دواین هەواڵ

ئامادەیی وەک پاسپۆرتی پەڕینەوە!

‌نوری بێخاڵی

20/09/2022

به گوێرەی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هەموار كراو، سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەکی دەستووریی جێبەجێکارییە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنه له هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات.

بەپێی ئەم بڕگە یاساییەی سەرەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە سەکۆ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، نوێنەرایەتیی ئیرادەی کوردستانیان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە دەکات و بەرپرسیارییەتیی بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەی کوردستانیانی دەکەوێتە ئەستۆ. بۆیە هەموو ئامادەبوونێکیان لە کۆڕ کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرە، بۆنە و چالاکییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، لە لایەنی سیمبولییەوە، ئاماژەیە بۆ ئامادەیی کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان لەو شوێنکاتانەدا.

بە واتایەکی ڕوونتر، هەموو ئامادەبوونێکی کارا و بەرچاوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان و لەناو جەرگەی ڕووداوە گرنگە جیهانییەکاندا، دواجار ئامادەیی ناڕاستەوخۆی ویست و ئیرادەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە. 

لەم ڕوانگەیەوە، بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی بەریتانی بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردنی لەگەڵ (١٥٠) سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژن ئەلیزابێسی دووەم، هەڵگری واتاگەلی گرنگی سیاسییە، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی بوون و (ناسنامە)دا واتایەکی قووڵی هەیە.

ئەگەر ئەم ڕەهەندە بۆ من و تۆ، کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەین، مایەی گرنگیپێدان نەبێت، یان بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە خۆمانمانی لی ببووێرین بێت، بەڵام ئەم پرسە بۆ کوردێکی تاراوگەنشین کە ژانی بێ ناسنامەیی ئازاری دەدات، جێی سەرنج و بایەخ و هەڵوەستە لەسەرکردنە.

کوردێکی تاراوگەنشین کە لەناو سەدان هەزار پەناهەندەی سەرهەڵگرتووی خاوەن دەوڵەتدا، خەمی ناسنامە و بوون، خەمێکی گەورەیەتی. بەوپێیەی لەوەتەی هەیە و تا ئێستاش، وەک هەر کوردێکی دیکە، تراژیدیای کوردبوون و پرسیاری بوون و ناسنامەکەی، لەگەڵیدا دەژیێت.

سەرەڕای هەموو ئەو بانگەشە فریودەر و دروشمە جادووییانەی بۆ جیهانگیریی کران و دەکرێن، بەوەی کە جیهانی کردووەتە گوندێکی بچووک و ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ کردوونەتەوە، بەڵام  تەواو پێچەوانە کەوتنەوە. چونکە واقیعی جیهان و مرۆڤایەتی، بەهۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە پرۆسەی بەجیهانییکردن بۆسەر کۆمەڵگاکانی کەنار و پەراوێز لەگەڵ خۆیدا هێنانی، هەموو ئەو جادوو و دروشمانەی لە واتاکانیان بەتاڵ کردوەوە. بەجۆرێک، نەک هەر ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ نەکردنەوە، بگرە پرسی دەستگرتن بە (ناسنامە) و پارێزگاری لێ کردنی، لە فۆڕمێکی دیکەی کاریگەرتردا گەڕاندەوە ناو کۆمەڵگاکان، تا ئەوەی ئێستا پرسی پاراستنی (ناسنامە)، کێشەیەکی هەرە گەورەی مرۆڤەکانە، تەنانەت بەوانەشەوە کە خاوەن دەوڵەت وسەروەرین، چ جای بۆ کوردێکی بێ دەوڵەت!

لەم ڕوانگەیەوە، ئامادەیی فەرمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی ناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کە تا ئەم چرکەساتەش سەروەریی دەوڵەتەکە لەژێر پرسیار دایە، هەروەها وەک نوێنەری ئیرادەی کوردستانیان کە ساڵەهای ساڵە بەدەست جەور و ستەمی سەردەستەکانی دەوڵەت دەناڵێنن، جۆرێکە لە بەها دانان بۆ ناسنامەیەکی جیاوازتر لەوانی دیکەی ناو دەوڵەت، ناسنامەیەک کە لە ئاستە فەرمی و نیودەولەتییەکەیدا، سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی دەکات.

بەکورتی: ئامادەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی لە ڕووداو و سەکۆ جیهانییەکاندا، پاسپۆرتی پەڕینەوەی ناسنامەیەکە بۆ دنیای دەرەوەی خۆی، کە ساڵەهای ساڵە هەوڵی تواندنەوەی دەدرێت!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP