دواین هەواڵ

داربڕ

‌ئارام عەلی عەزیز

02/02/2021

چەند مایەی پەشیمانیەكی گەورە دەبێت كاتێك داربڕێك لقەدارێك بەتەورەكەی دەبڕێتەوەو بەپاچەكۆڵەیش رەگوڕیشەكەی هەڵدەكێشێت، ئەمە نمونەی فكرو ئایدۆلۆجیەتە لەنێوان رەسەنایەتی و مۆدێرنیتەدا، كە قووڵایی درێژكراوەی لەم خاكەدا بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو، رووداوو سەربردەكانیشی مێژووی مرۆڤایەتی بەنموونە دێرین و شارستانیەتەكانی شەرەفمەند كردوە، كە ئەگەر ئەمڕۆیش كوژاوەتەوە یان خامۆشە، بەڵام لەیادەوەریی و تۆماریی ئینسانیدا سەرەڕای پەلاماری چەندین سوپا بۆسەر خاكەكەی كەسەرزەمینی یەكەمین لانكەی شارستانیەتە - دوای گوازرانەوەی ململانێكە لەبەهەشتی خولدەوە بۆ بەهەشتی ئادن - هەر بەنەمری ماوەتەوە.

ئەو نمونەیەی رەسەنایەتی و مۆدێرنیتە، چەمكێكە  لەوانەیە هەندێك كەس بەخەون و خەیاڵەكانیەوە تائاستی سەرخۆشبوون مەست بكات، بەڵام لەگەڵ هەر بەهۆشهاتنەوەو بەئاگاهاتنەوەیەكدا دەبینێت كە چەند زیانی بە خۆی گەیاندوە. زۆر كەسیش لەوانەی كە  بەدرێژایی مێژوو خۆیان بەریفۆرمخواز ناودەبرد هەوڵی كۆكردنەوەی رەسەنایەتی و هاوچەرخبوونیان  لەیەك فۆرمدا داوە.

ئ

ەمڕۆ لەكاتێكدا گەل ومیللەتەكەمان لەو رەوشە هەستیارو وەرچەرخێنەرەدا بەرەو بەدەستهێنانەوەی ناسنامەو كیانی وجودی خۆی لەناو گەلان و میللەتانی دیكەی سەرزەمیندا هەنگاو دەنێت،

دووچاری پلانێك بۆتەوە كە ئامانجی شێواندنی مێژووە رەسەنەكەمان و ئاراستكردنمانە بەرەو كاردانەوەو ئینفیعالاتی فكریی و ئایدۆلۆجیی خێل وخوار لەسۆنگەی پابەندبوون بەبەهاو قیەمە نەگۆڕەكانمان، یان  غاردان و چوون بەرەو گوتەی كرانەوەو ئینفیتاح.
لەراستیدا شارستانیەت و مەدەنیەت، نوێبوونەوەو مۆدێرنیتە، رەسەنایەتی و هاوچەرخێتی هەناسەهەڵكێشان و قووتدانی هەواو دەردانەوەی بەقسەی گەورەو زاراوەی رەنگاوڕەنگ نیە، بەڵكو شارستانیەت: یاسای فكرو ماددەو ئینسان و وجودو خودای ئافرێنەرە. هیچ شارستانیەتێك بەبێ‌ فكر بوونی نابێت، هیچ فكرێكیش بەبێ‌ خودا بوونی نیە. هیچ ئومەتێكیش بەبێ‌ نموزەجی سەرۆكایەتی وجودی نیەو ناشبێت. ئەوە رەسەنایەتی و مۆدێرنیتەیە.

ئەمڕۆ هەموومان بەجەنجاڵێكی درێژخایەنی فكرو ئایدۆلۆجیادا تێپەڕدەبین، كە تیایدا ئاستی شێواندنی پرەنسیپ و بەهاكان واقعێكی شەبیهی ئەو قۆناغەی هێناوەتە كایەوە، كە تیایدا مەلائیكەت و جن و بەشەر بەگێژاوێكی سەرسوڕمانی گەورەدا تێپەڕین، كە پرسیار بوو لەوەی ئێمە كێین؟ كێ دروستی كردووین؟ نهێنی هەبوون و وجودمان چیە؟ پرسیار گەلێك خرپەی دەروون قووڵیكردەوەو لەفەلەكی مێشكدا سووڕایەوە لەنێوان عەقڵ و دڵ، روح و ماددەو تایبەت و گشتیدا، دەروازەی بوارەكانی سلوك و هەڵسوكەوتی كردەوە لەوەی، كە هی تۆیەو لەوەی كە لەسەرتە لەماف و ئەركدا. پرسیار گەلێك بانگهێشتی وەڵامێكی دەكرد، بۆ رێكخستنی پێداویستیەكانی ژیانی رۆژانەمان لەقوت و ئاسایشدا. سەرسوڕمانێك بەرەو ماهیەتی دیانەتە ئاسمانیەكان و بیروباوەڕە تەشریعیەكانیان و راستڕەوو چەپڕەوو خۆرهەڵاتیی و خۆرئاوایی و كۆمۆنیستیی و سەرمایەداریی داپۆشكاریی سەردەمی عەولەمەمان دەبات.

لەسەردەمی ئەمڕۆماندا یاساكانی كیمیا، فیزیا، ئەتۆم، ئەلكترۆنیات و ماتماتیك، تادەگاتە یاساكانی گەردوونناسیی و پراكتیكەكانی دەزانرێن و ئاشكران، بەڵام دیسان هەر هەموویان، بەبێ گەوهەری یاسای فكر ناتوانن بەختەوەریی و ئاسوودەیی خواستراومان پێ ببەخشن. كە پێشتریش وەڵامی پرسیارەكان لە خەلقی حەزرەتی ئادەم و مەعریفەی كەونیش لەئەنجامی ململانێی نێوان خێرو شەڕدا لەیاسای فكرو ماددەدا(زانستی ئایدۆلۆجیا) بەرجەستەبوو، واقیعەكەیش لێرەوە بووبە گەورەترین داستانی مەلحەمی و ململانێیەكی گەورەو دژواری لەسەر گۆی زەوی لێكەوتەوە، كە تارۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامەو تیایدا بەشەریەت لەئینسانبوونەكەی دەرخراوەو لەسەر لێواری داڕماندایە.

لەو روانگانەوە پابەندبوونمان بەناسنامە فكریی و ئایدۆلۆجیەكەمان و ئینتیمامان بۆ بەهاو قیەمە رەسەنەكانمان و بەرزڕاگرتن و شانازیكردن بەكەسایەتیە مێژوویەكانمان تاكە رێگای تێپەڕاندن و دەربازكردنی جیاوازی ماددی نێوان ئێمەو ئەوانە. ئەمە شێوازی مامەڵەكرنمانە لەگەڵ ئەوانی دیكەو پێویستیشە هەر ئەوها بێت، بەو شێوەیە دەستی داربڕمان لە سەر ئەو دارە دوورخستەوەو ئیتر لەمەودوا سەوزدەبێت و دەگەشێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP