دواین هەواڵ

ئەرەستۆ بۆ کوردستان قسە دەکات

‌ئەبوبەكر كاروانی

15/09/2022

دەربارەی چییەتی کۆمەڵگەی سیاسی

کۆمەڵگەی سیاسی ئاماژەیە بە کۆمەڵێ پەیوەندی وڕێکخستنی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی قانونمەندی و کۆمەڵێ ئامانج وبەھای ھاوبەش. ئەرستۆش لە کتێبەکەی خۆیدا (سیاسەت) لەسەری وەستاوەو ویستویەتی بەکورتیش بێت، لەفۆرمەکانی تری خۆڕێکخستنی گروپەکان جیایبکاتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش قورسایی دەخاتە سەر جۆری ئامانجەکان و ئەو ھەل و مەرجەی بۆ ژیانێکی کامڵتری ئینسانی پێویستە. ئەوەش ڕەنگدانەوەیەکی تایبەتمەندی تێگەیشتنی ئەرستۆو زۆر فەیلەسوفی تری یۆنانە بۆ سیاسەت وەك چالاکییەکی مرۆیی ئامانجدارو رەگداکوتراو لە سەرزەمینی ئەخلاقدا.

پرسیاری سەرەکیش لای ئەرەستۆ لەم ڕووەوە ئەو بناغەیە کۆمەڵگەی سیاسی لەسەر دروست بووە، یاخود بڵێین وێناکردنی دۆخی سروشتی کۆمەڵگەی سیاسی و پێکھێنەرەکانی و مەبەستەکانی پشتیەوەیەتی، کە ئەوەش لە ڕێی خۆیەوە خەسڵەت و ئامانجەکانی دیاریدەکەن. بۆیە، ئەگەر خەڵکی سەرەتا بە ڕۆحییەتی سەوداسەری سەروەت و سامان لە دەوری یەك کۆببنەوە، وێنای کۆمەڵگەی سیاسی لەگەڵ کۆمپانیادا تێکەڵ دەبێت. دابەشکردنی پلەو پایەو ئیمتیازەکانیش بە گوێرەی بڕی سامان و دارایی کەسەکان دەبێت.

لەم کۆمەڵگەدا ژیان دەبێت، بەڵام نابێتە کۆمەڵگەی سیاسی با دەسەڵاتی سیاسیش حوکمی بکات چونکە ئامانجی کۆمەڵگەی سیاسی، تەنھا ژیان نیە، بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵگە نامرۆڤییە گیاندارەکانیش توانای بەدیھێنانی ئەوەیان بۆ ئەندامەکانیان ھەیە، کەچی کۆمەڵگەی سیاسیش پێکناھێنن. ھەروەھا ئامانجەکانی کۆمەڵگەی سیاسی تەنھا بە توانای پێکھێنانی ھێزی سەربازی یەکگرتوو بەرگری لەخۆکردن بەرامبەر ھەڕەشەی دەرەکی و ڕەخساندنی زەمینەی کار و کاسبی و بازرگانی نایەنەدی. ھەر بۆیە، کۆمەڵگەیەکی سیاسی، کە بەڕاستی شایستەی ئەو ناونیشانە بێت و تەنھا دروشم و قسە نەبێت، بەوە دەبێت خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خۆی بپارێزێت. ئەگینا جگە لە یەکێتیەکی سادەو ڕووکەش ھیچی تر نابێت. چونکە کۆمەڵگەی سیاسی پێکھاتەکانی لە ڕێی جۆرەھا پەیوەندیەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. لە گەڵ یەکدیدا لە دۆخی ھاوکاری و پەرۆشی وھاوچارەنوسیدان .

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کۆمەڵگەی سیاسی تەنھا لە ڕێی ھاوبەشی لە شوێن و کۆبوونەوە بە دەوری یەکتردا پێکنایەت، بەڵکو لە کۆبوونەوەی خانو و خێزانەکان پێکدێت، کەڕەمزە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی پەیوەندی وگیانی ھاوڕێیەتی وکەلتورێکی خەڵکیی زیندوو گەرم وگوڕ. بە واتایەکی، تر ، کۆمەڵگەی سیاسی لە بنەرەتدا، کۆمەڵگەیەکی سروشتیە. پەیوەندی و ڕایەڵە کۆمەڵایەتی و ڕۆحی و کەلتوری و ئەخلاقییەکان ژێرخانی ڕووپۆش و دەسەڵاتی سیاسی پێکدەھێنن. ئامانجیشی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر و تەواو و سەربەخۆو پایەبەرز و شادمان و بەختەوەرە.

بە واتایەکی تر، شوێنێکە بۆ نمایشکردن و دەرکەوتنی چاکەی گشتی و گەڕان بەدوای کامڵترین شکڵی ژیاندا، کە ئەوەش ڕووی دووەمی گەڕانە بەدوای باشترین شکڵ و شێوازی حوکومڕانیدا، حوکمڕانیەك توانای چەسپاندنی سەرەتاکانی دادپەروەری و ڕەخساندنی زەمینە وھەل ومەرجی ژیانێکی شایستە بەمرۆڤی ھەبێت.

ئەگەر لەم ڕوانگەوە سەیری کۆمەڵگەی باشوری کوردستان بکەین، ھەستدەکەین پێناسەی کۆمەڵگەی سیاسی بەسەردا ناچەسپێت. چونکە جگەلە کێشەی سەربەخۆنەبوون، زۆر بە کورتی لە دۆخێکی شڵەژان و پەشۆکاویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی وشکڵی جۆراو جۆری لێکترازاندا دەژیت.

ناتوانێت لە بەرامبەر دوژمنکاریی دەرەکی بە گوێرەی پێویست بەرگری لە خۆی بکات، کە کۆمەڵگەیەکی سادەی پێش دۆخی بەسیاسیبوونی بە مانا ئەرەستۆییەکەی دەتوانێت ئەوە بکات. ھەروەھا، ناتوانێ پێکھاتەکانی لە چوارچێوەی ناسنامەو ئەزموونێکی ھاوبەش و ھاریکارەکاندا بە یەکەوە جۆشدات و قوڵاییەکی ڕۆحی و دەرونیش بەو پەیوەندیە گرێدەرانە ببەخشێت.

مرۆڤ لێرەدا ھێشتا لە خەمی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاساییدایە، نەك عەوداڵبوون بە دوای باشتر ژیان و ژیانێکی کامڵ و بەختەوەر و شاد و پایەبەرز بەو جۆرەی فەیلەسوفەکەمان وەسفی کردووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP