دواین هەواڵ

نەفەسی نێچیرڤانی

‌ئاریان فەرەج

05/11/2022

دوور لە پێداهەڵگوتن و مەدح و سەنای ناموجەب، قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە (کۆڕبەندی مێری)لە هەولێر و ووتارەکەی بە سیفەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی لە کۆنگرەی پارتی کە هەردووکیان پڕ بوون لە نەفەسی تەباییخوازی و لێبوردەیی، نەخشەڕێی چارەسەرن بۆ ناکۆکییەکانی ناو هەرێم و هەرێم لەگەڵ بەغدا.

روانگەی سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی، زادەی پەرۆشییە بۆ ئایندەی ووڵات، بەرمەبنای باوەڕێکی پتەوە بە هاوچارەنووسیی هێزە کوردستانییەکان، تێگەیشتنی قوڵە لە پرنسیپی شەریکایەتی لەسەر هەردوو ئاستی کوردستان و عێراق، هەڵقوڵاوی کولتوری پارتەکەیەتی، ئەو پارتەی هەمیشە بەر لە خۆی، پەرۆشی کوردستانە، هەردەم سەرکەوتنی خۆی لە سەرخستنی کوردستان و ئاسودەیی گەلەکەیدا بینیوە و دەبینێ.

نەفەسی نێچیرڤانی، نەفەسی ژیاندۆستی و ئایندەبینی و نیشتمانسازییە، تێپەڕێنەری حزبایەتیی تەسک و کۆکردنەوەی هەموانە لە دەوری کوردستانخوازی و پاراستنی ئەو نیشتمانەی جێی هەموومانی تێدا دەبێتەوە.

ئەو روانگە سازندەیە، دەبێ دەستی پێوە بگیرێت و ئومێدی لەسەر هەڵچنرێ. 

تەجرەبە سەلماندی کە تەنها  روانگەی میانڕەو و چارەسەرخواز بە کەڵکی میلەتەکەمان دێت، ئەو میللەتەی بێزار و ماندووە بە دەست ململانێی ناوخۆیی بێ کۆتایی و رەنج بەبادەر. 

لەسەر ئاستی عێراقیش هەر بەو نەفەسە چارەسخوازە دەتوانین بگەینە لێکگەیشتنێک کە عێراق لە سەرچاوەی هەڕەشە و نانبڕین و مەینەتەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هێز و پاڵپشتی و سەروەری بۆ کوردستان.

تاکە رێگەی راست ئەوەیە بە جەسارەتی نێچیرڤانئاسا هەموومان : پارتی و یەکێتی، هەرێم و بەغدا، دان بەهەڵەکانماندا بنێین و دەست لەم یەکتر بە شەیتان کردنە هەڵگرین، لەسەر بنەمای یەکتر خوێندنەوە و حساب بۆ یەکترکردن سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکەینەوە..

دەبێ ئیعتراف بکەین کە نەک هەر گەلی عێراق، بەڵکو گەلی کوردستانیش شایانی ژیانێکی باشتری پڕ دڵنیایی و دوور لە دڵەڕاوکێیە، ئەوەش بە لێکگەیشتن، بۆ یەکتر داشکاندن، لەیەکتر قبوڵکردن نەبێت، نایەتەدی..

دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین کە حەق و حەقیقەتی موتڵەق لای کەسمان نییە، حەقیقەت ئاوێنەیەکی چەندپارچەیە و هەرپارچەیەی لای لایەکمانە.

هیوادارم کۆنگرەی پارتی بە پشتیوانییەکی پتەو لەو روانگەیە، سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی بێنێ.

هیوادارم پەیامی کۆتایی کۆنگرە بانگەوازی کۆتاییهێنان بە ناتەبایی و بارگرژی ناوخۆیی لە خۆ بگرێت و لەو روانگە میانڕەوەوە سەرچاوە بگرێ کە لە  مێژوو و ناسنامە و بەرنامەی پارتییەوە هەڵقوڵاوە. 

سەرکەوتن  بۆ کۆنگرەی چواردەی پارتیمان
تەمەندرێژی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی 
هیوای سەرفرازی بۆ سەرکردایەتیی نوێ


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP