دواین هەواڵ

دیارترین نیشانەی ناسینەوەی عەقڵ کە عەقڵە

‌فەرحان جەوهەر

19/10/2022

یەک لە دیارترین نیشانە و هێمای زانینی عەقڵ کە عەقڵە، گۆڕان و گۆڕانکاری بەردەوامە. مانەوەی هزرو بیری مرۆڤ لەسەر یەک هێل و یەک شێواز تا دوایی، نیشانەی ئەوەیە کە عەقڵ دووچاری ئاڵۆزی و کێشە بووە. هەر پێشکەوتنێک بەهۆی گۆڕانکاریەوە روویداوە، گۆڕانکاریش بەرهەمی عەقڵە، هەموو ئەو گۆمەڵگایانەی پێشکەوتوونە، بەهۆی تووڕدانی عەقڵی دۆگماوە بووە. چۆن عەقڵ رۆڵ دەبینێ لە هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکدا، بەهەمان ئەندازەش عەقڵ بەهۆی رووداوەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

زۆر لە کۆنەوە کە عەقڵی مرۆڤ لە قۆناغی سەرەتایی بووە و توانای گۆڕانکاری دیارکراوبووە، رووداوە سرووشتییەکان کاریگەریان لەسەر عەقڵی مرۆڤ داناوە و ناچاری بیرکردنەوەی کردووە، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەیە گۆڕانکاری لە ژیان و درووستبوونی شارستانییەتدا کردووە. هەموو عەقڵێک وەک یەک نییە و لە یەک ئاستیشدا نییە، هەر بۆیە هەموو ئەو جیاوازیانەی ئەمڕۆ، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکان و وڵاتان دەیبینین، نیشانەی جیاوازی پێگەیشتنی عەقڵی مرۆڤەکانە، هەر بەهۆی جیاوازی عەقڵی تاکەوەیە، چێژوەرگرتن و ئاسوودەبوونی تاکێک لە تاکێکی تر و کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی تر جیاوازترە.

بۆ نموونە ئەوەندەی کۆمەڵگای عەرەبی کە ناوچەکەی ئێمەش دەگرێتەوە، چێژ لە تۆڵە و بیرکردنەوە لە رابردوو وەردەگرێت، کۆمەڵگای یابانی چێژ لەمانە وەرناگرێت. نووسەرێکی یابانی بە ناوی (نوبۆ ئاکی نوتاهارا)، کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر کولتوور و بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکانی عەرەبی کردووە، دەڵێت: پێش ئەوەی پرسیار لە هەر تاکێکی عەرەب بکەم، کە دەیزانی من یابانیم، پێی دەگوتم: ئێوە چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریکا بەستووە! لە سەردەمێکدا ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی لە ئێوە داوە؟.

نووسەرەکە دەڵێت: بەهۆی ئەو پرسیارەی ئەوان، تێگەیشتم عەرەب لە ناو رابردوودا دەژین. لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە دواتر بۆتە کتێب بە ناوونیشانی (عەرەب و روانگەی یابانی)، تەنها خاسیەتی باش هەیانبێت(بە قەولی نووسەرەکە خۆی) میواندارییان بووە. کۆمەڵگای خۆشمان لەسەر ئاستی هەندێک رۆشنبیر و دەستەبژێر، تازە بەتازە هەمان ئەو پرسیارەی عەوامی عەرەب، ئاراستەی پارتی دەکەن، دەڵێن: ئێوە چۆن دەنگتان بە لەتیف رەشید زاوای برایم ئەحمەد داوە بۆ سەرکۆمار؟، چونکە لە رابردوو ناکۆکی و دوژمنایەتییتان لە نێواندا هەبووە.

لە پێشدا بەهۆی نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوەو گەیاندن و داخراویی کۆمەڵگاکان، پێشکەوتنی عەقڵی پێویستی بە کات و ئەزموون هەبووە، بۆئەوەی بتوانێت پەرەسەندن و داهێنان بکات، بەڵام بۆ ئەمڕۆی سەردەمی کرانەوە و تەکنۆلۆژیایی رەقەمی، ناکرێت ئەوەندە بوەستی و پێویستیت زۆر بە کات و ئەزموون نییە. ئەگەر کەمێک عەقڵی خۆمان کارا بکەین، دەبینین ئێستا سەردەمی شێخ مەحموودی نەمر نییە، تا لە هاوکێشە سیاسییەکان سەرمان دەرنەچێت، خوێندنەوەی تابلۆکانی سیاسی و ئابووری زۆر زەحمەت نییە، دەتوانین سوود لە ئەزموون و مێژووی خەڵکی تر وەربگرین.

مرۆڤایەتی وایە، هەموویان کەم تا زۆر سوود لە زانین و ئەزموون و پێشکەوتنی یەکتر وەردەگرن، بۆیە هیچ ناکۆکی و دوژمنایەتیی و رووداوێک، چ لەسەر ئاستی سیاسی، چ لەسەر ئاستی تاکەسی و کۆمەڵایەتیش، نە ئەزەلی و نە ئەبەدییە، بەپێی بەرژەوەندی و پێشکەوتنی عەقڵییەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەوەی گرنگ و لۆژیکە، خۆمان لە ناو رابردوو قەتیس نەکەین. ئەمە مانای وانییە، رابردوو و مێژوو کاریگەریان لەسەر کۆمەڵێک کێشەی ئێستا نەبێت، بەڵام بەهۆی عەقڵەوە دەتوانین خۆمانی لێ رزگار بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP