دواین هەواڵ

دیالۆگی مێدیتریانە بۆ ووزە: تیۆرەکان یارمەتی تێگەیشتنی زیاتر ئەدەن * بەهرۆز جەعفەر

‌بەهرۆز جەعفەر

12/08/2022

ئاسایشی ووزە لە دەریای سپی ناوەڕاست (میدیتریانە- Mediterranean) بە دۆستایەتی یان بە ناکۆکی کۆمەڵێک ووڵاتی ڕووبەڕووی یەک کردۆتەوە: فەڕەنسا- ئیتاڵیا - یۆنان- تورکیا- میسر- قوبرسی یۆنانی- قبرسی تورکی- ئیسرائیل- دەستەڵاتی ئۆتۆنۆمی فەلەستین- لوبنان، ئوردن (ئەگەرچی ڕاستەوخۆ ناکەوێتە سەر دەریای سپی، سوریا (جێی فۆکەسە لە دەریای سپی بەهۆی بونی هەژمونی ڕووسیاوە ناتۆ نیگەرانە). هەروەها کوردیش بێ ئەوەی خۆی ئامادەگی هەبێت بەشێکە لە گفتوگۆکان.

لەڕووی ئەکادیمییەوە، سکۆڵەرەکان چەندین تیۆری زانستییان تاقی کردۆتەوە لە پەیپەرەکانیان بۆ ئەوەی لەم ئاڵۆزییانە تێبگەن: ڕیالیزمی هێرشبەر و ڕیالیزمی بەرگریکەر-Offensive realist theory and Defensive realist theory. تیۆری لیبراڵیزم و هاریکاریی هاوبەش. هەروەها بەگشتی جەخت ئەکەنە سەر چەمکەکانی : ئابوریی- سیاسی، جیۆپۆلەتیک، ئاسایش لە نێوان ووڵاتانی نزیک لە یەک لە سنوری دەریای ناوەڕاست کە ئەکەونە سەر یەک ڕێڕەوی ئاویی.

بۆیە تیۆری شوێن -Location Theory یش بۆ ڕاڤەکردنی زیاتر بەکاردێت لە ناسینی گرفتە ووزەییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، تیۆری ئاڵۆزی ئاسایشی هەرێمایەتی Regional Security Complex Approach کە لێرەدا پرسی ووزە وا ئەکات گۆڕانکاریی لە "ئاسایش" ی ناوچەییدا لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕووبدات. جگە لەمە بەکارهێنانی تیۆری بە ئاسایش کردن- Securitization theory. ناو بەناو گفتوگۆکان پێویستی بونی تیۆری ماتریالیستی -Materialistic theory ئەهێنێت لەگەڵ خۆیدا، چونکە هەرکام لە لیبراڵەکان و ڕیالیستەکان وای ئەبینن کە پرسی ووزەو هاریکاری هاوبەش ئەبێت بە نێودەوڵەتی یان گڵۆباڵیزە بکرێت.

بەمجۆرە، دیالۆگکردن لەگەڵ یەکدی لە بارەی هایدرۆکاربۆنەوە بووەتە بابەتێکی ئاڵۆز و چارەنوسساز لە نێوان ئەو وڵاتانەدا "بێگومان بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕێستەوخۆی بەریتانیاو ویلایەتە یەکگرتوەکان کە لە ڕووی سەربازی و دبلۆماسی و ئابوریییەوە بونێکی گەروەیان لەو سنورەدا هەیە".

پرسی ووزە بەتایبەتی گازی سروشتی و ووزە نوێبوەوەکان-Renewable Energy بوەتە پرسی ڕاستەوخۆی ئاسایش، ژینگە، جیۆپۆلەتیک، ئابوریی، پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و تەنانەت پرسی ختوکەدانی لایەنی "ئیتنی"یش بەتایبەت لە نێوان یۆنان و تورکیا گرفتی خاک و ڕووبەری ئاوی هەیە، لە نێوان هەردوو قوبرسەکە جیاوازی ئیتنی هەیە، لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و.. تادوایی.

جیاوازییەکان هەرچییەک بن بۆڕییەک بە درێژایی (١٩٠٠ ) کیلۆمەتر لە (٢٠٢٠) ەوە راکێشراوە کە گازی سروشتی کێڵگەی ئەفرۆدیت و کالیپسۆی قوبرس لەگەڵ گازی کێڵگەی لیڤاسانی ئیسرائیل تا یۆنان ئەبات. ئێستا وای ئەبینن گازی لوبنان و میسر کە زۆر نزیکن لەم هێڵەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی -East- Med Gas Pipeline ەوە پەرەی زیاتری پێبدرێت و کۆنێکت بکرێت بەرەو خۆرئاوا. هەروەها دەرفەت بێتە پێش گازی سروشتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕاستەوخۆ سەریان لەناوخوانی ئەم حەوزەیەدایە.

دەستگرتن و زەماوەندەکە لە لایەک گەرمە، هەرایە،،،هۆسەیەو هەریەکەو بەدوای ڕاکێشانی بەرژەوەندی زیاتری خۆیەوەتی. ناکۆکییەکانیش زۆرن و خەریکی بێهێزکردنی یەکدین. ئیماراتیش لەولاوە هات و خۆی گەیاندە حەوزەکەی دەریای سپی و، ئەوە سێ ساڵە بێ ئەوەی هیچ لینکی جوگرافی لەگەڵ زۆنەکەدا هەبێت بوەتە ئەندام لە لوتکەی گازی سروشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. دوو ساڵێشە لەگەڵ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان وەبەرهێنان ئەکەن لە کەناری دەریادا بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی.

ئێرانیش! ناوبەناو لەوێیە! لە ڕێگەی حیزبوڵاوە لە لوبنانەوە گرفت بۆ سنورە ئاویی و هەندێ لە کێڵگە لاوەکییەکانی ئیسرائیل دروست ئەکات، هەروەها لە ڕێگەی گروپی چەکداری موجاهیدینی ئیسلامییەوە پەیامەکانی ئەنێرێت، خۆشی جار-جار مووشەک ئەگرێتە کێڵگەو شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش هەر پەیامە کە زەماوەندەکە ئەشێوێنێت (ناتوانێت). بۆیە ئیمارات لە ڕێگەی داناگازەوە سوورتربونی خۆی دووپات ئەکاتەوە لە وەبەرهێنانەکانی لە هەرێمی کوردستان (بە پاڵپشتی ئەمریکا- لەمدواییە بۆ فراوانترکردنی وێستگەکەی کێڵگەی کۆرمۆر ئەمریکا ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری بەخشیوە).

تورکیا (٧٥٪) ووزەی پێویست بۆ ووڵاتەکەی لە دەرەوە هاوردە ئەکات، لە ساڵی (٢٠٢١) دا بە بەهای (٤١) ملیار دۆلار تەنها گازی سروشتی کڕیوە. ئەوە زیاتر لە دە ساڵە لە بندەست و بن گوێی ئەودا هەریەکە لە قوبرسی یۆنانی و ئیسرائیل (کە ناکۆکی قووڵیان لەگەڵ سیاسەت و حوکمڕانانی تورکیادا هەیە) گاز بەرهەم ئەهێنن، هەروەها یۆنان و میسریش چێژ لەو گۆڕانکارییە تازەیە ئەبینن کە ووزە هێناویەتیە گۆڕێ، بۆیە یانەیەکیان بە ناوی لوتکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دروستکردوە بێ ئەوەی تورکیای تێدا بێت.

ئەگەرچی هەموو جارێک سەرۆک ئەردۆگان و وەزیری دەرەوەی تورکیاو وتەبێژی چانکایا هەر ئەڵێن " بە بێ تورکیا گۆڕانکارییەکانی ووزە لە دەریای سپی سەرکەوتو نابێت"، بۆ غەڵبە-غەڵب دروستکردنیش کەشتی جۆراوجۆر ڕەوانەی ئاوەکانی قوبرسی تورکی ئەکەن (هیچیان نەدۆزیوەتەوە تا ئێستا). دواجار هەر ئەوەیەو وادیارە پێگەی تورکیا ناڕوونە لە دەریای سپی، چونکە هەم داوای شتی نا-ماقوڵ (بۆ جێ بەجێکردن نابێت) ئەکات، بۆ نمونە ئەڵێت " ئیسرائیل هێڵی گازە سروشتییەکەی بە خاکی تورکیادا بباتە ئەوروپا"!. ئیسرائیل پێویستی بەوە نییە، چونکە خۆی لەسەر هێڵەو هێلی نزیکترو ڕاستەوخۆش کراوەتەوە بەرەو یۆنان. هەروەها هەموو ئەو ووڵاتانەی لەسەرەوە ناوبراون، هەرهەموویان یان ناحەزی تورکیان، یان تێبینیان لەسەر تورکیا هەیە.

بۆیە لە تەووای سنوری دەریای ناوەڕاست هەر لە لیبیاوە تا سوریا ڕێگریان لە تورکیاو دەستدرێژییەکانی کردووە. دوور نییە تورکیا بە ناچاری بەرەو خوار بکشێت کە هەرێمی کوردستانە (ئەگەرچی ئێستا بوونی تورکیا هەیە لە هەرێمی کوردستان و لەڕووی ئەمنی و ئابورییەوە بەرەو ناوچەی سولەیمانیش ڕۆیشتوە)

ئێمەش، لە لایەک دکتۆرا نامەکەمان ڕێک سەبارەتە بە ئابوریی سیاسی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لەناو سیستەمی هەرێمایەتی نوێدا (یان وەک سیستەمێکی هەرێمایەتی نوێ)، لە لایەکیش، ساڵانێکە ( بە شەلە شەل و بەبێ هیچ سەرچاوەی دارایی ئەوتۆ) دەزگایەکمان بۆ لێکۆلێنەوەی هەرێمایەتی بەناوی مێدیتریانە خستۆتە سەرپێ و، خۆمان بە زۆربەی ئەوانە ناساندوە کە لەسەرەوە ناویان هاتوە, ئەوانیش بە خۆیان و میدیاو ناوەندەکانیانەوە، هەر باسێک باسی ووزەو هەرێمی کوردستان و عێراقی تیابێت پرس و پرسیاریان هەیە. بەڵام ( ئای بەڵام!) جەخار! خۆمان -خۆمان ناناسین و لەناوخۆدا نامانناسن..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP