دواین هەواڵ

زۆنی سەوزم لەبەغداد چۆن بینی ؟

‌عادل باخه‌وان

13/08/2022

‎کە گەیشتمە بەردەرگای زۆنی سەوز، لە پرسگەی سەرەکی، هێزێکی پیشەیی بە چەکی قورسەوە لە ئامادەباشیدابوون. بەو گەرمایەی بەغداد، ڕێکپۆش و پڕپۆشبوون و لە ڕوخساریاندا هیچ جۆرە هەستێکی شەخسی دەرنەدەکەوت و هەموو زانیاریەکانیان کۆنترۆڵدەکرد. ئەمانە هێزێکی سەر بە دژە تیرۆرن کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێن.

‎پاش تێپەڕینم بەنێو زۆنی سەوزدا، کۆمەڵێک هێزی دیکەی پڕ چەکەم بینی. ئەمانیش زۆر ڕێکخراو دەهاتنە بەرچاوم و زۆر جددی دیاربوون. پێیانوتم ئەمانەش هێزەکانی سەماحەتی سەید موقتەدان.

‎دواتر هاوڕێیەکی ئەکادیمی بەغدادیم دەعوەتیکردبووم بۆ خوانی ئێوارە بۆ رۆستۆرانتێکی نەریتیی پایتەخت. پێش ئەوەی بگەم، سەدان ئۆتۆمبیلی سەربازیم دەبینی لە نمایشێکی سەربازیدابوون و چەکدارەکان بەدەنگی بەرز سرودە جیهادیەکانیان دەوتەوە. پێیان وتم ئەمانە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبین.

‎ڕۆژی دواتر لە ناوچەی سەوز ، لە چەند سەعاتێکی جیاوازدا، بەڵام لە هەمان شوێندا، چەند توێژەرێکی نزیک لە حەشد و تەیاری سەدری و سەرۆک وەزیرانم بینی...لەکاتی بینینیاندا هەستم بەوەکرد چەند درزی گەورە لەنێوانیاندایە بەڕادەیەک کە ئامادەنەبوون تەوقەش لەگەڵ یەکتریدا بکەن.

‎تۆ ڕەنگە بزانی دڕان و دابڕان هەیە، بەڵام تا خۆت بەچاوی خۆت نەیبینیت و ئەزموونی نەکەیت، ناتوانیت بە کۆنکرێتی هەست بەو لێکترازانە کوشندەیە بکەی کە برا شیعەکانی گەیاندوەتە لێوارەکانی جەنگێکی براکوژی بێپێشینە!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP