دواین هەواڵ

دیدێکی تر!

‌نوری بێخاڵی

22/09/2022

گومانم لە کوردبوونی خۆم نییە و کەسیش لە خۆم بە نەتەوەییتر نازانم، بۆیە بە ڕاشکاوی دەڵێم کە دەکرێ ڕووداوی شەهیدکردنی (ژینا) بە ئاقارێکی فراوانتردا ببرێت. ئاقارێک کە قوربانیدانی (ژینا)ی مرۆڤ و ژن، ئینجا کورد، بکرێتە هەوێنی هاندان و ڕاچەنینێکی میللیی سەرتاسەری ئێران.

لەوە دڵنیام کە چەپی ئێرانی دوو ئەوەندەی فارسە نەتەوەییە پانئێرانیستەکان خوێڕی ترن لە بەرامبەر دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردی ڕۆژهەڵات و مافە ڕەواکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا مرۆڤی ئازادیخوازی ئێرانیش کەم نین و دەتوانرێت بە گۆڕینی گوتار و ئاراستەی داکۆکیکردن لە خوێنی بەناهەق ڕژێندراوی (ژینا)، بەوەی وەک دۆزی ئازادیخوازی بخرێتە بەرباس و وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، دوور نییە کاریگەریی ئەرێنی زۆری هەبێت لەسەر فراوانکردنی بازنەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان.

بەزۆر سەپاندنی پۆشینی لەچک و سەرکوتکردنی ئازادی و مافەکانی ژن لە ئێران، خەمی هەموو مێینەیەکی ئێرانە، واتە ڕووبەرێکی فراوان لە بازنەی چالاکی مەدەنی و بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز قوربانیی ئەم سیاسەتی سەرکوتکارییەی ژنان لە ئێران و قوربانیی دەستی جەللادەکانی پۆلیسی بێ شەڕەفی بەناو شەڕەفپارێزن.

دەربازکردنی ڕووداوی شەهیدکردنی ئەم کچە کوردە لە بازنەی لۆکاڵی و کورت نەکردنەوەی لە دۆزی تەنیا ژنانی کورد و کردنی بە گوتارێکی نێوکۆیی سەرتاسەری داکۆکیکار لە ماف و ئازادییەکانی ژنان، خزمەتێکی زیاتر بە سەرخستنی ناڕەزایەتییەکان و پێکانی ئامانجی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دەکات.

لە ئەگەرێکی وا و بە گواستنەوەی ڕووداوی شەهیدکردنی (ژینا) لە قوربانیی کوردبوون بۆ قوربانیی مرۆڤ و ژنبوون و کردنی بە سکانداڵ و زەمینەی ڕاچەنینێکی کۆمەڵایەتیی سەرتاسەری لە ئێراندا، کورد بە بەردێک دوو چۆلەکە دەپێکێت، لە لایەک هەموو بەرەی ئازادیخواز و بزووتنەوەی داکۆکیکار لە ئازادی ژنانی ئێران دێنێتە سەنگەری تێکۆشانی خۆی، لە لایەکی دیکەش هاوسۆزی و پاڵپشتییەکی کاریگەر و فراوانتری دنیای ئازادیخواز و نێودەوڵەتی بۆ خەباتە مەدەنییە ڕەواکەی مسۆگەر دەکات.

ڕاستە (ژینا) کوردە، بەڵام جیاواز لە کەیسی خاتوونی خەباتگێڕ و ڕووسووری وەک (زارا) و هاوشێوەکانی، دەکرێ سەرەتا وەک قوربانیی مرۆڤبوون، ژنبوون و ئینجا کوردبوون، وێنای بکەین. مرۆڤ و ژنبوونێک کە مێینەی سەرتاسەری ئێران لە سای دەسەڵاتی تیۆکراتی و فاشیی ئاخووندەکاندا، بەدەستییەوە دەناڵێنن.

ئینجا لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، ئەگەر ئەو ژمارە کەمە کوردە نەخۆش و سەقەت و دیلەی دەستی هەرێمچێتی و پارچەگەری دەمکوت بکرێن و هەر یەکەمان و لای خۆی لە ڕۆژهەڵات و باشوور دژیان بوەستینەوە و سووک و ڕیسوایان بکەین لەسەر ئەوەی کە ئەم فیتنەگێڕییەیان لەنێوان خوشک و براکانی هەردوو پارچەی نیشتمان، ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی کورد، دەتوانین ڕووداوەکە لە ئاستی کوردستانیشدا بکەینە هاندەر و زەمینەسازی کۆدەنگی و هاوپشتی و هاوخەباتییەکی فراوان و کاریگەرتری نەتەوەیی و کوردستانی.

زۆر بە کورتی:

ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانێ بناغەی دەسەڵاتی تیۆکراتیی ئاخووندەکان بلەقێنێ و گڵۆڵەیان بخاتە لێژی، شکاندنی بتی لەچک و حیجابی بەزۆر سەپێنراو، فراوانکردنی بازنەی تێکۆشانی مەدەنیی ئازادیخوازان و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بزووتنەوەی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادیی ژنانە!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP