دواین هەواڵ

لە روانگەی سەرۆکی هەرێمەوە بڕوانن

‌نوری بێخاڵی

30/08/2022

ئەوەی ئەم یەک دوو رۆژە لە بەغدا بینیمان، دەرەنجامە نەک هۆکار. دەرەنجامی ئەو دەوڵەتەی سەد ساڵ پێش ئێستا، بەبێ ویست و لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکانی، خەڵکەکەی وەک تۆپەڵێک و بەبێ رەچاوکردنی جیاوازییە ئیتنی، کولتووری، فەرهەنگی، جیۆگرافی و مێژووییەکانیان، زۆرەملێیانە خرانە چوارچێوەیەک و ناویان نا عێراق.

ئەم ناسەقامگیری و نائارامییە بەردەوامەی عێراق، چەندە پەیوەندیی بە سروشتی بەزۆر دروستکردنیەوە هەیە، هێندە و زیاتریش گرێدراوی جۆری بیرکردنەوە و مامەڵەی تاکڕەوانەی حوکمڕانەکانی و ئەو راستییەیە کە هەمیشە دەوڵەتی کەمینەیەکی فەرمانڕوا بووە و تیایدا هیچ بەهایەک بۆ هاووڵاتیبوون نەبووە.

دەوڵەتێکیش ئەوە مێژووەکەی بێت و بەناو تونێڵی تاریکی ئەم هەموو جەنگ و ماڵوێرانییەدا تێپەڕ بووبێت، ئەگەر بێتو گرێبەستێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی، کە مافی وەک یەکی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و هەموویان بە یەک ئاست پێیەوە پابەند نەبن، کۆیان نەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئاسان نییە ببێتە دەوڵەتێکی سەقامگیر و خاڵی لە ئاژاوەی سیاسی.

دوای رووخانی بەعس، لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەرگیز نەدەبوو بیر لە دووبارە بە سەنتڕالکردنەوەی دەسەڵات و پەراوێزخستنی ئەم و ئەو بکەنەوە. لەوەش ترسناکتر، هەرگیز نەدەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانیان، پەنا بۆ چەک و زەبری هێز ببەن. چونکە هێزی چەک هەموو کات ناتوانێت واقیعێکی سیاسیی ناجۆر، بە واقیعێکی نوێ و جیاواز بگۆڕێت. بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە دەرفەتی گفتوگۆ و دانوستاندن و زەمینەی چارەسەری ئاشتی و مەدەنیانە هەبێت و دەستوورێک هەمووان کۆ بکاتەوە!.

دۆخی لەوەی بەغدا چاوەڕوانکراو بوو، بەتایبەتی لە عێراقێک کە تیایدا حزب و لایەنی سیاسی نییە و نادۆزیتەوە، بەشی خۆی هێز و چەک و جبەخانەی نەبێت. هێزگەلی سیاسی، کە ئەگەر نەشتوانن سەرتاسەری وڵات کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام لە هەموو چرکەساتێکدا دەتوانن ببنە سەرچاوەی ترس و هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەدڵنیاییەوە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش دروستە.

راستییەکەی، ململانێی ناتەندروستی حزبی و مەیلی قۆرخکردنی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی، عێراقی بەم رۆژەی ئەمڕۆ گەیاند. بۆیە ئەگەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا ناکۆکییەکانیان چارەسەر نەکەن، ئەگەری دووبارەبوونەوەی دۆخی هاوشێوەی ئەم دوو رۆژە، بگرە ترسناکتریش لەوە، ئەگەرێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە.

لەم روانگەیەوە، جەختکردنەوەی بەردەوامی بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (کە ئەودیوی تونێڵی ناکۆکی و ململانێیەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەبینێت) لەسەر گەڕانەوە بۆ لۆژیکی گفتوگۆ و زمانی عەقڵ و مێزی دانوستاندن، سەرچاوە لەو راستییەوە دەگرێت، کە لۆژیکی هێز هەرگیز نە رێگا چارەسەر بووە و نە دەشبێت.

بۆیە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان (بەداخەوە، ئیستا وەک حزبی سیاسی لە بەغدان، نەک وەک بەرەیەکی یەکگرتووی خاوەن دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی)، هەروەها راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە بەشێک لەو دابەشبوونە سیاسییەی ئەمڕۆی عێراق، دەبێ ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیی سەر شانیان بکەن و رووداوەکانی بەغدا بکەنە پەند، بەوەی خاڵێک لە کۆتایی دێڕی ناکۆکی و ململانێکانیان دابنێن و لاپەرەیەکی نوێ لەسەر بنەمای (یەکتر خوێندنەوە و قبووڵکردن، گفتوگۆ و دانوستاندن، نەرمینواندن و سازشکردن بۆ یەکتر) بکەنەوە و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەم دڵەڕاوکێ و دۆخە ناجێگیرە دەروونییە رزگار بکەن و روانگە و ستراتیژی ئاشتیخوازانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەنە نەخشەڕێگا و گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکەی (قانیع)ی شاعیر بن، کە دەفەرمووێت:

برا بن، غایەتان یەک بێ، برایی غایە یەکبوونە
ئەوەی کۆمەک بە بیرت بێ، لە هەر لا بێ، براتانە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP