دواین هەواڵ

پرسی ناوچەی دژە فڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

‌رەنج نەوزاد

23/11/2022

جێبەجێکردن و سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لەسەر هەر وڵاتێک بە دوو ڕێگا دەکرێت. یەکەم؛ بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی کە ئەنجومەنی ئاسایش پێویستە زۆرینەی دەنگی لەسەر بدات و هیچ ئەندامێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە ڤیتۆ لە دژی بەکارنەهێنێت. بۆ نموونە ئەمە لە لیبیا جێبەجێکرا.

دووەم؛ دەوڵەتێک یا چەند دەوڵەتێک بڕیاری سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین دەدەن لەسەر وڵاتێکی تر. وەک بڕیاری سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی کوردستان دژ بە عیراق لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا.

درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێگای یەکەم، نیمچە مەحاڵە، چونکە چین و ڕووسیا ڤیتۆی لە دژ بەکاردەهێنن. ڕێگای دووەم کە تا ڕادەیەک ئەگەرێکی هەیە، ئەویش سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە لایەن ئەمریکاوە یان لە لایەن چەند دەوڵەتێکەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا. ئەمەشیان لە ئێستادا زۆر ئەستەمە. لەبەر چەند هۆکارێک:

١. تا ئێستاش لە رۆژهەڵاتی کوردستان کارەساتێکی مرۆیی ڕووینەداوە هاوشێوە کۆڕەوەکەی ٩١ی باشووری کوردستان.

٢. تا ئێستا فڕۆکە و هێزی ئاسمانی ئامرازی سەرەکی ئێران نییە بۆ پەلاماردانی ڕۆژهەڵات.

٣. سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە ئێران، واتە بڕیاردانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی ئەگەری جەنگ دژ بە ئێران. چونکە ئەو کات ئێران هەر فڕۆکەیەک بنێرێتە ئەو ناوچەیە ئەمریکا دەیکاتە ئامانج، هەر وەها بە بەردەوامی فڕۆکەی ئەمریکا دەبێت بەو ناوچەیەدا هاتوچۆ بکات، ئەگەر ئێران فڕۆکەیەکی ئەمریکا بکاتە ئامانج ئەوەش واتە ئەگەری جەنگ.

تا ئێستا ئەمریکا نایەوێت جەنگ بەرپا بکات لە ئێران.

بە گشتی ناوچەی دژە فڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندی بە دوو پرسەوە هەیە؛ ویست و سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، هەر وەها قەبارە و ماوەی ئەو شەڕەی ئێران کە دژ بە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە. تا ئەمرۆ هیچ کام لەو دوو مەرجە ئامادە نین. بۆیە چاوەڕوانی ئەو بڕیارە کارێکی هەڵەیە، پێویستە قەبارە و چۆنیەتی و ماوەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت.

ئایا ئەمریکا ئەگەر بیەوێت ئاسانە ناوچەی دژە فڕین بسەپێنێت بەسەر ئێراندا؟ لە ڕووی کردەییەوە ئاسانە، چونکە ئاسانی و قوورسی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە پشت بە هێزی ئاسمانی هەردوو دەوڵەت دەبەستێت، واتە ئێران و ئەمریکا. هێزی ئاسمانی ئەمریکا نەک بەهێزترە لە هی ئێران، بەڵکو مایەیی براوردکردن نین.

ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەیەکی کورت، بەشێوەیەکی زۆر تۆکمە، ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست بکات. بەڵام جارێ دۆخەکە ئامادە نییە بۆ ئەو بڕیارە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP