دواین هەواڵ

چەقۆکانی سەر ملی سوودانی

‌عادل باخه‌وان

01/11/2022

لە کۆتاییدا کەشتییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەناری دەریای بەجێهێشت و محەممەد شیاع سوودانی، ساڵێک پاش هەڵبژاردن، حکومەتەکەی پێکهێنا و برووسکە یەک لەدوای یەکەکانی پایتەختە جیهانییەکان، هەر لە واشنتنەوە تا دەگاتە برۆکسل، هەر لە قاهیرەوە تا دەگاتە ریبات، وەک بارانی رەحمەت بەسەر سوودانیدا بارین.

ئەم حکومەتە بارکراوە لە سەدان ئومێد و چاوەڕوانی و خەونی نزیک لە موستەحیلەوە، بەڕادەیەک کە بەدینەهێنانی هەر یەکێکیان دەکرێت چەندین کاتیگۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی تووشی جۆرێک لە شۆک بکات. سەرکردەکانی بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بەرپرسیارییەتییەکی گەورەیان بەردەکەوێت لە دروستکردنی ئەم هەموو وەهمانەدا: وەهمی چاکسازی، وەهمی بیناکردنەوە، وەهمی هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەهمی دادی کۆمەڵایەتی، وەهمی ململانێ لەگەڵ گەندەڵیدا، وەهمی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەهمی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان، وەهمی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و سەدان وەهمی دیکە، بەڵام خراپترین وەهمێک کە بۆ عێراقییەکان و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دروستکرابێت، بریتییە لە تۆکمەیی و بەهێزی و سەقامگیریی و ئاسایشی حکومەتە نوێیەکەی سوودانی؛ لەکاتێکدا بەلای کەمەوە شەش چەقۆی تیژ لەسەر ملی ئەم حکومەتەیە و هەر یەکێکیان دەتوانن بەئاسانی سەری ببڕن.

چەقۆی مالیکی

بەدرێژایی ساڵی رابردوو، لەکۆی هەموو یارییەکان، هەر لە هەڵبژاردنەوە تاوەکو پێکهێنانی حکومەتەکەی سوودانی، ئەگەر بڕیاربێت سەرکەوتووترین و براوەترین ئەکتەری سیاسی دەستنیشان بکەین، بەدڵنیاییەوە ئەو ئەکتەرە نووری مالیکییە کە گۆڵی لە هەمووان کردووە و زۆر بەدەگمەن هێشتوویەتی گۆڵی لێ بکرێت. ئەمە وادەکات کە لێرە بەدواوە مالیکی پێگەیەکی تایبەتی هەبێت و بە چەندین رێگە خواست و پڕۆژە و بڕیارەکانی خۆی بەسەر حکومەتەکەی سوودانیدا فەرز بکات. بەهێزبوونی مالیکی چەندین ئەکتەر رووبەڕووی پرسیاری جیددی دەکاتەوە، بە ئێرانیشەوە کە هەمیشە بە گومانەوە لە بەهێزبوونی هەر ئەکتەرێک لە عێراقدا دەڕوانێت.

ئایا سوودانییەک بە سێ کورسیی پەرلەمانەوە، بە حیزبێکی لاوازی بێ مێژووەوە، دەتوانێت لە بەرامبەر مالیکییەکی بەهێزدا بڵێ نەخێر؟ یان بە گوزارشتێکی دیکە، تاوەکو کوێ دەتوانێت بە مالیکی بڵێت نەخێر، بەبێ ئەوەی چەقۆکەی پەنا بۆ سەربڕینی ببات؟ من پێموایە تەنیا لە سنوورێکی تەسکدا و بەس!

چەقۆی سەدر

با ئێمە لەو سەرەتایەوە دەستپێبکەین کە جەماوەری سەدر بریتی نین لە جەماوەرێکی گەڕاو بەدوای مووچە، دامەزراندن و کارەبا و ئاوی پاک و خانوودا. راستە هەموو ئەمانە گرنگن و بایەخی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەش راستە کە پێش هەموو ئەمانە، جەماوەری سەدر لە دەوری عەقیدەیەک کۆبوونەتەوە کە دڵە زیندووەکەی بریتییە لە تەقدیسکردنی خودی موقتەدا سەدر. 

سەدر و جەماوەرەکەی بریندارن، بەڵام لە ئێستا و ئێرەدا بێدەنگن، وەک ئەوەی بیانەوێ شانسێک بە سوودانی و حکومەتەکەی بدەن. سەرکردەیەکی گەورەی عێراقی پێی گوتم کە دوێنێ شەو شاندێکی گەورەی سەدری سەردانیان کردووە و پێیان گوتووە: چاوەڕوانی ئەوەین بزانین سوودانی بەڵێنەکەی دەباتە سەر و هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێکدا رێکدەخات یان نا. ئەوەی من تێگەیشتم لەو بەرپرسە عێراقییە ئەمەی خوارەوەیە: یان هەڵبژاردنی پێشوەختە یان سەدرییەکان عێراق دەکەن بە دۆزەخی حکومەتەکەی سوودانی!

چەقۆی تشرین

هەر قسەکردنێک لەسەر کێڵگەی سیاسیی عێراقی، بەبێ قسەکردن لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایی تشرین مانای نییە. لە 2019ـەوە، ئیدی بزووتنەوەی ناڕەزایی یەکێکە لەو ئەکتەرە بەهێزانەی کە کارایی خۆی و ئەجێندای خۆی و ئامادەیی خۆی هەیە. کۆی ئەو هۆکارانەی کە سێ ساڵ لەمەوبەر تشرینیان دروستکرد، نەک هەر لێرەن، بەڵکو بەهێزتربوون. تائێستاش، بۆنی خوێنی شەهیدانی تشرین لە شەقامەکانەوە هەموو کەسێک کاس دەکات، سیاسییەکان نەبێت. راستە ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستا و ئێرەدا بێدەنگە، بەڵام ئەوەش راستە کە لە هەر ساتەوەختێکدا دەکرێت بە هەزاران هەزار بڕژێنەوە سەر جادەکان و هەر وەک چۆن حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدییان رووخاند، ئاواش کۆتایی بە حکومەتەکەی سوودانی بهێنن.

چەقۆی کورد

تائێستا هیچ حکومەتێک، بەوەی کاک مستەفا کازمیی هاوڕێشمانەوە، وەک کارنامەکەی سوودانی، زۆرترین بەڵێنی ئەرێنی بە کورد نەداوە، هەر لە چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکانەوە تاوەکو دەگاتە یاسای نەوت و گاز. هەموو ئەم بەڵێنە گەورە و جوانانە وایانکرد کە کورد، بە هەردوو بلۆکە گەورەکەوە بەشداریی حکومەتەکەی سوودانی بکەن، بەڵام بە راستی ئایا سوودانی دەتوانێت ئەم هەموو بەڵێنە جوان و گەورانە جێبەجێ بکات؟ لە ساتەوەختی جێبەجێنەکردنیاندا، هەڵوێستی کورد چی دەبێت؟ تا چەند گریمانەی ئەوە هەیە کە سوودانیش نەبێت بە عەبادییەکی دیکە؟ تا کوێ مانگی هەنگوینیی نێوان کورد و سوودانی بەردەوام دەبێت؟ ئایا لە کۆتاییدا عەقڵی ساردی دەوڵەت خواستە جوانەکانی ئێستای سوودانیش سارد سارد ناکەنەوە؟

چەقۆی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەری سەرەوەی ئەو دەوڵەتانە بوو کە دەیوست چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەت دروستبکات، بەڵام ئێمە هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر پێمان وابێت کە سوودانی هیچ نییە تەنیا داشێکی سەر شەترەنجەکەی ئێران نەبێت. بە پێچەوانەوە، سوودانی ئینتیمای بۆ ئەو کاتیگۆرییە سیاسییە شیعییەیە کە باوەڕی بە تیۆری ویلایەتی فەقیه نییە و ئایەتوڵڵا خامنەیی بە مەرجەعی خۆی نازانێت. هەروەها لەسەر ئاستی سیاسیش، زۆر ئەستمە کە سوودانی 100% خۆی بدات بە دەست سیاسەتی ئێرانییەوە. لێرەوە، سوودانی تەواو وشیارە بەوەی کە چەقۆی تیژی ئەجێندای ئێرانی بۆ هەمیشە لەسەر ملیەتی و لەهەمان کاتیشدا وشیارە بەوەی کە ناتوانێت وەڵامی کۆی چاوەڕوانییەکانی تاران بداتەوە، ئەگەرنا، چەندین ئەکتەری دیکە لەخۆی دەڕەنجێنێت!

چەقۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

بەپێی زانیارییەکانی من، یەکێک لەو ئەکتەرانەی کە سوودانی نایەوێت بێ ئومێدی بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا. سەرۆکوەزیرانی نوێ، هەموو تواناکانی دەخاتە کار بۆ ئەوەی کە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت و پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکاندا دروستبکات. گرەوە سەرەکییەکە لەوەدایە کە تاوەکو کوێ دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان چاوەڕوانییەکانی تاران و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا رابگرێت؟ تاچەند دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان دوو ئەجێندای تەواو لێکدژدا رابگرێت؟ با هەموومان دڵنیابین لەوەی کە ئەو پشتیوانییە گەورەیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە حکومەتەکەی سوودانی کراوە، مەرجدار و سنووردارە و ئەگەر پێچەوانەکەی رووبدات، دەکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.

کۆتایی

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: ئێمە ستەمێکی گەورە لە سوودانی دەکەین ئەگەر ئەو دۆخە بابەتییە نەبینین کە لەنێویدا حکومەتەکەی دروستبووە. ئێمە ستەمێکی گەورە لە سوودانی دەکەین گەر ئەو هەموو چەقۆیە نەبینین کە لەسەر گەردنیەتی و هەر یەکێکیان دەتوانن بە ئاسانی سەری ببڕن. راستە سوودانی پیاوێکی پاکە، راستە باوک و براکانی شەهیدی دەستی بەعسن، راستە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی لەسەر نییە، راستە خواستێکی بەهێزی بۆ چاکسازی هەیە، بەڵام ئەوەش راستە کە نەک سوودانی، بەڵکو هیچ مەسیحێک ناتوانێت لە خاچەکەی بێتەخوارەوە و عێراق لە قەیرانە کوشندەکانی رزگار بکات. 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP