دواین هەواڵ

(هێزی نەرم سۆفت پاوەر)

‌هێدی رەزا

02/02/2021

ئەم ناوە (جۆزیف نای) مامۆستای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەزانكۆی هارڤارد ساڵی 1990 لێینا لەكتێبەكەیدا بەناوی (حەتمیەتی سەركردایەتی: سروشتی گۆراوی هێزی ئەمریكا) و دواتر ساڵی 2004 لەكتێبی (هێزی نەرم ئامرازێكی سەركەوتو لەسیاسەتی نێودەوڵەتی) زیاتر پێناسەی ئەكا بە (توانای دەستكەوتنی ئەوەی ئەتەوێ‌ بە قەناعەت پێ‌ كردن نەك بەزۆرلێكردن) لەرێی هێزی رۆشنبیری و لێبوردەیی ئاینی نامەی مرۆڤدۆستانەی جیهانی بەدەست دێ‌.

ئەتوانین لەرێی چیرۆكێكی سادەی مناڵانە باشترین پێناسەی بكەین كە ئەڵی: (خۆر و رەشەبا ململانێیان بوو كامیان ئەتوانن چاكەتێك لەبەری پیاوێك دابكەنن، رەشەبا هەموو هێزی خۆی كۆكردەوە هەوڵیدا پیاوەكە چاكەتەكەی داخست بۆیە رەشەبا شكستی هێنا، بەڵام هەتاو تیشكی گەرمی خستە سەر پیاوەكە و ناچاریكرد لەگەرمادا چاكەتەكەی داكەند)
، پەندی ئەم چیرۆكە (ئەوەی بەهێز بەدەست نایە ئەكرێ‌ بەنەرمی بەدەست بێت). هەرچەند هەندێك پێیان وایە پەیوەندی بە ژن و بەشداری ژنە لە كایەكانی سیاسەت بەڵام دورونزیك پەیوەندی پێوەنییە.

وڵاتە كاریگەرەكان چەند جۆرێك هێزیان هەیە:

1- هێزی سەربازیی، تیایدا بەهێزەكان بەسەر بێهزەكاندا سەرئەكەون و مەرجەكانی خۆیان ئەسەپێنن.
2- هێزی ئابوری، كە وڵاتە دەوڵەمەندەكان ئەتوانن یارمەتی وڵاتە هەژارە دۆستەكانیان بدەن و نەیارەكانیانی لێ‌ بێبەش بكەن و لەم رێگەیەوە ئەتوانن سیاسەتی خۆیان بسەپێنن.
3- هێزی نەرم بۆ بەدەستهێنانی ئامانج بە راكێشانی سەرنجی بەرامبەر و ناچاركردنی تا ئەوەی ئەتەوێ‌ بەدەستی بهێنی بەبێ بەكارهێنانی زەبروزەنگ.
ئەكرێ‌ وڵاتێك هەرسێ‌ جۆرە هێزەكەی هەبێ‌ وەك ئەمریكا خاوەنی بەهێزترین سوپا و باشترین ئابوری و كاریگەرترین هێزی نەرمیشی هەیە لە قەناعەتپێهێنان بەوڵاتان چونكە جگەلەوەی كەلتور و رۆشنبیریەكەی بەگشت جیهاندا بڵاوبۆتەوە ژێرخانێكی ئابوری پتەوی هەیە زۆرینەی براندە دیارو بەناوبەنگەكانی وەك (ماكدۆناڵد و پانتۆڵی كاوبۆ و فیلمەكانی هۆلیۆد و ئاهەنگەكانی ئۆسكار)یش بە هێزی نەرم دائەنرێن.

ساڵی 2020 پۆلێنی وڵاتان بۆ توانای هێزی نەرم بەمشێوەیە:


یەكەم ئەمریكا ئینجا هەریەكە لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ژاپۆن، چین. هەڵسەنگاندنەكان بەپێی كۆمەڵێك پێوەری سەرەكی بوو لەوانە (كاریگەریی جیهانیی سەبارەت بە وڵاتەكە، ناوبانگی وڵاتەكە، زانیاری گشتی دەربارەی وڵاتەكە، كار و بازرگانی، رۆشنبیری و كەلتور)
پرسیارێك دێتە كایەوە ئایا ئەكرێ‌ وڵاتێك خاوەنی هێزی نەرم بێ‌ بێئەوەی هێزێكی سەربازی بەهێز یا ئابوریەكی بەهێزی هەبێ‌؟ ئەتوانین بڵێین هێزی نەرم گۆڕانی بەسەرداهاتوە بەجۆرێ‌ هەمو وڵاتێك ئەتوانێ‌ هەیبێ‌ هەرچەند سەختە بەبێ‌ هێزی سەربازی و ئابوریەكی بەهێز، بەڵام ه

هەندێ وڵاتی بچوك وەك نەرویژ و سەنگاپورە هێزی نەرمیان هەیە لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەیان لە پێنج ملیۆن تێپەڕ نابێ‌ هەمان شت بۆ وڵاتانی كەنداویش راستە ئیمارات لەپلەی 18 دێت لەبونی هێزی نەرم

سەرچاوەكەشی كرانەوەی رۆشنبیری و فەرهەنگی و ئابوریەكەیەتی نەك سوپایەكی بەهێز، میسر بە رۆشنبیریەكەی و هونەرەكەی وشێوەزارەكەی و زانكۆكانی و شوێنەوارەكانی شارستانی فیرعەون هێزێكی نەرمی كاریگەریی لەسەر عەرەب وجیهانیش هەیە .

بۆیە ئەكرێ‌ وڵاتانی ئەم ناوچەیە و هەرێمی كوردستانیش سود لەهەر لایەنێكی گەشی وڵات وەربگرین بۆ نیشاندانی وەك هێزی نەرم
بەرامبەر جیهان بەتایبەت ئێمە سوپاو ئابوری بەهێزمان نییە تا ململانێی وڵاتان بكەین بۆیە رەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ خۆناساندن و بەدەستهێنانی ئامانجەكانمان

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP