دواین هەواڵ

سەرۆک لە بەغدا بینایی سیاسیی دروست دەکات

‌تەنیا کوردی

27/11/2022

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا دەیەوێ ئەو رێڕەوەی سیاسەت بگۆڕێ کە بەهۆی تەمومژێکی سیاسی لە هەورێکی نیشتووی گرژی ناوچەکەدا لە کەشوهەوای توندوتیژی ئیقلیمی خەریکە هەڵمی ناوچەکە ئەگەر بە نەخشەرێگایەک چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە و تێنەپەرێندرێت، ئەوا بەشێوەیەک لە شێوەکان یەخەی دەستکەوت و ئەزموونی ئێمەیش لە هەرێم بگرێت و جەوی سیاسی بخاتە کەشێکی نابینا و فەوزایی لێ بکەوێتەوە.

چاوەکان دەبێ لەنێو تەمومژی سیاسی بەشی ئەوەندە مەودای بینینی هەبێ کە ناوچەکە لە بەردەم هەڕەشەیەکی جیددی دایە، چانسێکی گەورەیە کە ئەوانەی بنیانتەری ئەم ئەزمونەی کوردستانن لە رابەرایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی و هاورێگاکانی کە دەسکەوتەکانی نەخش کردوون و پارێزگاری لەم ئەزموونەی کردووە، لە کاراکتەرێکی دیپلۆماسی بەهێز وەک نێچیرڤان بارزانی کە دەتوانێ هەمیشە ئەم تەمومژە سیاسییە نەهێڵی کە ئەزموونەکەمان بخرێتە نێو قەیرانێکی دەستکردی ناوچەکە، چانسێکی بەهێزە هەر کاتێک مەودای بینینی پێشهاتەکان کەمدەبێتەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە نێو قوڵایی ستراتیژیەتی ناوچەکە جیوگرافیایەک هەڵدەبژێرێ و لەوێدا بە سیاسەتێکی ژیرانە ناهێڵی ئەم ئەزموونە لەباربچێ و، بینایی سیاسی دروستدەکات و لەو ئامانجەی بۆی دەچێ دەیپێکێ و گەشبینی دەخاتەوە دڵێ جەماوەر و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی هەرێم دەکات، ئەمە رێگا دروستکەی سیاسەتە کە دەبێ لە دەوریدا بۆ بەهیزکردنی ئەم بینایی سیاسییە پشتگیر و هاوڕێگە بین.

ئێرە عێراقە، ئەگەر سەروەری و هەموو شتێک لە عێراق لە ئاستی خۆی نەبێ، بەڵام بۆ هەرێم دەرگەی یەکەمە کە لەوێوە هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە، چونکە لە عێراق ئەگەر هێزی دەوڵەتیش لاوازە، بەڵام بە تێگەیشتن لە شەرعیەتی هەرێم کە هەیەتی، دەتوانرێ لەوێوە ئەم تەمومژەی کە لە جیوگرافیای ناوچەکە هەیە، رابماڵدرێ.

ئەوە کاک نێچیرڤان بارزانی یە کە هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێم ریسک دەکات و دەچێتە قوڵایی ئەو جیوگرافیایەی کە هەمیشە پێویستە بەرپرسیارێتی هەڵگرێ و لە خەمی هەموواندا وێنەی گەورەی رووداوەکان بپشکنێ و دوایی بە هاوکێشەیەکی ورد شیکاری بۆ دابنێ.

گوناحێکی سیاسی گەورەیە کە هێزە سیاسییەکان لەو تەوقیتە لە شەڕی یەکتردابن لە کاتێکدا ئەم شەڕە سیاسییە بینایی کەمدەکاتەوە بۆ پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان.
ئێستا کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم تەمومژەدا بینایی سیاسیی دروستدەکات، باشترین چانس بۆ هەمووان لەوەدایە کە پشتی بگرن، چونکە گەشەی هەرێمە کە دواجار لە بەرژەوەندی خەڵک و دەسکەوت و دوارۆژی کوردستانە لە ناوچەکە، نەوەک لێکەوتی شەڕێکی سیاسی کە ئەگەر بە ئاگایی لێی نەڕوانین، رەنگە بۆ داهاتوومان هەر زیانێک لەم ئەزموونە قەرەبووکردنەوەی چەندین ساڵی بوێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP