پێویستیان بە لێتێگەیشتن، شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندن و ڕەخنەلێگرتنی فیکری و زانستی و گفتوگۆی فیکری لەگەڵ بەرامبەر ھەیە، نەك یەکتر بە نەفرەتکردن و جنێوباران و داباراندنی ڕقی کوێرانە. بۆیە ئەو فیکرانەش یاخود بەشێ لەوان ھاووێنەی جێندەر،کە ناوەندە دینییەکە پێی وایە پێداویستی کۆمەڵگەی ئێمە نین و لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشە کێشەی دی دەخوڵقێنێت، ئەسڵ وایە لەلایەن شارەزاکانی ئەو بوارەی سەر بە ناوەندەکە، قسەیان لەسەر بکرێت، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی خرایەڕوو، کە بۆ ئەم بیرۆکەو تەرحە بە ھەڵەو مەترسی دەزانن و مەترسییەکانی بۆسەر تاك و کۆمەڵگە لە چیدایەو بۆ دەبێت بەرھەڵستی بکەین، ئەوانی دی ناوەندە دینییەکە پشتیوانیان لێبکەن. چونکە وەڵامدانەوەی فیکرو تەرح با ھەڵەش بێت، بە شێوازی نافیکری و سوکایەتی، گەر سودێکی وەھمی و کاتیشی ھەبێت، نەك ھەر توانای بەرپێگرتنی دوور مەوداو تا سەری تەوژمی فیکریی نییە، بەڵکو دوایی ئەم شێوازە لە بەرگری و ڕەتکردنەوەش دەکرێت بە بەڵگەیەکی تری ھەوڵی سەلماندنی و ئاماژەیەکی لاوازیی ئاستی فیکریی ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە.

٣- ئەم شێوازە ئەگەر سەرکەوتووش بێت لە دەمکوتکردن و بێدەنگردنی کاتیی ھەندێ لە ھەڵگرانی فیکری بەرامبەر، لە ناوەرۆکدا ھەڵگری شکستێکی ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەیە، چونکە ھەموو کات دۆڕانی ئەو واتای سەرکەوتن و بردنەوەی تۆ ناگەیەنێت و تۆش بە شێوازێکی تر دۆڕاوی. بۆ نموونە، موجاھیدینی ئەفغانستان لە بەرامبەر دووەم زلھێزی جیھانی ئەو کاتەدا سەرکەوتن، کەچی دوای سەرکەوتنە سەربازییەکە، نەیانتوانی بەدیلێکی باش و دڵخوازی گەلەکەیان بێننەدی و چوونە ناو شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەرەوە، بەوەش شکستێکی گەورەی ئەخلاقییان خوارد.

ئەگەر ئیستیفزازی بەرامبەر بووە ھۆی ئەوەی تۆ بنەما ئەخلاقییەکانی خۆت لەبیربچێتەوەو ڕەچاویان نەکەیت، دۆڕانەکەی تۆ قورستر دەبێت، لەبەرئەوەی پاکی ئامانج ئەگەر واش دابنێین ئامانجەکە جوان دەستنیشانکراوە، لە بواری فیکری و ڕۆشنبیریدا، ڕەوایی بە ئامرازە ناڕەواکان نادات. ئامرازێ لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناڕەوا بوو، بۆ ھەمووان وەك یەك ناڕەوایە (لەگەڵ ڕیزپەڕێك کە پەیوەندی بە دۆخی زۆرلێکراویی و چەوسانەوە ھەیە ئەویش بە مەرجی خۆ).

بە کورتی ناکرێت بە ناوی بەرگریکردن لە ئەخلاق بە جۆرێکی تر قوربانی بەئەخلاق بدرێت. ھیچ بردنەوەی ململانێیەکیش بۆ ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە بە سەرکەوتن لە قەڵەم نادرێت، ئەگەر سەرکەوتنەکە ئەخلاقی نەبێت. بۆیە دەبێت شێوازی ناوەندەکە لەگەڵ ناوەرۆکی بانگەشەکەی گونجاو بێت، کەبەرگریکردنە لە ئەخلاق و بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئەخلاقیی ناو کۆمەڵدا، بۆئەوەی ئەم بانگەشەش مسداقییەتی ھەبێت دەبێت، بازنەی ئەخلاق لە ھەندێ بازنەی بەرتەسکی ئەخلاقی جنسیدا قەتیس نەدرێت و لە بازنە فراوانە ئیسلامی و ئینسانییەکەدا وێنای بکرێت، کە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ جیاواز و بەرامبەری دینی و فیکری و نەتەوەیی و مەزھەبی و بەشێکی گرنگی پێکدەھێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP