دواین هەواڵ

شۆرشکردن بۆ دیموکراسی .. شۆرشکردن بۆ عەدالەت

‌هونەر تۆفیق

02/10/2022

جیاوازی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا تەنیا لە جیاوازی دوو شارستانیدا نیە . شارستانی وەک فەرهەنگ و مێژوو و نیزامێکی تایبەت بە بیرکردنەوەی دەستەجەمعی . ئەو جیاوازیە لە چۆنیەتی پەیوەندی سیاسی نێوان کۆمەڵگە و حوکمڕانیشدا لە بۆچوونی ئینسانی خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتی بۆ بەشداریان لە دەستەڵات و سیاسەتدا ، لە ئامانجەکانی شۆرشیشدا دەبینرێت .

دیموکراسی لە یۆنانی کۆنەوە ، بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک بووە بۆ دیاریکردنی سەرۆک لە وڵاتدا . لەسەرەتاکانیەوە دەنگدان بەبەڵی یان نەخێر لە خستنەناوی بەردێکی ڕەش یان سپی بۆ گۆزەیەک بەڵێ یان نەخێرەکەیان بە سەرۆک داوە . ئەو مێژووە لەماوە سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا پرۆسەیەکە ئەو فۆرمەی لە دیموکراسی بۆ کۆمەڵگەی خۆرئاوا پێکهێناوە کە ئێستا ئەو سیستەمە سیاسیەی هێناوەتە دی لە خۆرئاوا پیادە دەکرێت .

بەڵام لە کەلتوری سیاسی خۆرهەڵاتدا ، سەرۆک یان پادشا بە نیشتنەوەی بازێک بەسەرشانی کەسێکەوە ( خۆوشانس) دەبێتە پادشا . کۆمەڵگەش ئەو پرۆسە ڕێکەوت ئاسایەی بەلاوە پەسەند و شیاوە . تەنیا داواکاری ئینسانی خۆرهەڵاتی لە پادشا ، عەدالەتە . ئینسانی خۆرهەڵاتی چەمک و تێزەکانی دیموکراسی و ئازادی بەلاوە گرنگ نیە . ئەوەی بۆ ئینسانی خۆرهەڵاتی داخوازی و مەرجە ، بوونی حاکمێکی عادل و دادپەروەرە .

خۆرهەڵاتیەکان لەژێر هەر ناو و دروشمێکدا شۆڕش و ڕاپەڕین بکەن ، لەدواجاردا داوای عەدالەت دەکەن . ئازادی بەمانا و تێگەیشتنە خۆرئاواییەکەی بۆ ئینسانی خۆرهەڵاتی و فەرهەنگەکەی جۆرێکە لە سەرلێشێوان و فەوزا . بەلایەوە خۆی و کۆمەڵگە و فەرهەنگەکەی بەرگەی ناگرێت .

ئەو ئینسانە خۆرهەڵاتیە ئەوەندە ئازادی دەوێت بتوانێت بەئاشکرا بە حاکمەکەی بڵێت دادپەروەربە . ئەوەندە ئازادی پێویستە ئەو قسە و داواکاریەی پێ بخاتە بەردەم پادشاکەی . لەوپەڕی توڕەیشدا ئەگەر ببێت بەشۆرش پادشاکەی لادەدات و چاوەڕانی نیشتنەوەی بازێکی ترە بەسەرشانی کەسێکی ترەوە ببێت بەپادشا و عەدالەتی بۆ دەستەبەربکات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP