دواین هەواڵ

دیارنەمانی دوو ملیار و نیوەكە و چارەنووسی دەوڵەت لە عێراق!

‌یاسین تەها

22/10/2022

لەكاتێكدا كە سەرجەم خزمەتگوزارییەكان لە عێراق لە پاشەكشەدان و ئاماژەكانی هەژاری زیاتر دەبن، دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت بۆمبێكی گەورەیان تەقاندەوە؛ بڕی 3.7 ترلیۆن دیناری پارەی بارمتەی باج و گومرگ لەلایەن پێنج كۆمپانیای خەیاڵییەوە براوە كە بەهاكەی بە دراوی قورس دەگاتە نزیكەی 2.5 ملیار دۆلار!

ئەو پارەیەی كە براوە سپاردەی کۆمپانیا بازرگانی و نەوتییەكانە كە بەگوێرەی یاسا، بڕی 5%ـی هەموو گرێبەستێك لە هەژمارێكی بانکی رافیدەین دادەنێن تائەوکاتەی پاکتاوی باج و سزاكانی سەریان دەكەن، ئەگەرنا دەست بەسەر ئەو سپاردانەیاندا دەگیرێت. بەم پێیەش، پارەكە بەشێكە لە سامانی گشتی و لە بری باج و رسومات و پێبژاردنی وەبەرهێنەرانە.

بردنی ئەم پارەیەش لە گفتوگۆ پەرلەمانییەكان و هەواڵە میدیاییەكاندا ناونراوە "دزی سەدە"، شێوازی راكێشانەكەشی لە رێگەی 247 چەكی بانكی و لە نێوان ئەیلوولی 2021 و ئابی 2022 دا بووە كە وڵات سەرقاڵی هەڵبژاردن و مشتومڕی ئەنجامەكانی بوو. رێوشوێنەكانی راكێشانی ئەم پارە قەبەیە، ئەوە دەردەخات كە ئەمە تەنیا كاری ئەو پێنج كۆمپانیا هەواییە نییە كە پاساویان بۆ راكێشانی پارەكە دۆزیوەتەوە، بەڵكو كاری تۆڕێكی بەرپرس و دەڵاڵ و هەندێك رێوشوێنی دیكەی ئاسانكەرە كە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە دەستیپێكردووە تاوەکو گەیشتووەتە دەزگا باڵاكانی حكومەت و ئەم پارە بردنە مۆڵەی لێ كەوتووەتەوە. لەم میانەیەشدا گومانەكان لە دەورووبەری 16 بەرپرسی پەرلەمانی و حكومی دەسوڕێنەوە كە بەجۆرێك لە جۆرەكان ئاسانكارییان بۆ ئەم پارەبردنە كردووە و لە ئێستاشدا لەبارەی چۆنیەتیی ئاودیوكردن یان خەرجكردنی، لێكدانەوە و گریمانەی جۆراوجۆر هەیە.

كەیسەكە كە ئێستا جێگەی بایەخدانی ناوخۆیی و دەرەكیشە، نوێترین دەرەنجام و لێكەوتەی ئەو سیستمە دارایی و چاودێرییە هیلاك و بێسەروبەرەیە كە لە دەوڵەتی عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت، دەكرێت و تەنانەت توانای پاكتاوكردنی بودجەی زۆربەی ساڵەكانیشی نییە (الحسابات الختامیة)، ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەزگاكانی جێبەجێكردن چۆنیان بوێت پاساوی خەرجكردن بۆ پارە خەمڵێنراو و تەرخانكراوەكان بدۆزنەوە.

لەم میانەیەشدا حەیدەر عەبادی كە زۆر بانگەشەی دەستپاكی و گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەكات، لە سەردەمی خۆیدا (2014_2018)، تاوەکو ئێستا تەنیا حساباتی كۆتایی و پاكتاوی خەرجییەكانی بودجەی ساڵی 2015ـی بەتەواوی كردووە و تازە بە تازە، وردبینی لە ژمێرەی 2016ش دەكرێت، ئەویش بەگوێرەی لێدوانی دیوانی چاودێریی دارایی!. شتێكی روونیشە كە لە هەر وڵات و جێگەیەكدا ژمێرەی كۆتایی نەبوو، ئەوە مانایەكی ئەوتۆ بۆ خەمڵاندنەكانی بودجە نامێنێتەوە.

ئەگەریش بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی مالیكی كە ساڵانی تەخشان و پەخشانكردنی بودجە 100 ملیار دۆلارییەكان بوون، ئەوە چیرۆكەكانی بەهەدەردان و گەندەڵی كۆتاییان نایێت و جگە لەو پارانەی بۆ مووچەی كاش رۆیشتوون، سەرجەم خەرجییەكانی دیكە قسە و راپۆرتیان لەسەرە و هەندێك پارەی تەرخانكراو بۆ نەخۆشخانە و دەزگا خزمەتگوزارییەكان هیچ شوێنەوارێكیان نییە، هەندێ پرۆژەش كە بەردی بناخەیان دانراوە، نە پڕۆژەكە و نە پارەكەشیان هیچی دیار نین!

لە دۆسیەی دیارنەمانی دوو ملیار و نیوەكەی باجدا زانیاریی هێندە سەیر هەن كە لەگەڵ پرەنسیپی دەوڵەتداریدا نایەنەوە و پێچەوانەی هەموو لۆژیكێكن، ئەویش لە كاتێكدا كە مێژووی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ ساڵی 1927 دەگەڕێتەوە. بۆ نمونە گەنجێك كە تەمەنی 21 ساڵە، كۆمپانیایەكی بە سەرمایەی ملیۆنێك دیناری عێراقی (تەنیا 750 دۆلار) دامەزراندووە بە ناوی (ریاح بغداد) ، كەچی بڕی 624 ملیار دینار (500 ملیۆن دۆلار)ـی لە پارەی باج راكێشاوە!

لە پاش دەنگدانەوەی دۆسیەكە، دادگە بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی باجی كردووە، هەروەها فەرمانی گرتنیشی بۆ خاوەنی هەر پێنج كۆمپانیاكە دەركردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی گومان دەكرێت ئەمانە روخساری لایەنی زۆر قووڵ و دەسەڵاتدار بن و، تەنیا رووكاری پرۆسەكە بن، هیچ هیوایەک بە ئەنجامی لێپێچینەوەكە نییە. بەتایبەت ریشەی ئاسانكاری بۆ بردنی ئەم پارەیە لە خولی پێشووی پەرلەمانەوە دەستپێدەكات و گومان لێكراوەكانیش بەسەر لیژنەی دارایی پەرلەمان و جومگەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی و دەستەی گشتیی باجدا دابەش دەبن.

ئاشكرابوونی ئەم گەندەڵییە گەورەیە لە كاتێكدایە كە هەندێک پەرلەمانتاری چالاک نایشارنەوە دەڵاڵ هەن لە پەرلەمانی عێراق كە بەرامبەر چەند ملیۆن دۆلارێک بڕگەی یاسایی لە پەرلەماندا لەڕێگەی لیژنەی داراییەوە لە بەرژەوەندیی خاوەن بەرتیلەكە تێدەپەڕێنن. هەروەها لیژنەكانی چاودێری باسیان لەوە كردووە 37 پۆستی وەزیفی و 17 لیژنەی حكومی و پەرلەمانی زۆرترین خواستیان لەسەرە لە بەغدا، چونكە دەرفەتیان هەیە گەندەڵی تێپەڕێنن یان چاوپۆشی لێبكەن. هیچ یاسایەكی تایبەتیش نییە كاری ئەم جومگە هەستیارانە رێکبخات، هەندێكیش پێیانوایە ئەگەر یاسای تایبەتیش هەبن زۆر لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە نزیكترین نموونە لە عێراقەوە كە لوبنانە، دەورووبەری 300 یاسای جۆراوجۆری چاودێری و بەدواداچوونی هەیە كەچی دەرەنجامەكەی بە مایەپووچی و داڕمانی باری ئابووری كۆتایی هات، ئەویش بەهۆی سستی و خراپیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە.

چیرۆكی پارە بردنەكەی باج راستییەک ئاشكرا دەكات كە دەشێت كۆتایی عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە بێت. لەو میانەیەشدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێیوایە لە ئێستادا ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە بە پلەی یەكەم چوار شتن كە بریتین لە؛ تیرۆر، مادەی هۆشبەر، گۆڕانی كەشوهەوا، گەندەڵی و خستنەلای سامانی گشتی.

مەترسیی هەڕەشەی چوارەمیش كە گەندەڵییە لەوەدایە كە رێگر و كێشەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەی سێ مەترسییەكەی دیكە كە پێویستیان بە تەرخانكردنی بودجە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەگەریش بەهەدەردان و گەندەڵی بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا رەنگە ببێتە هۆكاری سەرەكیی كۆتاییهاتنی دەوڵەت بە مانا راستەقینەكەی و لە بری ئەوە قەوارەیەكی شێواوی وەک دەوڵەتانی شكستخواردوو بەجێبمێنێت و زەقترین نیشانەی ئەم پێشهاتەش، دۆخی ئێستایە كە سەرباری گرانبوونی نرخی نەوت، عێراق ساڵی 2022ـی بە بێ یاسای بودجە بەڕێكرد، لەو یاسا ناكاوە داراییەشی دەریكرد بە ئاگاداریی پەرلەمان بڕی 70 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی ئۆفیسە سەربازی و حكومییەكان رۆشتووە لە كاتێكدا یاساكە ناوی "پاڵپشتیی كتوپڕی ئاسایشی خۆراكە"!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP