دواین هەواڵ

سەرنج لەسەر نوسینەکەی بەختیار عەلی

‌د.سەردار عەزیز

26/09/2022

کاک بەختیار بەشی یەکەمی وتارێکی نوسیوە لەڕامان لەناڕەزاییەکانی کوردستان‌و ئێران، نوسینەکە جوان‌و خوێندنەوەی خۆشە، لەهەمانکاتدا نوسینێکی ناحەماسییە sober، بەختیار بەشێوازی گێڕانەوە نەک ڕاڤەکاری دەنوسێت، ئەمەش خەسڵەتێکی چیرۆکیی بەدیدەکەی دەدات، بەڵام بێبەریدەکات لەزۆر بنەمای ڕاڤەکاریی‌و دژ ئارگومێنت.

لەکرۆکی نوسینەکەدا دێوەزمەیەک هەیە، ئەویش ئەو باوەڕەیە کە دەکرێت گۆڕانی ڕادیکاڵی لەکاتێکی خێرا یان کەمدا بێتە ئاراوە، بەزمانێکی زیاتر فەلسەفی قسە بکەین، ئایا بۆ دوبارەبونەوە زاڵتر لەجیاوازیی؟ ئایا بۆ دونیایەکی جیاواز لەم ناوچەیە دروستنابێت؟

لەکرۆکی ئەم پرسەدا باوەڕێک هەیە کە دەبێت بەختیار مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەویش باوەڕی ئەوەیە کە دروستبونی دونیایەکی نوێ لەکات‌و ساتێکی کەمدا مەحاڵ نییە، یان دەکرێت لەکونفەیەکونێکدا دونیا ڕادیکاڵانە بگۆڕدرێت.

دەبێت بەو ڕاستییە تاڵە ڕابێین کە دونیا هەرگیز لەماوەیەکی کورتدا پڕاوپڕ ناگۆڕێت، ساتەوەختی شۆڕش کورتە، ناتوانرێت بەردەوامی پێبدرێت، سیاسی یان چالاکوان لەهەناوو کایەی سیاسیدا ناتوانێت دیدی گەورە بەرهەمبهێنێت، بۆیە دەبێت ئەو دیدەی هەبێت، بەڵام لەڕۆژهەڵات دیدەکان زیاتر توڕەیین، بێزارین، هەوڵن بۆ لابردن، بۆیە کە دێیتەسەر حوکمڕانی هەمیشە مەحکومن بەدوبارە.

ئومێد کوشندە نییە، وەک بەختیار دەڵێت، ئومێد جۆری زۆرە، ئەگەر ئومێدێکی عەقڵانی بێت‌و توانای خۆ نوێکردنەوەی هەبێت، ئەوا لەبری کوشندە هاندەرە، بەڵام ئومێدێک لەدڵەوە سەرچاوە بگرێت‌و نەگاتە مێشک، دەرئەنجامەکەی تەنها نائومێدی دەبێت، وەک لەباسور دەیبینین، بۆیە دەبێت دەستبەرداری ئەو وەهمە بین کە گۆڕانی ڕادیکاڵانەی سەرانسەری لەکاتێکی کەمدا ڕودەدات، چونکە ئەو جۆرە باوەڕە لەو دیدە مەترسیدارەوە سەرچاوە دەگرێت کە گوایە بۆ ئەو خراپەی ئێستا باشێکی ئامادە هەیە تەنها ئەوە پێویست دەکات کە دەستاو دەستی پێبکەین، یان تەنها ئەوەی پێویستە کە کەسێکی بەهێز یان هێزێک بێت‌و لایبات‌و جێگۆڕکێی پێبکات.

دیبەیتێکی گەورە لەئارادایە لەنێوان تێزە جیاوازەکانی پاڵنەری مێژوو، دیبەتێک هەیە لەنێوان تۆماس کارلێل‌و مارکسدا، بەدیدی کارلیل بەبێ بونی مرۆڤە گەورەو ڕابەرکان مێژوو ناگۆڕێت، مارکس بڕوای وەهابوو مێژوو دەگۆڕێت، بەڵام نەک بەخواستی کەسەکان، کەواتە لەدەرەوەی توانای کەسەکاندایە.

لەحەفتاو نۆ ئێرانییەکان دونیایان بۆ خراپتر گۆڕی، زیان‌و ئازارێکی زۆریان بەخۆیان‌و ناوچەکە گەیاند، ئایا دەبێت ئێستا بۆ باشتری بگۆڕن؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP