دواین هەواڵ

سی ئای ئەی و کورد

‌د.سەردار عەزیز

21/09/2022

لە ساڵی ١٩٤٧ کۆنگریسی ئەمریکی بڕیاری ئاسایشی نیشتمانی دەردەکات و لە ئەنجامی ئەوەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دادەمەزرێت کە لە ژێر سایەیدا دەزگای سیخوڕی ئەمریکی دروست دەبێت، کە زیاتر بە کورتکراوەی CIA ناسراوە. ئەمساڵ تەمەنی ئەم دەزگایە دەبێتە ٧٥ ساڵ.

ماوەیەک لەمەوپێش جۆ بایدن بۆ پیرۆزبایی سەردانی بنکەی سەرەکی ئەم دەزگایەی کرد و لەوێ بە زمانێکی گاڵتەئامێزەوە ووتی، پەیوەندی من لە گەڵ ئەم دەزگایەدا ٧٥ ساڵ نیە، بەڵام ٥١ ساڵە. وەک زۆربەی سیاسییەکانی تری ئەمریکا لە نیوسەدەی تەمەنی سیاسیدا بایدن بەردەوام لە کار و پەیوەندیدا بوە لە گەڵ ئەم دەزگایەدا.

ڕەنگە لە ئێستادا دەربڕینی ئەم نزیکایەتییەش لە لایەن بایدنەوە پەیوەندی بە ڕەهەندێکی ترەوە هەبێت ئەویش نەیارێتی باڵی ترەمپە لە ناو کۆمارییەکان بۆ سی ئای ئەی.

ترەمپ سی ئای ئەی وەک دەوڵەتی قوڵ دەبینێت. دەوڵەتی قوڵ، کە ڕەگی وەک دیاردەیەک زیاتر تورکیە، بەڵام لە ئەم ساڵانەی دواییدا وەک چەمکێک ئامادەیی زۆری هەیە لە خیتابی ئەمریکیدا. ئەمە لە کاتێکدا سی ئای ئەی، بۆی نیە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان بکات لە کاروباری ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵکو بواری کاری دەرەوەی ئەمریکایە.

من هەست دەکەم پاڵنەری ترەمپ زیاتر کەسییە نەک فیکری. ترەمپ هەست دەکات لێپرسینەوەکانی بۆ لابردنی سەرچاوەی زانیارییەکانی ئەم دەزگایەیە، بۆیە وەک ڕێگر و نەیارێک دەیبینێت. بەڵام ترەمپیەکان هەتا ڕادەیەک دیدێکی فیکرییان هەیە لەمبارەوە. دەکرێت ئەم دیدە فیکرییە لە دوو توێی پرسیارێکدا دەرببڕین: ئایا سیاسەت پشێوییە یان ڕێکخراوە؟ یان ئەگەر هاتوو سیاسەت ڕێکخرا، ئەوا بە سیاسەت دەمێنێتەوە یان دەبێتە کارگێڕی؟

لەمساڵانەی دواییدا ئیدارەسازیی، managerialism بە شێوەیەکی بەرچاو زاڵبوە بە سەر زۆر بواردا، بە هۆکاری زاڵبونی نیولیبرالیزم. مانیجڕیاڵیزم بڕوای وەهایە کە دەوڵەتداریی یان حوکمداری بە پلان و ڕێکخراو و هەنگاوی دیار، ئەنجام دەدرێت. بۆ نمونە لە ساڵانی ڕابوردودا لە دونیای سیاسی ئێمەدا، باس لە حوکمی ڕەشید، یان تەکنۆکرات، یان شارەزا دەکرێت. هەروەها باس لە گرنگی بڕوانامە و ئەزمون و ئەمانە دەکرێت. ترەمپییەکان دژ بە ئەمانەن.

بڕوایان وایە کە سیاسەت بەمشێوەیە ناکرێت بەڵکو دەبێت پشێوی هەبێت، بۆ ئەوەی سیاسەت فەراهەم بێت. دیارە ترەمپیەکان وەها دەبینن ئەمانە خەسڵەتی چینی خاوەن دەسەڵاتن، کە پێیان دەڵێن ئیستابلیشمێنت.

بە دیدی من دژایەتی ترەمپیەکان بۆ ئەم رەهەندە هێندە فیکری نیە، بەڵکو زیاتر، بەشێکە لە خیتابی ململانێی دەسەڵات. ئەوان هەست دەکەن توژێک زاڵبوە بە سەر دەسەڵاتدا، کە ئەم توێژە ئیدارەسازەن، بۆ دژایتیکردنیان دەبێت دژایەتی میتۆدەکەیان بکەیت. ئەمە مانای وەهانیە کە میتۆدەکەیان جێگای ڕەخنەنیە.

(ئەمە بوارێکی ئاڵۆزە، لێرەدا تەنها ئەوەندە پێویست دەکات).

سی ئای ئەی یەکێک لە کارەکانی پێدانی زانیارییە دەربارەی ئەوەی لە دونیادا دەگوزەرێت بە سەرۆک و حوکمڕانەکانی ئەمریکا.

لە یەکەم پوختەی زانیارییاندا بۆ سەرۆک ترومان، بەشێک لە زانیارییەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان سۆڤیەت و ئێرانە. لە هەناو پەیوەندی سۆڤیەت و ئێراندا کۆماری مهاباد و پرسی کورد هەبوو.

لە چل و حەوت، تازە کۆماری مهاباد تەواوبوە و سەرەتاکانی جەنگی ساردە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کە هەر لە سەرەتاوە سی ئای ئەی و پرسی کورد نزیکبوون لە یەک.

پەیوەندی کورد و ئەمریکا مێژویەکی درێژی پەیوەندی سی ئای ئەییە. پەیوەندی سی ئای ئەیی، پەیوەندی نهێنییە. پەیوەندی نهێنی یانی ئەوجۆرە پەیوەندیەیە کە دەوڵەتێک دەخوازێت دروستی بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا نکوڵی لێبکات یان هەر کاتێک دۆخەکە گۆڕان دەستبەرداری ببێت بەبێ هیچ کێشەیەک یان وەهای ناوبنێت کە خێرخوازییە، وەک کیسنجەر ووتی. ئەم جۆرە پەیوەندییە دژ بە کرۆکی خواستی کوردە کە هەمیشە ویستویەتی پەیوەندییەکە نەک هەر سیاسی و پتەوبێت بەڵکو لە سەرو یان دەرەوەی مێژوو بێت. پەیوەندی نامێژویی ئەو جۆرە پەیوەندیانەن کە لە سەر بنەمای بەها و ئەخلاق و نەرێتی دەزگایی و کەلتور و زۆر بواری تر دادەمەزرێن، ڕەنگە پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل زەقترین جۆری ئەم پەیوەندیانە بێت.

مشتومڕی زۆر هەیە لەوەی کە ئایا پەیوەندی کورد و سی ئای ئەی بە تایبەتی لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک؟ قۆناغێک کە قسەی زۆری لە سەرە لە لایەن لێکۆڵەرەوانەوە شەستەکانە، بە تایبەتی هاتنی عەبدولکەریم قاسم بۆ دەسەڵات. هەندێک وەها بیردەکەنەوە کە دژایەتی کورد بۆ قاسم لە شەستەکان بە فیتی سی ئای ئەی بوە. بەڵام ڤلادسلاڤ زبوک، مێژونوسی شارەزای سۆڤیەت، بەکارکردن لە سەر ئەرشیفی سۆڤیەت، دەڵێت سۆڤیەت لە پشت یاخی بونی کوردەوە بوون لە شەستەکان.

بۆیە برایان گیبسن دەڵێت پەیوەندی کورد و سی ئای ئەی لە ١٩٧٢ دروست دەبێت. لەو ساڵەدا سۆڤیەت و عێراق ڕێکەوتنی هاوکاریی و هاوەڵێتی واژۆ دەکەن. (کەسێک بە ووردی کاری لە سەر ئەم بوارە کردوە، د. بورهان یاسینە).

هەتا ئەو ڕێکەوتنەی نێوان عێراق و سۆڤیەت: بەعس و سی ئای ئەی دۆست بون. سی ئای ئەی بۆ دژایەتی شیوعیەکان هاوکاری بەعس دەکات، تەنانەت ناوی چالاکوانە شیوعیەکانیشیان پێدەدات. ئەوەی جێگای سەرنجە، پاش بوونی ئەمجۆرە پەیوەندییە نزیکییە، چۆن بەعس دەچێتە بەرەی سۆڤیەتەوە؟

سی ئای ئەی دەزگایەکی زۆر ئاڵۆزە، کە چەندین جۆر لە کار دەکات. کاری تەنها بەدستهێنان و کۆکردنەوەی زانیاری نیە، بەڵکو کاری کرداریش دەکات، وەک نانەوەی پشێوی، دروستکردنی ڕێکخراو و دەزگا و ناوەند. هەندێک لە ڕەخنەگرانی ئەم دەزگایە بڕوایان وەهایە کە جۆرێک لە سەربەخۆیی وتایبەتمەندی خۆی وەرگرتوە و زۆرجار جودا لە دەوڵەت یان بەبێ ئاگایی دەوڵەت کار دەکات. دیارە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم دەزگایانە دروستکردنی وێنا و ئەفسانە و حەکایەتی پاڵەوانیە کە خەڵی وەک قارەمان و خاوەن توانای سەروو مرۆیی بیانبینێت، تەنها بیر لە جەیمس بۆند بکەرەوە.

بەڵام ماوەی پێشوو گۆڤاری نیورکەر ڕاپۆرتێکی درێژی دەربارەی کەسێکی خاوەن کێشە لە ناو ئەم دەزگایەدا کرد، لە ڕاستیدا وەک هەر دەزگایەکی تر پڕیەتی لە ڕۆتین و ڕکەبەری شەخسی و سایکۆلۆجی و ئەم جۆرە کێشانە.

بوارێک کە گرنگە لە بەرچاوی بگرین گرنگی و بایەخی ئایدیایە لە لایەن ئەم دەزگایەوە. ئایدیا کرۆک و پاڵنەری سەرەکی کردار و رەفتاری مرۆڤەکانە. بۆیە پەیوەندی نێوان ئایدیا و دەسەڵات هەرچەندە ڕاستەوخۆیە بەڵام ئاڵۆزە.

سی ئای ئەی لەمبوارەدا هەمیشە بە ڕوپۆشراوی کاری کردوە، چونکە هیچ ناوەندێکی فیکریی ناتوانێت بە ئاشکرا پەیوەندی لە گەڵ سی ئای ئەیدا هەبێت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر بەها و ڕۆڵی کارەکانی دەبێت.

لەم روانگەیەوە کاتێک جەنگی سارد جەنگێکی فیکرییە، کاتێک جەنگی دژە تیرۆر رەهەندێکی سەرەکی جەنگی فیکرییە، ئەوا پەیوەندی ئەم دەزگایە لە گەڵ ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فیکر و بڵاوکردنەوەی فیکر و دانانی کاریگەر لە سەر فیکر زۆر زەقە.

زۆرجار ئەم پەیوەندییە، پەیوەندی نێوان دوو لایەن نیە، بەڵکو زۆرجار لایەنی بەرهەمهێنانی فیکر نازانێت کە لە لایەن دەزگایەکی وەهاوە پشتیوانی دەکرێت. زۆر خەڵک کاردەکەن بۆ ئەم دەزگایە ڕەنگە ئەگەر لێی بەئاگابن دژی بن.

لە دوای ڕوخانی سەدام، پەیوەندی نێوان کورد و ئەم دەزگایە وەک جاران نامێنێت. ئەمریکا زەمینەی بۆ دەڕەخسێت هەتا بە ئاشکرا پەیوەندی لە گەڵ کورددا هەبێت.

ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە. قۆناغی ئاشکرایی پەیوەندیی کورد زۆر کەم توانیویەتی لێی سودمەندبێت، چونکە هەتا ئێستا خەسڵەتەکانی قۆناغی نهێنی بەدەریدا زاڵە.
سیاسییە کوردەکان لە هەناو دۆخی نهێنی ئیستخباراتیدا یەقیان گرتوە بە ئاسانی ناتوانن بوارەکانی تری پەیوەندی و کاریگەریی و ببیننەوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP