دواین هەواڵ

ئاییندەی عێراق لە نێوان ململانێی موقتەدا سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا

‌نەوزاد هێتوتی

15/08/2022

كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان

دوای ئەوەی سەدر لەگەڵ ھاوپەیمانەكانی لە پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە، نەیانتوانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بھێنن و، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانەكانی توانییان لە ڕێگەی "سێیەكی پەكخەر"ەوە ڕێگری لە دروستبوونی حكوومەت بكەن، لە ھەنگاوێكی چاوەڕواننەكراو لە 12 حوزەیراندا بە بڕیاری سەدر، ئەندام پەرلەمانەكانی دەستیان لەكار كێشایەوە.

بێ گومان ئەم دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی، زۆر جێگەی تێبینی و سەرنج بووە؛ بەتایبەت ڕكابەرەكانی، ئەم  بڕیارەی سەدریان بە دەرفەت زانی و بە شێوەیەك كه‌ خێرا جێگەی ئەندام پەرلەمانه‌كانیان پڕ كرده‌وە و بوونە زۆرینە لەناو پەرلەماندا و ھەوڵەكانیان دەست پێ كرد بۆ پێكھێنانی حكوومەت بەبێ ڕەوتی سەدر.

لە گوتارەكانی پێشوودا وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە كە، بۆچی سەدر ئەم ھەنگاوەی ھاوێشت یان پاڵنەرەكانی ئەم ھەنگاوەی سەدر بۆچی دەگەڕێنەوە؟ دیارە سەدر زۆر نیگەران بوو لە ھەوڵەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ڕێگریكردن لە دروستكردنی حكوومەت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی دادگه‌ی دەستوورییان وەك ئەمرازێكی سیاسی بۆ پەكخستنی پرۆسەی سیاسی بەكار ھێنا. لەو ڕوانگەیەوە، سەدر باوەڕی وا بووە كە سیسته‌می سیاسی لە عێراقدا، ڕێگرە لە بەردەم گۆڕانكاری و، ڕكابەرەكانی دەوڵەتی قووڵیان دروست كردووە  كە ڕێگە بە ھیچ گۆڕانكارییەك نادا.

لە لایەكی تریشەوە، سەدر پێی وا بوو كە ڕكابەرەكانی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، كێشەی زۆریان ھەیە و ناتوانن یاخود بوێریی ئەوە ناكەن بەبێ سەدر حكوومەت پێك بھێنن یان بەو ئاراستەیەدا ھەنگاو بھاوێژن. ھەروەھا، سەدر پێی وا بووە تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی نییەتی دروستكردنی حكوومەتیشیان ھەبێت، ئەوا لە ڕێگەی خۆپێشاندان و جووڵاندنی شەقامەوە  ڕێگەیان لێ دەگرێت.

ھەر بۆیەیش، كاتێك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی توانییان لە 25 تەمموز 2022 بگەنە ڕێككەوتن بۆ دروستكردنی حكوومەت و "موحەمەد شیوع سوودانی" وەك تاكە كاندیدی سەرۆكوەزیران دەستنیشان كرا، سەدر لە ڕێگەی خۆپێشاندان و كۆنترۆڵكردنی پەرلەمانه‌وه‌، ھەوڵەكانی نەیارەكانی پەك خست و ململانێی نێوان تەیار و ئیتاری بردە قۆناغێكی ترەوە. ئەمەیش ئاماژەیەكی ڕوون بووە كە سەدر ڕێگە نادات بەبێ ڕەزامەندیی ڕەوتەكەی، ھیچ حكوومەتێك لە عێراقدا دروست ببێت.

داواكارییەكانی سەدر دوای كشانەوە لە پەرلەمان

لە دوای خۆپێشاندانەكانی 30ی تەممووزی 2022 و دەستبەسەرداگرتنی پەرلەمان لەلایەن لایەنگرەكانی سەدرەوە، لە 31ی تەمموزدا لە ڕێگەی تویتێكەوە، سەدر كۆمەڵێك داواكاریی پێشكەش كرد.

سەدر لە تویته‌كەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە، دەبێت سیستەمی سیاسی و ھەڵـبژاردنەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت؛ ھەروەھا، دەستووری عێراق گرنگە ھەموار بكرێتەوە. ئەمەیش ھەندێك لایەن وایان لێك دایەوە كە ئاماژەیەكە بەوەی كە سەدر لەوانەیە ھەوڵی گۆڕانكاریی سەرتاسەری بدات و كوده‌تا بەسەر پرۆسەی سیاسیدا بكات. دیارە، ئەم لێدوانە زیاتر دەرەنجامی ئەو بۆچوونەیە كە لای سەدر دروست بووە بەوەی، دەستووری ئێستای عێراق ڕێگرە لە بەردەم ئەوەی گۆڕانكاریی گرنگ لە عێراق ڕوو بدات، یان ھەر ھیچ نەبێت بتوانێت حكوومەتی زۆرینە دروست بكرێت.

لە لایەكی تریشەوە، سەدر پێی وایە سیسته‌می سیاسیی ئێستا، گونجاو نییە بۆ عێراق، بەڵكوو دەبێت گۆڕانكاریی تێدا بكرێت؛ بە شێوەیەك سیسته‌مەكە بگۆڕدرێت بۆ سیسته‌می سەرۆكایەتی و، سەرۆك لە ڕێگەی خەڵكەوە ھەڵبژێردرێت. دیارە لە ھەموو ئەو داواكارییانە، سەدر مەبەستی ھەرە سەرەكیی ئەوەیە، بتوانێت لەو ڕێگەیەوە بەسەر ڕكابەرەكانیدا زاڵ بێت و كۆنترۆڵكردنی شەقامی شيعە لە عێراق بكات و، ئەگەر پێیشی بكرێت عێراق بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە. گومانی تێدا نییە كە سەدر و ڕەوتەكەی لەگەڵ ئەوەدان كە عێراقێكی بەھێز ھەبێت و، ھەستی عروبەیەتی و ناسیۆنالیستی بەسەریاندا زاڵە.  

بە ھەمان ئاراستەیش، لە 3ی ئابی 2022 لە گوتارێكی تەلەڤزیونیدا، موقتەدا سەدر كۆمەڵێك داواكاریی تری پێشكەش كرد، كە ھه‌ندێك جیاواز بوون لە داواكارییەكانی پێشووتری. سەدر جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە، دەبێت  پەرلەمان  ھەڵبوەشێته‌وه‌ و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

لە نوێترین تویتیشیدا، لە 10ی ئابی 2022 موقتەدا سەدر داوا لە دەسەڵاتى دادوەریى عێراق دەکات ڕێڕەوەکە ڕاست بکاتەوە و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە. لە تویتەكه‌یدا سەدر جەختی لەسەر ئەوە كرد كە، پەرلەمان بەهۆى کۆتاییهاتنى وادەى دەستووریى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و ڕانەسپاردنى سەرۆکوەزیران،"پێشێلکاریى دەستوورى"ی کردووە. ھەروەھا ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسراوێكی بڵاو كردەوە کە تایبەتە بە شێوازى پێشکه‌شکردنى سکاڵا بە دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.

لێرەدا، گرنگە جیاوازی بكەین لە نێوان دوو جۆر لە داواكارییەكانی سەدر: یەكەم، ئەوەی پەیوەندیی بە ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەیە. ئەم داواكارییانە تا ڕاددەیەك داواكاریی واقعین و، دەكرێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی تر جێبەجێ بكرێن؛ بەتایبەت زیاتر لە 10 مانگە دوای ھەڵبژاردنەكان نەتوانراوە حكوومەت دروست بكرێت و، ڕێگەچارەیش وەك ھەموو دەوڵەتەكانی دیموكراسی، گەڕانەوەیە بۆ ئیرادە و دەنگی خەڵك.

لە لایەكی تریشەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و دەستوورەوە ھەیە، بێ گومان ئەمە جێگەی مشتومڕ و تێبینییە و، پێم وا نییە دەستوور و سیسته‌می سیاسی ھۆكاری قەیرانەكانی عێراق بن. ئەوەی ڕاستی بێت كێشەكانی عێراق و قەیرانەكانی بەھۆی دەستوور و سیسته‌می سیاسییە نەبووە، بەڵكوو بەھۆی ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی شيعەیە كە ھیچ باوەڕییەكیان بە پرۆسەی سیاسی، دەستوور و دیموكراسییەت نییە و ھیچ كات پابەندی دەستوور  نەبوون.

كێشەكه‌ لەوەدایە دەستوور جێبەجێ ناكرێت و دەستەبژێری تەقلیدیی شيعە باوەڕیان بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات نییە. كێشەی سەرەكیی عێراق لەوەدایە كە، ھێزە تەقلیدییە شيعەكان زۆربەی دامەزراوەكانی دەوڵەتیان پەك خستووه‌ و دەوڵەتی قووڵیان دروست كردووە و زۆربەی دامەزراوەكانی دەوڵەتیان دژی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی بەكار دەھێنن و ڕێز لە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەكان ناگرن.

لە دیارترین نموونەكانیش دەستێوەردانەكانی دادگه‌ی دەستووری بووە لە پرۆسەی سیاسیدا، كە دەتوانین بڵێین بە بڕیارە لایەندارەكانی، كوده‌تای بەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا كرد. دادگه‌ی دەستووری لە جێگەی ئەوەی بەرگری لە  پرۆسەی سیاسی و  دیموكراسی بكات و پابەندی بەندەكانی دەستوور بێت، بووە به‌ ئەمرازێك بەدەست چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی حكوومەت، گوشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەكان و پەكخستنی پرۆسەی سیاسی.

لە لایەكی تریشەوە، خۆ دەستوور پاڵپشتیی ئەوە ناكات لە عێراقدا دەیان گرووپ و میلیشیا ھەبێت. بۆیە ناكرێت بەمیلیشیابوونی عێراق بخریتە ئەستۆی دەستوور و سیستەمی سیاسی، یان باوەڕ بەوە بكەین بە گۆڕینی دەستوور ئەو پرسانە چارەسەر دەبن.

لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، ئایا  تەشەنەكردنی گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگورازی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری، ھیچ پەیوەندییەكیان بە دەستوورەوە ھەیە؟ یان ئایا دەستوور ڕێگرە لەوەی خزمەتگوزاری پێشكەش بكەیت؟ ئایا دەستوور ڕێگرە لەوەی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببیتەوە و گەندەڵكاران سزا بدەیت؟ بێ گومان نەخێر. بۆیە دیسان دەڵێم: ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات بەدڵنیایییەوە پەیوەندیی بە دەستوورەوە نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بەو عه‌قڵییه‌ته‌ گەندەڵەوە ھەیە كه‌ عێراق بەڕێوە دەبات و سەروەت و سامانی وڵات بۆ خۆدەوڵەمەندكردن بەكار دەھێنن و سیاسەت و ئەجێندای دەوڵەتانی ھەرێمی جێبەجێ دەكەن.

ترسی "بەخومەینیبوون"ی سەدر

لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 و ھەوڵەكانی سەدر بۆ دروستكردنی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی، ھەروەھا لێدوانەكانی سەبارەت گۆڕینی دەستوور و سیسته‌می سیاسی، ھەندێك چاودێری سیاسی وای لێكی دەدەنەوە كە "سەدر مەترسییە بۆ سەر داھاتووی عێراق و دەبێتە "خومەینی" یان "سەدام"ێكی تر." بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت موقتەدا سەدر ناتوانێت دەست بەسەر ھەموو عێراقدا بگرێت و ناتوانێت ببێتە سەدام یان خومەینییه‌كی تر.

ڕاستە سەدر وەك ھەر سەركردەیەكی تری عێراق حەزی لەوەیە ببێتە تاكە مەرجەع لە عێراقدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا ڕێگە كراوەیە تاكوو سەدامێكی تر یان خومەینییه‌كی تر لە عێراق دروست ببێت؟ ئایا بارودۆخی عێراق و ناوچەكە گونجاوە بۆ ئەوەی دیكتاتۆرێكی تر لە عێراقدا  سەر ھەڵبدات؟ بێ گومان نەخێر؛ زۆر سەختە و بگرە مەحاڵە جارێكی تر كەسێك پەیدا ببێت و بتوانێت ھەموو عێراق كۆنترۆڵ بكات. لێرەدا ڕێگرییەكان یەكجار زۆرن:

یەكەم، لە عێراقدا زۆر لایەنی سیاسی و جەماوەری ھەن كە زۆر بەھێزن و پێگەی جەماوەریی بەھێزیان ھەیە و سەدر ناتوانێت ھەموویان بەلاوە بنێت. ڕاستە سەدر خاوەن ھەوادارێكی زۆرە، ھەروەھا خاوەن ھێزی چەكدارە، ئەمە بەدەر لەوەی لە بنەماڵەیەكی بەناوبانگە، بەڵام ھەموو ئەمانە ناتوانن ببنە ڕێخۆشكەر بۆ ئەوەی سەدر ھاوشێوەی خومەینی ھەموو عێراق كۆنترۆڵ بكات. لە عێراقدا زۆر ھێزی سیاسی ھەن و لەناو شەقامی شيعەدا ڕكابەری بەھێز ھەیە دژی سەدر و، ھەرگیز ڕێگە بەوە نادەن.

دووەم، لە سەردەمی مالیكی، بۆچوونێك ھەبوو كه‌ لەوانەیە مالیكی ببێتە سەدامێكی تر و زۆربەی لایەنەكان بە پیاوی بەھێزی شيعەكان ناویان ده‌برد.

ئەوكات مالیكی خۆی بە كەسێكی عه‌لمانی و ناسیۆنالیستی دەناساند و ھەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی لەبەردەست بوو و، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرا. لەگەڵ ئەوەیشدا، سەرەڕای ھەموو ھەوڵەكانی بۆ تاكڕەوی و خۆسەپاندن، بەڵام وەك دیتمان بەھۆی سیاسەتە تاكڕەوەییەكەی و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ كورد و سوننە، چیی بەسەر ھات. بۆیە، ھەر سەركردەیەكی دیكەی شيعە، جا چ پیاوی ئایینی بێت یان عه‌لمانی، سەختە جارێكی دیكە عێراق بەرەو دەوڵەتێكی سەنتراڵ و دیكتاتۆری ببات. سەدریش بەدەر نییە لەو ھاوكێشەیە. بەتایبەت ھاوكێشە سیاسییەكانی عێراق پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئەمریكا و دەوڵەتانی زلھێزەوە ھەیە؛ ھەرگیز ڕێگە نادەن خومەینییه‌كی تر لە عێراقدا دروست ببێت و ببێتە ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان.

واتە ئەمریكا عێراقی نەڕووخاندووە تاكوو خومەینییه‌كی تر دەستی بەسەردا بگرێت. بۆیە ئەگەر سەیری واقعەكە بكەین، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات زیاتر  ململانێیه‌ لە نێوان بەرەی شیعەی ئێرانی و بەرەی شيعەی عێراق كە دەیانەوێت لەژێر كاریگەریی ئێران نەبن. دەبێت ئەو ڕاستییەیش بزانین ئەگەر گریمان عێراق بەرەو ئاراستەی تاكڕەویی ئایینی ھەنگاوی ھاوێشت، ئەوكات گومانی تێدا نییه‌ عێراق دابەش دەبێت و، ئەگەری زۆرە سێ دەوڵەت لە عێراق دروست ببێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ناتوانێت ڕێگە لەو سیناریۆیە بگرێت.

سێیەم، ئێران ھەموو ھەوڵێك دەدات عێراق دیكتاتۆری لێ دروست نەبێت، تەنانەت ئەگەر بە بەكارھێنانی ھێزیش بێت. ئێران، عێراقێكی لاواز، بێدەسەڵات و بێسەروەریی دەوێ، نەك عێراقێكی بەھێز یان دەسەڵاتێك كە بەرەو دیكتاتۆری بڕوات و دواتر ھاوشێوەی سەدام ببێتە ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانی لە ڕووی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و سەربازی و عەقیدەیییەوە. بەتایبەتیش ئێران ھەموو ھەوڵێك دەدات سەدر نەبێتە تاكە مەرجەعی شيعەكان لە عێراقدا، چونكە ئەوكات ڕاستەوخۆ دەبێتە ھۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق. ڕاستە ئێران پێی باشە شیعەكان یەكگرتوو بن و پێكەوە فەرمانڕەواییی عێراق بكەن، بەڵام دەبێت لەژێر فەرمان و  بڕیاری ئێراندا بن. ئێران بەردەوام دەیەوێت ڕێگە لەوە بگرێت پیاوی بەھێز لەناو شیعەكاندا دەربكەوێت؛ بە شێوەیەك نەچێتە ژێر فەرمانەكانی.

چوارەم، ھەر دەسەڵاتێك لە عێراق بێتە سەر كار، ناتوانێت بێ پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەروەھا  بەبێ كورد و سوننەكان فەرمانڕەواییی عێراق بكات. كەواتە تەنانەت ئەگەر ھێزێكی شيعە بتوانێت كۆنترۆڵی ھەموو شەقامی شيعەیش بكات، بەڵام ھەرگیز ناتوانێت كۆنترۆڵی شەقامی كورد و سوننە بكات یان خواستەكانیان لەبەرچاو نەگرێت. باشترین نموونەیش سەردەمی مالیكی بووە؛ كاتێ كه‌ گوشارەكانی لەسەر پێكھاتەی سوننە توند كرد، بووە ھۆی ئەوەی زۆربەی سوننەكان بۆ تۆڵەكردنەوە لە مالیكی پاڵپشتیی داعش بكەن و، ھەر ئەمە بووە كۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی مالیكی.

چوارەچێوەی ھەماھەنگی و كاردانەوەكانی بەرامبەر سەدر

سیاسەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ مامەڵه‌كردن لەگەڵ سەدر، تا ڕاددەیەك ناجێگیر و شلەژانی پێوە دیارە؛ تەنانەت لە زۆر بواریشدا ھەست بە جیاوازی و ناكۆكی دەكرێت لە نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ سەدر و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لە كاتێكدا ناكۆكیی زۆر لە نێوان ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەبووە سەبارەت كاندیدی سەرۆكوەزیران، بەڵام دوای ڕێككەوتن لەسەر كەسایەتیی سوودانی وەك تاكە كاندید، ھەندێك ھێزی ناو چوارچێوە باسیان لەوە كرد بەشداری لە حكوومەتی داھاتوو ناكەن؛ لەوانەیش: ھادی عامری و، لیستەكەی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی. بە ھەمان ئاراستەیش، دوای خۆپێشاندانەكانی لایەنگرانی سەدر و دەستبەسەرداگرتنی پەرلەمان، لە كاتێكدا ھادی عامری لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستاندن بووە، لە بەرامبەردا، نووری مالیكی و خەزعەلی و ھەندێك ھێزی تر، لەگەڵ توندكردنی گرژییەكان بوون لەگەڵ ڕەوتی سەدر.

بە ھەمان ئاراستەیش، سەبارەت دواكارییەكانی سەدر بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵوەشاندنی پەرلەمان، ھادی عامری و عەبادی ھەڵوێستی نەرمتریان ھەبووە لە لایەنەكانی تری ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی.  ئەمە لە كاتێكدایە كە مالێكی لە گوتارێكی تەلەڤزیونیدا بەتەواوەتی دژی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بووە. مالیكی لە گوتاره‌كەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە، ھەر ھەوڵێك بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق، دەبێت ھاوئاراستە بێت لەگەڵ بنەما و پڕه‌نسیپەكانی دەستوور.

ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە، چوارچێوەى ھەماھەنگی، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر تویتەكەی سەدر، كە داوای لە دادگه‌ی دەستووری كرد پەرلەمان ھەڵوەشێنێته‌وه‌، لە 10ی ئابى 2022 ڕاگەیێندراوێکى ھاوبەشیان بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەى بەوە داوە پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەى بەربژێرى سەرۆککۆمار و پێکهێنانى حکوومەتێکى خزمەتگوزار کە کێشە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان چارەسەر بکات. ھەروەھا چوارچێوەی هه‌ماهەنگی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا و شوێنی دیکەیشەوە داوای لە لایەنگرانی کرد ڕۆژی هەینی خۆپێشاندان بکەن.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە ئەوەیە، لە كاتێكدا دوای ھەڵبژاردنەكان، بەشێكی زۆر لە ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، تانەیان لە پرۆسەكە دا و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە فرتوفێڵ و گزیكاری (ته‌زویر)ێكی زۆر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا كراوە و دەرەنجامەكانیان ڕەت دەكرده‌وە، ئێستا دوای كشانەوەی سەدر، بوونەتە بەرگریكاری پرۆسەی ھەڵبژاردن و، دژایەتیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن! تەنانەت ئەو ھێزانەی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی كە باسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیش دەكەن، كۆمەڵێك مەرجیان هه‌یه‌؛ لەوانە: لابردنی كازمی لە پۆستەكەی، پێكھێنانی حكوومەتێكی كاتی، ھەمواركردنی یاسای ھەڵبژاردنەكان و گۆڕینی دەستەی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكان. ھەروەھا خاڵێكی دیكەیش ئەوەیە، ئەوان دژی ئەوەن كە ھەڵبژاردنەكە لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت.

دیارە ئەم پێشمەرجانەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئاماژەیەكە بەوەی لە ھەڵبژاردن دەترسن و چاوەڕێی دۆڕانێكی گەورە دەكەن. بۆیە مەبەستیان لەو مەرجانە ئەوەیە كە، نایانەوێت ھەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام بدرێت، بەڵكوو دەیانەوێت ھەڵبژاردنەكە كاتێك بكرێت كە كەسێك سەرۆكوەزیران بێت و بتوانن بە دڵی خۆیان گزیكاری و تەزویر بكەن و ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن بگۆڕن و داھات و پارەی دەوڵەت بۆ ڕاكێشانی دەنگی دەنگدەران بەكار بھێنن. بێ گومان ئەمەیش بە ھەبوونی كازمی وەك سەرۆكوەزیران، دەستەبەر نابێت.

كەواتە پەیوەستكردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە لابردنی كازمی، تەنیا مەبەست لێی ئەوەیە كه‌ تەزویری گەورە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەن. لەبیرمان نەچێت ئەوان پاڵپشتیی دادگه‌ی دەستووریشیان ھەیە و ئەگەر حكوومەتیش بكەوێتە دەستیان، بێ گومان لە سەرتاسەری عێراق ھەوڵی گۆڕانكاریی گەورە لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن دەدەن لە بەرژەوەندیی خۆیان؛ نەك ھەر لە ناوچە شيعەكان، بەڵكوو لە ناوچە سوننەكان و ھەرێم لە بەرژەوەندیی ھاوپەیمانەكانیان.

خاڵێكی تریش كە زۆر جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئێستا لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆر باسی پاراستنی دەستووور و سیسته‌می سیاسی دەكەن و بەرگری لە پرۆسەی دیموكراسی دەكەن؛ جا پرسیار ئەوەیە: ئایا ھەر ئەوان نین كە ھیچ به‌ھایەكیان بۆ دەستوور و دەوڵەت نەھێشتووە؟ ئایا ھەر گرووپە میلیشیاكانی سەر بەوان نین كە ھیچ حیسابێك بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت ناكەن و وەك "دەوڵەت لەناو دەوڵەت" كار دەكەن  و فەرمان لە دەوڵەتێكی تر وەردەگرن؟ ئایا ھەر ئەوان نین كە بە درۆن و مووشەك ھێرش دەكەنه‌ سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و لایەنه‌ سیاسییەكان؟ ئایا ھەر گرووپەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی نین كە دەستووریان بەلاوە ناوە و، ماددە نییە كە پێشێلیان نەكردبێت؟ ئایا ھەر ئەمانە نین كە بە دەیان گرووپ و ھێزی چەكداریان لە دەرەوەی دەستوور و دامەزراوە یاسایییەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دروست كردووە و، ئەجێندای دەرەكی بەكار دەھێنن؟ ئایا ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی نەبوون كە دادگه‌كانیان ڕاكێشا بۆ ناو ململانێ سیاسییەكان و وەك كارتێكی گوشار دژی كورد، سوننە و پڕۆسەی دیموكراسی بەكاریان ھێنا؟ ئایا ھەر ئەمانە نەبوون كە ھەڕەشەیان دەكرد ئەگەر حكوومەتی زۆرینە دروست بكرێت، عێراق بەرەو گۆمی خوێن دەبەن؟

سیناریۆكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی

تا دێت ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی شيعە توندتر دەبن و ئەگەری چارەسەركردنی كێشەكانیان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە كەمتر دەبێت و ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەدرەوام بێت، كاریگەریی گەورە ده‌خاته‌ سه‌ر كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق.

ئەگەر بە شێوەیەكی ورد سەیری پرۆسەی سیاسی بكەین، عێراق چەند بژاردە یان سیناریۆیه‌كی لەبەردەمدایە: یەكەم، سەدر و لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لە كۆتاییدا دوای ھەموو ئەو ململانێیە، دەگەنە ڕێككەوتن و دواتر حكوومەتێكی تەوافوقی پێك دەھێنن. ھەرچەندە ئەمە سەختە، چونكە سەدر لە زۆربەی لێدوانەكانیدا ئەم بژاردەیەی ڕەت كردۆته‌وه‌.

تەنیا ئەگەرێك وا دەكات ئەو سیناریۆیە سەر بگرێت، ئەوەیە كه‌ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی پشت لە نووری مالیكی بكەن و، بێ گومان ئەمەیش پێ دەچێت سەخت بێت.

سیناریۆی دووەم، نەگەیشن بە چارەسەر و خزاندنی عێراق و شەقامی شيعە بۆ ناو جه‌نگی ناوخۆیی. ھەرچەندە ئەم ئەگەرە تا ڕاددەیەك دوورە، بەڵام دەكرێت ڕوو بدات؛ بەتایبەت كه‌ ھەردوو لایەن خاوه‌ن جەماوه‌ر و ھێزی چەكدارن. تەنانەت تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی ئەوە دەردەخات كه‌، ھەموو كاتێك ھێزە تەقلیدییە شیعەكان بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییان، سل لە جه‌نگی ناوخۆیی و بەكارھێنانی ھێز ناكەنه‌وه‌.

سیناریۆی سێیەم، ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە. بێ گومان ئەمەیش یەكێكە لە چارەسەرە گرنگەكان بۆ ئەم قۆناغە. ئەمە بەو مانایە نییە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەموو كێشەكان چارسەر دەكات، بەڵام لەوانەیە ھەندێك گۆڕانكاری لەناو شەقامی شیعە ڕوو بدات، بە شێوەیەك ھاوكار بێت بۆ پێكھینانی حكوومەتێكی نۆی.

ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، لە زۆر لایەنەوە دەكرێت گۆڕانكاری ڕوو بدات، لەوانە: یەكەم، سەدر بە پێگەیەكی بەھێزترەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی و، ئەگەری زۆرە ژمارەی كورسییەكانی زیاتر ببن.

 دووەم، ئەگەری زۆر ھەیە چوارچێوه‌ی ھەماھەنگی ناكۆكی و لێكترازان لە نێوانیان دروست ببێت و بەو شێوەیەی ئیستا نەمێنێت. بەتایبەت تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی زۆر كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر یەكگرتووییی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئاییندەدا.

سێیەم، ئەگەری زۆره‌ ھێزی نۆی لەناو شەقامی شيعە، لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا بەشداری بكەن؛ ئەمەیش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت دەبێت. تەنانەت ئەگەری زۆر ھەیە ئەم جارە مستەفا كازمییش لیست و قەوارەی خۆی ھەبێت. 

چوارەم، ئەگەر حكوومەتی كازمی لەسەر كار بمێنێ، ئەم جارەیش  ھەڵبژاردنەكان  لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەچێت. بێ گومان ئەمەیش ڕێگە لە تەزویر و فرتوفێڵ دەگرێت و، دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە. 

پێنجەم، ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ڕێگە لەوە دەگرێت چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان ڕێك بخەن و  سامان و دەسەڵاتی دەوڵەت بەكار بھێنن بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن بگۆڕن. شەشەم، ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی پێش ھەڵبژاردنەكان، بەبێ سەدر حكوومەت پێك بھێنن، گومانی تێدا نییە نەك بۆ چوار ساڵی داھاتوو پێگەیان بەھێزتر دەكەن، به‌ڵكوو گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕوو دەدات. ئەمەیش بەو مانایە دێت كە كۆنترۆڵكردنی عێراق و شەقامی شيعە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی، مەترسییە بۆ سەر ھەموو لایەنەكان. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP