دواین هەواڵ

عێراق بەرەو هەڵدێر و کەوتنە ناو بیر-ێکی قووڵ!

‌محەمەد خۆشناو

27/08/2022

لەوەتەی عێراق دروستکراوە وێڕای زۆری سەرچاوە و سامانی سروشتی بۆتە ماڵوێرانی بۆ خەلکەکەی ، ئەم وڵاتە  سیستەمە سیاسی و حوکمڕانیەکەی تووشی ئایدز بووە و مەناعەی لەدەستداوە ، هۆکارە سەرەکیەکەی بریتیە لە نەبوونی شوناسی نیشتیمانیی ، لە عێراق شیعە و سونە و کورد و پێکهاتەکانی دیکە هیچ شوناسێکی نیشتیمانیی کۆیاناکاتەوە و هەست بە هاڕمۆنیەت و گونجاوی نیشتیمانیی و متمانە لەنێوان پێکهاتەکان ناکەی و ، هەر وڵاتێکیش شوناسی نیشتیمانی کزر بوو بەرگری دەوڵەتەکە لەرزۆک دەبێت و ناتوانێت لە نێوەندی گۆڕانکاریەکاندا بوەستێت و دەکەوێتە بەردەم« با» ، لەو وڵاتەدا لایەنەکانی دەسەڵات مامڵەی ئەو سەردەمە هەر بە هزری سەردەمانی پێشوو دەکەن و ، بڕوایان بە  دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ و حیوار و  لێکتێگەیشتن و ڕای جیاواز و ماف و داخوازی و ئەم و ئەو نیە ، هەر بۆیەش لەوەتەی بەریتانیا ئەم وڵاتە پێکەوەناوە شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن بەردەوامی هەیە ، کە جگە لەدابەشکردنی  هیچ چارەسەرێکی دیکەی نیە ، با دوو مەنزومەی دەسەڵاتی پڕ لە کارەسات و قەیراناوی بە نموونە بهێنینەوە:

سیستەمێکی دیکتاتۆری بە سەرۆکایەتی سەدام حسین-مان بینی کە بەئاگر و ئاسن وڵاتەکەی بەڕیوە دەبرد چی نەما نەکات و ، خەلک و وڵاتەکەی بەرەو ماڵویرانی برد کە کەم وڵات هەیە ئەوهای بەسەردا هاتبێت ، ئەو سیستەمی ئێستاش کە دوای 2003 هات  کە وڵاتەیەکگرتووەکان بە خەیاڵی خۆی عێراقێکی یەکگرتووی دیموکراسی گەشەسەندوو دادەمەزرێنێت ، کەچی چارەنووسی ئەو وڵاتەی ڕادەستی کۆمەڵێک لە حزب و لایەنی شیعیە کرد کە زۆربەیان پاشخانی ئایینیان هەیە و وەلائییان بۆ ئێرانە و ، سیستەمێکی ئیفلیجی سیاسی و حوکمڕانیان وایان هێنا ئاراوە کە هەندێک کەس سەد خۆزگە بخوازن بە سیستەمەکانی  تر وەک ئەوەی  ئێستا دەیبینین  ، ڕۆژ دوای ڕۆژ وڵاتەکە نزیک دەکەنەوە لە لێواری هەڵدێر ، ورە سەیری ئەو وڵاتە بکە بزانە چۆن کراوە بە کاولگە و ج دۆزەخێکە !! 

من باسی ناسەربەخۆبوونی دادوەری  و  دادگا و سوپا و پۆلیس و  ئەمنیەت و کێلگەکانی نەفت ناکەم  ، باسی ئەوە دەکەم کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکەمین وڵاتە لە جیهان لە ژمارەی خاوەن پێداویسی تایبەت و هەروەها لە بێوەژن و منداڵی بێدایک و باوک ، ئەوە جگە لە بێکاریەکی زۆر  و خەراپی خزمەتگوزاری تەندروستی و   فێرکردن و پەروەردە و ئاو و کارەبا و ترس و نیگەرانی …هتد  کە وایلێهاتووە ئەوەی کەمێک دۆخی باشبێت ڕوو بکاتە هەرێمی کوردستان لێرە کاروکاسبی بکەن و ماڵ و حاڵ پێکەوە بنێن « بەخوا لە ئایندە ئەمە دەبێتە بەڵایەک بۆمان  نازانین چۆن چارەسەری بکەین ؟!»

قەیران لەسەر قەیران….ئەوەی ئێستاش کە لە بەغدا ڕوودەدات دەچێتە سەر قەیرانە کەڵاکەبووەکانی تر ، بەڵام ئەم قەیرانی ئێستا بەوە جیادەکرێتەوە کە تێکەڵاوێکە لە ئاڵۆزیەکی دەستووری و قانونی و کێشە و ململانێی گەوەرە لە ماڵی گەورەی شیعەکاندا  لەسەر دەسەڵات و پارە و ، هەموو لایەنەکانی دیکەش بێجوولە لە هەڵویستی چاوەڕوانکراودا وەستاون و لە چاوەڕوانی«گۆدۆ»دان ، ئەمە جگە لە تەدەخولاتی ئاشکرا و نائاشکرای هەندێک وڵات ، ئەمە وایکردووە بنبەستی سیاسی ببێتە هەڵبژاردەیەکی حەتمی و ، ئەگەریش هەموو لایەنە پێکناکۆکەکان بەهەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتان ڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، بەڵام زەمانەتی ئەوە نابێت کە لایەنەکان ڕیز لە هەڵبژاردن بگرن و دیسان گرژی ئاڵوزی سەرهەڵدەداتەوە!

هەرگیز عێراق لەو مەنزومەی دەسەڵاتی ئێستایدا دۆخێکی ترسناکی وەکو ئەوەی ئێستا بەخۆوە نەدیووە ،   ئاسۆ داخراوە و گۆڕانکاریش موستەحیلە  و ، چەک ڕۆلێکی بنچینەیی لە پڕۆسەی سیاسی دەگێڕێت  و ، قۆناغێکی دیکەی گرژی بەڕێوەیە و ئەگەر دۆخەکە بتەقیتەوە بەکەس کۆنتڕۆل ناکرێت و هەموو لایەک تییدا زەرەرمەند دەبن ، هەروەک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا هۆشداریدا لە هاتنی قۆناغێکی پڕ مەترسی و  ترس و نیگەرانی خۆی لەسەر ئەو دۆخە خەراپەی ئێستای عێراق نیشاندا کە هەڕەشەیە بۆ داهاتووی وڵاتەکە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP