دواین هەواڵ

ئەو مەزنەی بەبێڕێزی لە وڵاتەکەیدا سەری نایەوە!!

‌محەمەد خۆشناو

03/09/2022

لە جیهاندا پایەی مەزنەکان جیاوازن ، هەیە لە سەرەوەیە ماندێلا و گاندی…هتد ، هەیە لە ناوەڕاست تشرشل و دیگۆل … هتد ، هەشە لەخوار ئەوانن ، لەوان خوارتریش هەیە هەموویان بەپێی پلەو پایەیان بەمرۆڤی مەزن و گەورە دەمێنێنەوە، لەناو گەلاندا زۆر ئەو سەرکردانەی کە دوای نەمانیان گۆرانی خەماوی و سەردولکەیان بۆ دەچڕن کاتێک تشی گیڤارا -ی شۆڕشگیڕی بەناوبەنگی لاتینی مرد ، دەیان گۆرانی خەماوی و سەردولکەیان بۆ چڕی کە تا ئێستا بەردەوامە ،

چەند مانگێک لەمەوبەر ڕوفاتی «پاتریک لۆمۆمبا»ی پاڵەوانی ڕزگاری کۆنگۆ لە ئیمپریالیستی بەلجیکی لە بەلجیکاوە هێنرایەوە «کنشاسا»ی پایەتەخت گەورەترین ئاهەنگی نیشتیمانی و جەماوەری سازکرا ، کە ڕوفاتی سەرکردەی ئەفسانەیی مستەفا بارزانی و ئیدریسی کوڕی لە باشماخی ئێران هاتنەوە کوردستان جەماوەرێکی خرۆشاوی بێوێنە لە زاخۆ تا خانەقین لە پێشوازیان دابوون ، سەرکردەش هەن بەزیندووێتی و مردوویی بەر تف و نەفرەتی جەماوەر و مێژوو دەکەون و ، هی واش هەیە بەبێدەنگی و بێڕێزی لە دوورە وڵات یا لە وڵاتەکەی خۆیدا سەردەنێنەوە و گۆرانی و سەردولکەیان بۆ ناچڕێنرێت ، یەکێک لەو مەزنانە گۆرباتشۆف-ە کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕوسیا مرد.

گۆرباتشۆف کە لەساڵی 1985دا لە لووتکەی پێگەی رێکخستنی حزبی شیوعی لە یەکێتی سۆڤیەت دابوو ، بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاند ، ئەم بەرنامەیە کرا وەرەقەی ناوخۆی حزب و ، دوای دوو ساڵ کرایە کتێب و بانگەوازە بەناوبانگەکە «پرۆسترۆیکا» سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و « گلاسنوست» کرانەوە ڕاگەیەنرا .

ئەو کە بووە سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت ویستی ئەو بەرنامە چاکسازیە ئەنجامبدات ، چوونکە برین و زامێکی گەورەی لە وڵاتەکەیدا بینی و دۆمەڵ و زاخاوەکەی بەدیاردەکەوتن ، لەمباریەوە دەڵێت : یەکێتی سۆڤیەت وەک یەک سەرنشین وایە لەسەر پشتی یەک کەشتی ئەویش زەویە و ، لەسەر هەمووان پێویستە کاربکەن لەپێناو پاراستنی ئەو کەشتیە لە نقوبوون ، چونکە کەشتیەکی دووەمی نوح نابێت.

گۆرباتشۆف ململانێی نێوان سەربازگەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای نەهێشت بە مۆرکردنی دانانی سنوورێک بۆ چەکی ئەتۆمی ، بەمە ماڵویرانی دوورخستەوە و ئاشتی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی  بۆ گەلان هێناپێش ، ئابووری ڕوسی گۆڕی بۆ بازاڕ و ڕێبازی سەرمایەداری ، چونکە دەیزانی  ئەزموونی ئابووری سۆشیالستی کە لە سالی 1914 لەگەڵ «لێنین» دوای ئەویش«ستالین» شکستی هێناوە و هێزی پاڵنەری ڕوسیا لە سەرچاوە و داهاتی ئابووری و ستراتیژی ئەو وڵاتەی داچۆڕاندووە.

ئەو پیاوە جیهانی گۆڕی ، نەک هەر ئەوە هەموو ڕێڕەوی مێژووی نوێی گۆڕی ، چونکە لەمیانی ئەو ماوە کورتەی دەسەڵاتیدا پڕنسیبی نوێی لە پەیوەندی ڕێک و باش دانا کە یەکێتی سۆڤیەتی لەگەڵ وڵاتە جیاجیاکانی جیهان کۆکردەوە هەتا لەگەڵ ئەوانەش کە لە ڕووی ئایدۆلۆجی و هزریەوە لەگەڵیدا جیاواز بوون ، کە دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 ڕووخا ، رەتیکردەوە کە تەدەخول بکات و ڕووداوەکەی بە کارێکی ناوخۆی ئەڵمانیا دانا ، گۆرباتشۆف پێشنبینی ئەوەی نەدەکرد کە  وڵەتەکە بەو شێوە خێرا و  دڕااماتیکیە بەرەو فەوزای ئابووری و سیاسی بچێت ، هەوڵیدا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات بەڵام کارلەکار ترازابوو و ، بێویژدانیشە هەموو شت بخرێتە ئەستۆی ئەو پیاوە ، چونکە ئەوانی دوای ئەو ڕۆلی زۆر ترسناک و خەراپیان بینی لە کۆتایی هێنان بە یەکێتی سۆبیەت و پاڵنانی ڕوسیا بەشێوەیەک بۆ باوەشی خۆرئاوا کە شیاوی مێژوو و پێگەی ڕوسیا نەبوو.

خۆرئاوا وێڕای هاندانی گۆرباتشۆف کەجی وەک دوژمنێک مەمڵەیان لەگەڵدا دەکرد و موزایەدەیان لەسەر دەکرد و گێچەڵیان پێدەکرد . ریگان-ی سەرۆکی کۆچکردووی ئەمەریکا بە بانگەوازە بەناوبانگەکەی : بەڕێز گۆرباتشۆف دیواری بەرلینی ڕووخاند ، جورج بۆش-ی باوک بەوپەڕی خۆبەزلزان و بێمنەتی مەمڵەی لەگەڵ دەکرد و ، لەسەردەمی ئەودا ژمارەی هەژارانی سۆڤیەت دەیان ملیۆنی تێپەڕاندبوو کەجی یارمەتی ئابووری-یان نەدەدا ، بۆیە شتێکی سەیر نیە کە ڕوسەکان بە خەراپترین سەرۆکی سەدەی بیستی دابنێن و «پۆتین»یش ڕووخانی سۆڤیەت بە تراژیدیای سەدەی بیست و خەراپترین کارەساتی جیۆسیاسی دانا و ، زۆربەی مارکسیەکانی جیهانیش بە کوردستان-یشەوە گۆرباتشۆف بە شەیتان و خائنی گەورە سەیریدەکەن.

مێژوو فێرمان دەکات ئەو ئیمپڕاتۆرانەی گەلانی خۆیان سەرکووت بکەن و سەرنەکەون لە دابینکردنی پێداویستیەکانیان ، نەمانیان لە نیوچاوانیان نووسراوە….بەهەر حاڵ پۆتین توانی ماوەی گۆرباتشۆف و ئەوەی دوای ئەویش لاببات و ، قەیسەر ئێستا لەهەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی نەبەردیەکانی ڕوسیا و دروستکردنی ئیمپڕاتۆریەتی سێیەمی ڕوسیا…بەداخەوە ئەوە قەدەر و ڕووداوە جیاوازەکانی مێژووە کە وادەکات کەسانێک ئەو ڕێزە گەورەیەی لە جیهان لێیگیرێت و لەناو وڵاتی خۆی لێینەگیرێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP