دواین هەواڵ

ترسی تورکيا لە ڕووداوەکانی ئێران و رۆژهەڵات

‌رەنج نەوزاد

24/11/2022

گەورەترين ترسی تورکيا ئەوەیە کە ئاخوندەکانی ئێران بروخێن و، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، قەوارەیەکی کوردی درووست ببێت.

درووستبوونی هەر قەوارەیەکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە باکووری کوردستان لە سێ لاوە دەور دەدرێت بە قەوارەی کوردی. ئەمەش واتە هەوڵدان بۆ درووستکردنی قەوارەیەکی کوردی لە باکووری کوردستان، تەنیا مەسەلەی کاتە (هەر چەن بە هۆی پێگەی تورکيا لە ناتۆ و لە رۆژئاوا، باکور دەرەفەتەکانی کەمترە).

درووستبوونی قەوارەیەکی کوردی لە باکوور و لەناو تورکيا، جياوازترە لە قەوارە کوردييەکانی پارچەکانی تر. چونکە کورد لە سێ وڵاتەکەی تر، کەمينەن. لە عيراق کورد ڕاستە نەتەوەی دووەمە لە ڕووی ژمارەوە، بەڵام بە براورد بە ژمارەی عەرەب، قەبارەیەکی بچووکە. لە سوورياش کورد کەمينەیە، لە ئێران سێهەم نەتەوەیە. بەڵام ئەم هاوکێشەیە لە تورکيا جياوازە، لە تورکيا کورد کەمينەیەک نييە هاوشێوەی کورد لە سێ وڵاتەکەی تر. دەتوانرێت بوترێت تورکيا لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکهاتووه؛ تورک و کورد. ئەگەر قەبارەی کورد، وەک تورک نەبێت، ئەوا جياوازييەکەی کەمە. 

هەر وەها ژمارەی گەشەکردنی دانيشتووان لە ناو کوردەکانی تورکيا و باکور، زیاترە لە هی تورک. ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە ئايندەدا، ژمارەی کورد لە تورکيا، یەکسان بێت لەگەڵ ژمارەی تورک و تەنانەت زیاتريش بێت. جگە لەوەی کورد لە تورکيا لە ڕووی ڕووبەر و دابەشبوونيان لە شارەکاندا، جياوازە لە هی سێ وڵاتەکەی تر، بۆ نموونە زۆرينەی کورد تەنيا لە باکووری کوردستان کۆنەبوونەتەوە، ئەستەنبول یەکەم شاری جيهانە لە ژمارەی کورد.

گەيشتنی ئەو هۆشيارييە نەتەوەییەیی، یاخود ئەو هەل و دەرەفەتانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بۆ ناو باکوری کوردستان و تورکيا، تورکيا دەخاتە دۆخێکی شەڕی ناوخۆ، کە زۆر ئەستەمە کۆنتڕۆڵ بکرێت و دەکرێت ببێتە مایەیی وێرانبوونی تورکيا وەک دەوڵەت. ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو شۆڕشە کوردييە کۆنتڕۆڵ بکات بە ڕێگای سەربازی و لەماوەی چەند مانگێک، ئەوا تورکيا، لە دۆخێکی وادا، بە چەندين ساڵيش ئەگەر هەیە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات. لەبەر ئەوە، تورکيا هەميشە کورد وەک گەورەترين هەڕەشە بۆ سەر بوونی خۆی دەبينێت.

ئەمە هۆکاری سەرەکييە کە لە ئێستادا تورکيا و ئێران، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەر چۆنێک بێت رۆژهەڵاتی کوردستان بخنکێنن، رۆژئاوا بسڕنەوە، هەرێمی کوردستانيش تا ئەوپەڕی لاوازی، لاوازی بکەن. بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووسياش بە تەواوی لە بەرەی تورکيا و ئێرانە و ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵيان.عيراق و سوورياش بە تەواوی پشتگيری ئەو پڕۆژەیە دەکەن.

وا ديارە ئەو دەوڵەتە داگيرکەرانە و سيستەمی جيهانی، دوای زیاد لە سەد ساڵيش نەگەيشتوون بەو باوەڕەی کە دۆزی کورد بە چەک و سەرباز و سەرکوتکردن و سڕينەوە وەڵام نادرێتەوە. ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەدات، سەد بارە سەلماندنی ئەوەیە کە ئەو مودێلە بۆ وەڵامدانەوەی دۆزی کورد، هەڵەیە و شکستی هێناوە و زیانی گەورەی هەیە، نەک تەنيا بۆ کورد، بەڵکو بو نەتەوە داگيرکەرەکانی تريش. سەد ساڵە ئەم دەوڵەتە داگيرکەرانە لە دۆخی جەنگن بە هۆی ئينکارکردنی دۆزی کورد، وا ديارە بە نيازن سەد ساڵی تريش لەو دۆخی جەنگە بمێننەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP