دواین هەواڵ

سندوقی قازانج با بۆ ئەم زۆنە بێت

‌تەنیا کوردی

16/11/2022

لە نێو رای گشتییدا قسەکردن لەسەر پرسی زۆنەکان لە نێوان ھێزە سیاسییەکان جیاوازە، لەم بابەتەدا پێویستە لە روانگەیەکی لۆژیکی فیدباکی ئەم پرسە وەربگرین، ناتوانین لە دەرەوەی مێژووی دروستکردنی ئەم قۆناغەو دەسکەوتی بەیەکەوە بوونمان و لە زاویەکی دیکەدا بە دیدێکی بەرتەسک، شیکاری بۆ قۆناغێکی ھەستیار بکەین.

 لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشکاوانە لە بابەت نیگەرانییەکان و ورژاندنی پرسی دوو ئیدارەیی رایگەیاند، ئەگەر دوو زۆن و دوو ئیدارەبین ئەوا سفر دەسکەوت دەبین، بۆیە دەبێ یەکگرتوو بین.

لەم ماوەیەدا کاک نێچیرڤان لە دیداری میریدا لە بابەت نیگەرانییەکانی ئەم دوایەی یەکێتی و پارتی لەسەر میکانیزمی شەراکەت لە حوکمڕانی، راشکاوانە رایگەیاند کە زۆنی کوردستان ھەیە، نە زۆنی سەوز و زەرد.

کاراکتەری ھێزە سیاسییەکان کاریگەریان لەسەر بازاڕ و گوزەرانی خەڵکی کوردستان ھەیە، ئەم قۆناغەی ئێستا وادەخوازێ کە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان سەرمایەی فکری و سیاسیان بخەنە قازانجی سندوقی لێکتێگەیشتن بۆ بەرژەوەندی  زۆنی کوردستان.

لە بازاڕی زیانی سیاسیدا دەبێ لە ئالوگۆڕی سیاسەت و ھاوسەنگی و شەڕاکەت تێبگەین، سیاسەت وەک بۆرسەی لێھاتووە دەتوانرێ قورسایی بۆ بەھایی لێکتگەیشتن دروستبکەین، ھەر ئالۆگۆڕێکی سیاسی لەم بۆرسەیەدا ئەگەر بەھای تەبایی لێ کەمکەینەوە، لە بۆرسەی ناوچەکەدا زیان دەکەین، ئێمە دەبێ بڕاندێکی بەھێزی ئاشتی و تەبایی دروستبکەین و ئەم تایبەتمەندییە نێوخۆییە ھەناردەی ناوچەکە بکەین، نەوەک پێمان وابێ کە شەڕ بڕاندێکە و پێویستە ھاوردەی بکەین.

-جیھان لە قەیرانی جەنگێکی نوێی ئابووری دایە و، وڵاتانێک بەبێ پرۆگرام کەوتنە نێو سەبەتی زیان، ئێمە دەبێ لۆژیکی بین و لە سەبەتەی زیاندا دەرچین.

-لەگەڵ بەغدا گەیشتووین بە کارنامەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر ھەندێ پرسی ستراتیژی، لەم سەبەتەدا دەتوانین بە سەقامگیری ھەرێمەوە دەسکەوتەکان زیاتر بکەین.

-ئێران دۆخێکی تایبەتی ھەیە و خەلیج بە قۆناغێکی نوێ ھاتووەتە مەیدانی کارکردنی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئەورووپا تموحی ھەیە تورکیا ھەیەتی، بۆیە ناکرێ لە پرسی وزە ئێمە لە بەھای قورسایی ئابووریمان کەمکەینەوە، دەبێ لە ڕووی ھەندەسەی ئابووری ئەم پرسە بە کۆدەنگی بۆ بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان بیخەینە قازانجی زۆنی کوردستان.

-وڵاتانی زلھێز ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنیان لە ئێمە دەوێ، ئەی ئێمە چیمان لە یەکتر بوێ؟ لەم قۆناغەدا پێویستە نیگەرانییەکان بە جیدی دیراسە بکرێن و سەرجەم پێشھاتەکان لەم سندوقەی قازانج بۆ ھەرێم و خەڵکی کوردستان سەیربکرێ، لە زۆنی کوردستاندا پارتی و یەکێتی بەدوای رێککەوتنێکی نوێی سیاسی بگەڕێن.

لە بەلاغی کۆتایی کۆنگرەی پارتی دەرگای دیالۆگ کرایەوە، دوێنێ شەو کاک بافل بەیانی دیالۆگی کرد،  ئێستاش بۆ یەکێتی و پارتی گەڕانەوە بۆ دیالۆگێکی راشکاوانە کە رێککەوتنێکی ھاوسەنگی لێبکەوێتەوە لە قازانجی ئەم سندوقە دەبێ کە سەرمایەی سیاسی بۆ بەھێزکردنی پێگەی قەوارەی ھەرێم بێت، پێویستە لەم سندوقەدا وەبەرھێنان لە ئاشتی بکرێ، نەوەک لە ئاشتیدا سندوقی زیان بکرێتەوە کە دواجار بۆ بەرژەوەندی پێگەی ھەرێم کارێکی باش نابێت، بۆیە گرینگە لە سایکۆلۆژیەتێکی ئارامەوە سەیری پێشھاتەکان بکەین و، بۆ قازانجی خەڵکی کوردستان دیالۆگێکی نیشتمانی کراوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان ساز بدەین.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP