دواین هەواڵ

عێراق بەرەو کوێ؟

‌ئەژی کاروان

03/08/2022

لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10-10-2021 عێراق، کە نەتوانرا ئەو هێز و لایەنانەی کەزۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا حکومەتی زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنن، بەڵام بەفشاری ئێران و بەبەکارهێنانی دادگای فیدراڵی کەکۆت و بەندی توندی دانا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەوەش پرۆسەکەی خستە تونێلێکی تاریکەوە.

لەماوەی پێشوودا دوای ئەوەی ڕێگا نەدرا هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) کەزۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنابوو، حکومەت پێکبهێنن، ڕەوتی سەدر کەخاوەنی 74 کورسی پەرلەمان بوون، لە پەرلەمان کشانەوە، بەوهۆیەشەوە هەرچی نەیارەکان یان ڕکابەرەکانی سەدر(چوارچێوەی هەماهەنگی) هەیە، کەوتنەخۆ و واخەیاڵیانکرد، کەسەدر گۆڕەپانەکەی بۆ ئەوان چۆڵکردووە، بۆیە لەماوەیەکی کەمدا محەمەد شیاع سودانیان کاندیدکرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و فشاریشیان لەکورد کرد کەهەرچی زووترە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکەن و بەو خەیاڵەوە کەسەدری خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بکەنە دەرەوەی هاوکێشەکە، بەڵام دواجار سەدر لەو خەیاڵە خۆشەی بەئاگا هێنانەوە و لەماوەیەکی زەمەنی کوردا خەونەکەی لەگۆڕنان.

لەماوەی پێشوودا، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوای لەلایەنگرەکانی کرد کەبڕژێنە سەرشەقام، لەماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێردا هەموو بەربەستە کۆنکرێتییەکانی ناوچەی سەوزییان شکاند و چونە ناوپەرلەمانەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوان بەهیچ شێوەیەک ڕێگا نادەن بەبێ ئەوان پەرلەمان هەستێت بەڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت، ئەوە لەکاتێکدا بوو لەساڵی 2019 دوای چەند مانگێک لەخۆپیشاندانی تشرینییەکان نەیانهێشت بچنە ناوچەی سەوزەوە.

 لەدوای سێ رۆژ مانەوەی لایەنگرانی سەدر لە پەرلەمانی عێراقدا، یان دوای سێ رۆژ لەکۆنترۆڵکردنی پەرلەمان، مەترسییەکانی پێکدادان زیاتر و زیاتر بوو، بەجۆرێک هەمووان هۆشدارییاندا لەو مەترسیە، چونکە ڕکابەرەکانی سەدر کەخاوەنی زۆرترین هێزی چەکدارن لە عێراقدا نەیاندەتوانی هەروا بینەر بن و سەدریش لەڕێگای لایەنگرەکانییەوە چی بوێت بیکات، هەربۆیە دوو دەستپێشخەری هەبوو لەو ماوەدا، ئەوانیش لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقەوە بوو،  دوێنێش موقتەدا سەدر داوای لەلایەنگرانیکرد کە بینای پەرلەمان بەجێبهێڵن و لەدەرەوەی ناوچەی سەوز درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان بدەن، چونکە هەتا بێت مەترسیەکانی پێکدادان زیاتر دەبوو، ئەمەش وای لەعێراق دەکرد، کەبەرەو لوبنان بوون یاخود لیبیا بوون بچێت، کە حاڵی هەردوو دەوڵەتەکە بەهۆی نەمانی حکومەتەوە لەدۆخێکی یەجگار خراپدایە و کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات بەرەو کوێ دەچێت.

 بەهەموو پێوەرە عەقڵانییەکان دەرکەوت ئەوەی لەبەغدا ڕوودەدات شەڕی دەسەڵاتە نەک چاکسازی و هیچ شتێکی تر، چونکە سەدر دوای ئەوەی پەرلەمانی جێهێشت، بەڵام نەیتوانی هەروا بینەربێت، یان پەشیمان بووەتەوە لەو بڕیاری دەستپێلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی، هەرچی ڕکابەرەکانیشیەتی، هەرچەندە دۆڕاوی گەورەی هەڵبژاردن بوون، بەڵام نەیاندەتوانی ئەو چارەنوسە پەسەند بکەن کەبونەتە کەمینە لەپەرلەمان و ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە لەدوای 2005ەوە ئەوان خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهابوون لە عێراقدا و بەدەیان هەزار چەکدارییان هەیە و لەتەواوی دامودەزگاکانی عێراقدا خەڵکانی چێنراویان هەیە، بۆیە لەم بێنەو بەردەیەدا ئەوەشی بەڕوونی خۆی مانیفێست دەکات، شەڕی کۆنەقینی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکییە، کە رۆژگارێ مالیکی سەرۆکی حکومەت بوو، هێزی ناردەسەر سەدر و بەشێوەی چەکداری ڕووبەڕوویان بووەوە، لەوساڵەوە تاهەنوکە ئەو قین و توڕەییە هەیە و بەردەوامە.

لەئێستادا کە هاوکێشەکان لای هەمووان ڕوونە گفتوگۆی هەمەلایەنە پێویستە لەنێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، چونکە بەبێ ئەو دوو لایەنە هەرگیز حکومەتێک پێکنایەت سەقامگیر بێت و بتوانێت چوارساڵ تەمەنی کابینەکەی بەڕێبکات، ئێرانیش ڕێگا نادات دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن(چوارچێوەی هەماهەنگی) هەروا بەسانایی بکرێنە دەرەوەی حکومەت و ئەو خێرو بێرە زۆرەی ئێران دەستیدەکەوێت لەساڵی 2005ەوە لەسایەی سەرکردە شیعەکانی مایل بەخۆیان لەعێراق لەهیچ کوێی دنیا دەستیناکەوێت، بۆیە ئێرانیش تا دوا هەناسە ئەم شەڕە دەکات لەبەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی، گرنگیشە سەدر لەوە تێبگات کەکردنەدەرەوەی چوارچێوەکە هەروا سانا نییە، بۆیە چارەسەر ئەوەیە گفتوگۆی هەمەلایەنە دەستپێبکەن هەتا دەگەنە چارەسەرێکی واقیعی و گونجاو بۆ دۆخی ئێستای عێراق و دوور خستنەوەی ئەم وڵاتە لەشەڕێکی بێ کۆتا و یان دوورخستنەوەی لەبەلوبنان و لیبیا بوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP