دواین هەواڵ

چەن هاوکێشەیەکی ئاڵۆز لە دۆزی کورد

‌رەنج نەوزاد

20/11/2022

١. پرسی سەربەخۆیی و شوناسی کورد: لەم شۆڕشەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکانێکی زۆر هەن داوا دەکەن کە ڕۆژهەڵات لەم کاتەدا نابێت درووشمێک بەکاربێنن یا ڕەفتارێک بکەن کە پێشانی بدات سەربەخۆییان دەوێت.

ئەمەش لەبەر ئەوەی فارس و ئازەرەکان نەکشێنەوە لە شۆڕشەکە. ئەم داواکارييە، لە ڕوویەکەوە لۆژيکيە، بەڵام ڕووکەشانەیە.
دەرکەوتن و ناسينی شووناسی مرۆڤێک یا گروپێک، بە گشتی، دوو ڕەهەندی هەیە. ڕەهەندێک کەسەکە یا گروپەکە چۆن دەڕوانێتە خۆی، هەر وەها ئەوانی تر چۆن دەڕواننە ئەو مرۆڤە یا ئەو گروپە. گريمان ئەگەر هەموو کوردی جيهان ريفراندۆمێک بکەن و سەد لەسەدیان دەنگ دژی سەربەخۆیی کوردستان بدەن، ئەوا تورک و فارس و عەرەبی عيراق و سووريا هەر وەک جوداخواز سەيری هەموو ڕەفتار و جوڵەیەکی کورد دەکەن.

ئەم تێڕوانينەی ئەوان بۆ کورد، بەشێکی گرنگی شووناسی کوردە لەپەيوەنديدا بە پرسی سەربەخۆیی. تێڕوانينی ئەوان لەبەر ئەوەی تێڕوانينی دەوڵەتە، سياسەت و دەسەڵات و ئابووری و یاسای لە پشتە، دەکرێت زاڵتر بێت لەو تێڕوانينەی کە کورد بۆ خودی خۆی هەیەتی، دەکرێت ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە درووستکردنی شووناسی کورد.

بۆ نموونە دەسەڵاتی سياسی لە رۆژئاڤای کوردستان، هەميشە هەوڵدەدات وەک پارچەیەک لە سووريا خۆی پيشانبدات و کار بکات، هەرگيز ئاماژەیان نەداوە بە سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام تورکيا و سووريا بە ڕەهای پێيانوایە رۆژئاڤا دەيەوێت سەربەخۆیی ڕابگەيەنێت.

ئەم تێڕوانينە دۆخێکی درووست کردوە کە کورد بيەوێت یا نا، ناچارە سەربەخۆيخواز بێت. سەربەخۆيخوازی بووە بە بەشێک لە بوون و شووناس مرۆڤی کورد.

ئەم تێڕوانينەی داگيرکەران بۆ کورد هۆکاری زۆرە، گرنگترينيان: ١. ئەو چوار دەوڵەتە، بە حکومەت و خەڵکەکەیەوە، سوور دەزانن کوردستانيان داگير کردوە و کورد نەتەوەیەکی داگيرکراوە، داگيرکەريش هەميشە دڵنيایە لەوەی کە داگيرکراو هەوڵدەدات سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت.

٢. ئەو تێڕوانينە بۆ کورد هەميشە شەرعيەت دەداتە دەسەڵاتی ئەو چوار دەوڵەتە کە هەموو جوڵە و خەونێکی کورد لەناوبەرن بە پاساوی جوداخوازی و پارچە پارچەکردنی دەوڵەتەکەیان. چونکە ئەو پاساوە پشتگيری، یا بێ دەنگی کۆمەڵگەی فارس و تورک و عەرەبی عيراق و سووریا بەدەست دەهێنیت. بۆ نموونە بۆ پرسی دەوڵەتی کوردستان، حەديس نەجەفی و خامنەیی یەک ئەخلاق و تێڕوانين و هەڵوێستيان هەیە.

بە کورتی کورد ناچار کراوە کە دەوڵەتی نەبێت و ناچاريش کراوە هەميشە خوازياری دامەزراندنی دەوڵەت بێت. بۆیە ترس لەوەی لە شۆڕشەکەی رۆژهەڵاتی درووشمی سەربەخۆیی هەبێت یا نا، ترسێکی بێ مانایە. ئەگەر دە کۆڵبەری رۆژهەڵات کۆببنەوە و داوای باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان بکەن، ئێران هەر وەک جوداخواز دەيانناسێنیت.

٢. قەدەغەکردنی مافی بەرگری لەخۆکردن: بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ناو دەوڵەتەکان و یاسای ئاينەکان... مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بکات. کورد لەو مافە بێ بەش کراوە. سەبارەت بە یاسای نێودەوڵەتی، لە سيستەمی جيهانيدا دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، چونکە بکەرەکان دەوڵەتن. کورد لێرەدا دەوڵەت نييە، ئەو مافەی لێ سەندراوەتەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاراستنی مرۆڤی کوردی داوەتە دەست چوار جەلادی کورد، واتە پرسی بەرگری لەخۆکردنی قوربانی، دراوە بە جەلادەکە. کورد بۆی نييە چەک درووست بکات وەک دەوڵەت، مافی ئەوەشی نييە وەک دەوڵەت چەک بکڕێت.

بەڵام هەر چوار داگيرەکەی کوردستان مافی درووستکردن و کڕينی چەکيان هەیە. دەبينين درۆنی تورکيا چۆن هاوکێشەی شەڕکردنی گۆڕيوە دژ بە کورد. سيستەمی جيهانی مافی بەو چوار دەوڵەتە داوە باشترين چەکيان هەبێت دژ بە کورد، بەڵام مافی بە کورد نەداوە چەکی هەبێت تەنها بۆ بەرگری کردن لە خۆی. سەبارەت بە یاسای ناو دەوڵەتەکان، ئەوا مرۆڤی کورد بە پێی ئەو یاسایە یاخی و جوداخوازە و دەبێت سزا بدرێن و لەناوببرێن.

بە پێی یاسای ئاينەکان، ئاين لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە کۆنتڕۆڵکراوە و ئاين چەن دەقێکە و دەوڵەت دەيانکاتە کردار و مانایان پێدەدات، لەوەشدا کورد ئەو مافەی لێ سەندراوەتەوە هەر بۆیە بە ناوی سوورەتی ئەنفال و فەتح کورد دەکووژن، جيهانی ئيسلاميش بێ دەنگە یا پشتگيری لە داگيرکەرانی کوردستان دەکات.

٣. پرسی خەباتی چەکداری یا مەدەنی: لەبەر ئەوەی کورد ناوەندێکی بڕياری نييە، هەر حيزب و سياسی و نووسەر و کەسێک لەگەڵ خەباتی چەکداری بێت یا نا، تەنيا بۆچوونێکە. لایەنێک نييە بتوانێت بڕيار بدات کورد خەباتی مەدەنی بکات یا چەکداری.

بۆ نموونە ئەگەر پەکەکە بڕيار بدات خەباتی چەکداری کۆتای پێ بێت، ئەوا پەکەکە وەک گروپێک دەتوانێت کۆتای بەو شێوە خەباتە بهێنێت، لەوانەیە دوای ماوەیەک گروپێکی کوردی تر لە باکوور درووست بن و دەست بکەنەوە بە خەباتی چەکداری.

دۆخی کورد، بە هۆی مێژوو و جوگرافيا و هاوکێشە سياسيەکانەوە، هيچ لایەنێک نييە بتوانێت هەموو کورد وا لێ بکات تەنيا خەريکی خەباتی مەدەنی بن یا تەنيا هی چەکداری. کەواتە لە واقعدا هەردوو جۆرەکە هەیە و بەردەواميش دەبێت.

ئەوەی پێويستە ئەوەیە گۆڕانکاری لە هەردوو ئەو جۆرە خەباتە بکرێت. کاريگەرتر و بەهێزتر بکرێن. بە بۆچوونی من، لە هەموو بارودخێکدا کورد دەبێت هەردوو جۆرەکەی خەبات پەيرەو بکات، بەڵام خەباتی چەکداری، ئەگەر لە ڕووی کوالێتیەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، گرنگترە. دواجار بەشێکی گەورەی سياسەت بريتييە لەوەی پەيامی ئەوە بدەيتە بەرامبەرەکەت کە دەتوانی بيکووژيت، یا قەيرانی بۆ درووست بکەيت و سزای بدەيت.

ماوەی ٢-٣ ساڵە چەندين جار لەو بارەیەوە نووسيومە کە سيستەمی جيهانی بەرەو قۆناغێک دەچێت، سياسەت تيايدا زیاتر بە سەربازی دەکرێت. ئەگەر زۆرە جەنگ و قەيرانی سياسی و سەربازی ڕووبدەن. بە تايبەت لە پەيوەنديدا بە ململانێی ئەمريکا و چين، یا ئەمريکا و ڕووسيا. هاوکات ئەگەر هەیە چەندين دەوڵەت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفريقيا، بەرەو دابەشبوون بچن و دەوڵەتێ نوێ درووست ببێت.

لەم بارودۆخەی جيهاندا، زۆر پێويستە کورد، تا بکرێت چەکی زیاتر و بەهێزتری هەبێت. زۆر پێويستە کورد پڕۆژەیەکی هەبێت بۆ درووستکردنی هەندێک چەکی سادە و سەرەتای، کورد پێويستی بە درووستکردنی چەکی سەرەتای و سادەیە، چونکە تەنيا لە ناو ماڵی خۆی بەرگری دەکات، نەک هێرش بکات. کاتێک لە ناو شار و گوندەکانی خۆت بەرگری دەکەيت، دەتوانی بەچەکی سادە، ئەو دووژمنە ببەزێنيت کە چەکی پێشکەوتوو و بەهێزتری پێيە و هێرشی هێناوەتە سەرت. بۆ نموونە لەم هێرشەی ئێرانی داگيرکەر بۆ سەر مەهاباد، ئەگەر بتوانرایە چەن هەزار پاسدار و چەکدارێکی تيرۆريستی ئێرانی بتۆپێنرێن، ئيتر ئەو هێرشانە ئاوا بە ئاسانی نەدەکرا و دەزانرا باجەکەی زۆر قوورس دەبێت.

٤. پرسی گۆڕانکاری لە پێگەی کورد و لێکەوتەکانی: یەکێک لە قەيران و مەترسيەکانی سەر کورد بريتييە لەوەی کە بە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سياسیيەکان و چەندين هۆکاری ترەوە، کورد پێگەی باشتر بووە، بەڵام ئەو گەشەکردنە لە پێگەی کورد، هاوکات نييە لەگەڵ هێز و توانای کورد بۆ پاراستنی ئەو پێگەیە.

ئەو پێگەیەیی کورد لە باشوور و رۆژئاڤا، کە ئەگەر هەیە لە رۆژهەڵاتيش ڕووبدات، لای ئەو چوار داگيرکەرە واتە هەڕەشەی جدی لە ئاسايشی نەتەوەیی دەوڵەتەکانيان.

ئاسايشی نەتەوەیی هەستيارترين پرسە لای دەوڵەتان، بە تايبەت ئەگەر بزانن ئەو هەڕەشەیە لە ئاسايشی نەتەوەی، لە لایەن گروپێکەوەیە کە لە خۆیان لاوازترن. بۆ نموونە لە ئێستادا بە ڕوونی ديارە پلانێکی تورکيا و ئێران هەیە بۆ لێدان لە پێگەی کورد.

بێ گومان عيراق و سوورياش لەوەدا هاوڕا و هاوفکريانن، بەڵام لەبەر ئەوەی عيراق و سووريا سووک و ڕسوا بوونە، پرسی پەلاماردانی کورديان سپاردوە بە تورکيا و ئێران.

ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان گەيشتووەتە پێگەیەکی زۆر جياوازتر بە براورد بە دوو مانگ پێش ئێستا، بەڵام توانا و هێزی لەگەڵ دوو مانگ پێش ئێستا جياوازييەکی گەورەی نييە. مەبەست لە هێز و توانا، واتە لایەنی سەربازی و ئابووری و پشتگيری دەرەکی و هاوپەيمان... تا ڕادەیەک، هەمان دۆخ لە رۆژئاوای کوردستان و کەمتر لە باشوور هەیە، بۆ نموونە رۆژئاوای کوردستان گەيشتووەتە پێگە و دەستکەوتێکی مێژووی، بەڵام بە کشانەوەی ئەمريکا لەوێ، دەکرێت ئەو پێگەیە بکەوێتە بەردەم مەترسی لەناوچوون. زۆر پێويستە کورد بير لەوە بکاتەوە، گۆڕانکاری لە پێگە و بەدەستهێنانی دەستکەوت، چەند گرنگە، توانای پاراستنی ئەو پێگەیەش ئەوەندە گرنگە.

٥. جياوازی لە نێوان ڕووکەش و ناوەڕۆکی دۆزی کورد: بە پێی واقع و ئەوەی کە هەیە باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان داگيرکراوە، پێش سووک و ڕسوابوونی سووريا و عيراق، باشوور و رۆژئاواش لە هەمان دۆخ بوون. دۆخی کورد و کوردستان نەک تەنيا دۆخی داگيرکارييە، بەڵکو لە خەراپترين و توندترين جۆرەکانی داگيرکارييە.

بۆ نموونە کاتێک ئەمريکا، عيراق و ئەفغانستانی داگيرکرد، زمان و کولتوری ئەو دوو وڵاتەی نەگۆڕی، نەيوت عيراقی و ئەفغانيەکان، ئەمريکين و خاکيان بەشێکە لە خاکی ئەمريکا. بەڵام کورد کراوە بە تورکی و سووری و عيراقی و ئێرانی، زمانی تری بەسەردا سەپێنراوە، خاکەکەی کراوە بە خاکی ئەو چوار وڵاتە... واتە دۆخی کوردستان لە خەراپترين و توندترين جۆرەکانی داگيرکارييە.

ئەمە ناوەڕۆکی دۆزی کوردە، بەڵام کۆمەڵگەی و یاسای نێودەوڵەتی، ڕووکەشێکی تەواو جياوازی بۆ ئەو ناوەڕۆکە درووستکردوە. بۆ نموونە لە باشترين دۆخدا پرسی کورد دەکەنە پرسی نێوان حکومەتێکی ستەمکار و هاووڵاتيانی ئەو دەوڵەتە.

ئەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات، بە هيچ شێوەیەک درووست نييە بەوە وەسفبکرێت کە حکومەتێکی ستەمکار هەیە و بە توندی ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبێتەوە. ئەمە گوتاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيە لەسەر ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵات هەیە.

لە کاتێکدا ناوەڕۆکی ڕووداوەکە بريتييە لە ململانێی نێوان دەوڵەتێکی داگيرکەر و بەرخودانی نەتەوەیەکی داگيرکراو. بە هێچ شێوەیەک دۆخی کوردستان و تەنانەت بەلوچستان براورد ناکرێت بەو شۆڕش و ناڕەزایەتيەیی لە تاران و مەشهەد هەیە، لە کوردستان وبەلوچستان ململانێی نێوان هاووڵاتيان و حکومەت نييە، بەڵکو ململانێی نێوان داگيرکەر و داگيرکراوە.

هەر بەکارهێنانی دەستەواژەی گەلانی ئێران، ڕووکەشێکی فەيکە بۆ ناوەڕۆکێک کە بريتييە لە گەلانی داگيرکراو لە لایەن فارسەوە، نەک گەلانی ئێران. هەمان دۆخ لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەیە، دۆزی کورد، ناوەڕۆکێکی هەیە کە ڕووکەشێکی تەواو جياوازی بۆ درووستکراوە، ئەو ڕووکەشە فەيکەش کراوە بە هەقيقەت و یاسا و باوەڕ، تەنانەت بە خودی کورديشەوە، ئەو ڕووکەشەیان لابووە بە هەقيقەت نەک ناوەڕۆکەکە.

لێرەوەیە دۆزی کورد، تا ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکرێت و دانی پيانەنرێت، نە کورد خۆی، نە ئەو چوار دەوڵەتەش سەقامگيری بەخۆیانەوە نابينن.

دۆزی کورد ئەگەر وەڵامێکی لۆژيکی بۆ نەدرێتەوە بە پێی ناوەڕۆکی دۆزەکە، نەک ڕووکەشە فەيکەکە، هەميشە وەک بۆمبێک دەمێنێتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەموو کات ئەگەری تەقينەوەی هەیە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP