كاتێك سەید سەدر توانی زۆرترین كورسی
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت لەگەڵ براوەكانی كورد و سونەكان هاوپەیمانیەكی
گەورەی پێكهێنا، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی جدی هەبوو بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە و گرنگ،
بەڵام پەیامە توندەكانی سەید سەدر لە بارەی لایەنەكانی دەرەوەی هاوپەیمانیەتیەكە و
هەروەها گوێنەدان بە هەوڵەكانی ئێران و چەند لایەنێكی دیكە، كاریگەریەكی قوسی لەسەر
بڕیارەكانی هاوپەیمانیەتییەكە دروستكرد، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەید سەدر گۆڕەپانەكە
چۆڵبكات و بچێتە دواوە لە پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش دڵخۆشكەریەكی گەورەی بۆ ئەو شیعانە
هێنا كە دژی سەید سەدرن و بەبەرەی نزیكی ئێرانی دەناسرێن.
لەپاش كشانەوەی سەید سەدر لە پەرلەمان،
مالكی بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی گوتبوو ئیتر كاتی منە و دەبێت دەسپێبكەمەوە، كاتێكیش
سەید سەدر ئەو قسەیە دەبیستێت، لە تویتەر پۆستێك دەكات و دەنوسێت تاقیكراوەكان تاقی
ناكرێنەوە، ئەو دێرەی سەدر كۆتای بە هەموو جوڵەیەكی سیاسی شەخسی مالكی لە عێراق هێنا،
ئەو پەیامە زۆر بەزووی گەیشتە گوێی ئێرانیەكان و بە زوترین كات قائانیان ناردە بەغداد،
لەماڵی مالكی دژی ئەو بریارە وەستانەوە و سوربوون لەسەر ئەوەی كە مالكی وەك سەرۆك وەزیرانی
عێراق هەڵببژێردرێتەوە، بەڵام سەید سەدر بە خۆپیشاندانێكی ملیۆنی وەڵامی هەموو هەرەشەكانی
ئێرانی دایەوە، هەر لەبەر ئەوەی بەرەی مورتەزەقە و نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە
وازی لە مالكی هێنا.
سێبەری مالكی بۆ شوێنی مالیكی
محەمەد شیاع سودانی، وەك یەكەم كەسی
جێگرەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریكرا، ئەم ناوە سێبەری راستەقینە
و گوێرایەڵ و گوێ قوڵاخێكی نزیكی مالكییە و بەبێ مالكی دەستەكانیشی ناشوات، ئەو ناوە
یەكێكە لەو ناوانەی كە سەید سەدر بەهیچ شێوەیەك قبوڵی نییە، هەر لەبەر ئەوەی هێزی كۆمەڵایەتی
خۆی ناردە سەر پەرلەمان و بینیمان چۆن ملیۆنان لایەنگری سەید سەدر لە نێو پەرلەمانی
عێراق دژی سوودانی سێڵفیان دەگرت و تەنانەت نەشیانهێشت شەوێك بەسەر كاندید كردنەكەیدا
تێپەڕێت، گەورەترین خۆپیشاندانیان دژی سودانی ئەنجامدا.
لەگەڵ ئەوەی مالكی و ئێران پێیان وابوو
كشانەوەی سەید سەدر ئیدی ئەو بەربەستە ناهێڵێت لەسەر ئەو كەسەی كەتاران پێێ خۆشە حوكمی
عێراق بكات، بەڵام لەراستیدا ئیدی هیچ عێراقیەك ناتوانێت دەستنوێژێك بەبێ رەزامەندی
سەدر بشوات، گەورەترین چەكی دەستی سەدریش ئەو ملیۆنان عێراقیەیە كە بەیعەتیان بە سەیدە
سەدر داوە و گوێرایەڵ و عاقڵ دەچنە ناو هەر شتێكەوە كە سەیدسەدر بیەوێت.
لەراستیدا ملیۆنان عێراقی چاوەڕێی تەنها
تویتێكی سەید سەدرن، بۆ ئەوەی هەرشتێك بكەن، كە سەید سەدر بییەوێت، خۆ ئەگەر سەید سەدر
بڵێت بمرن، ئەوە لە یەك خولەكدا ملیۆنان شیعەی عێراقی دەمرن، ئەوە ئەو پەیامەیە كە مالیكی
و ئەوانی دیكە هێشتر لێی تێنەگەیشتوون، دەبێت جیهان ئەو راستییە بزانێت ئەو هێزەی سەید
سەدر هەیەتی زۆر بەهێزترە لەو ئەتۆمەی كە كۆریای باكور یان رووسیا پێوەی دەنازێت، چونكە
ئەگەر ئەوان ئامێریان هەبێت بۆ كوشتنی مرۆڤ بێگومان سەید سەدر مرۆڤی هەیە بۆ كوشتنی
مرۆڤەكانی دیكە یان هەر كارێك كە بیەوێت بیكات.
دواین قسە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی
نوێی عێراق تەنها ئەم دێڕەیە دەبێت زۆر بەروونی هەموومان لێیتێبگەین، یان كەسێك دەبێتە
سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار كە سەید سەدر و سەرۆك بارزانی دەیانەوێت، یان كورسی سەرۆكایەتیەكانی
عێراق بۆ هەتا هەتایە بە چۆڵی دەمێننەوە و هیچ كەس ناتوانێت یەك خولەكیش لەسەر ئەو
كورسییە دابنیشێت، ئەوە سەحیح ترین دێری سیاسی عێراقە و لەوە زیاتر هیچی دیكە روونادات
لە عێراقدا، چونكە تاقیكراوەكان تاقیناكرێنەوە ئیدی.
سەرۆك بارزانی بڕیاردەدات
هاوپەیمانیەتی نێوان سەید سەدر و سەرۆك
بارزانی هاوپەیمانیەتێكی تۆكمەی بەهێزە، كە ئەمریكایەكان و ئەوانی دیكەش قبوڵیانە و
جگە لە ئێران، چونكە ئێران دەزانێت ئەو هاوپەیمانیەتە ئاژاوەیەكی گەورە بۆ وڵاتەكەی
دروستدەكات و پێیەكانی لە عێراق دەبرێت، سەرۆك بارزانی لە پرسی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا گوتویەتی: دەبێت
كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق كە شەراكەتی راستەقینە و دەستور جێبەجێ بكات و مافی
تەواوی عێراقییەكان بدات، ئەوەش تەنها ئەو كەسە دەتوانێت بیكات كە سەید سەدر پەسەندی
دەكات، واتە هەركەسێك كە لە عێراقدا دەیەوێت ببێت بەسەرۆك وەزیران دەبێت رەزامەندی
راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و سەید سەدری لەسەر بێت چونكە ئەوان جارێكی دیكە رێگەنادەن
كەسێك كە عێراق و دەستور و یاسا و شەراكەتی راستەقینە لە عێراقدا بەلارێدا ببرێت و
گرفتی گەورە بۆ هەموو لایەك دروستبكات.
ئێستا دووپرسی گرنگ لە عێراقدا هەیە،
پرسی سەرۆك وەزیران، كە مەرجە تاقیكراوە نەبێت و گەندەڵنەبێت و دروبێت لە ئێرانەوە،
كە ئەوەش كەسێكە كە سەرۆك بارزانی و سەید سەدر قبوڵیانە و پەسەندكراوی ئەمریكاشە، وە
پرسی سەرۆك كۆماری عێراق كە دەبێت كەسێكی نیشتیمانی بێت و مەترسی لەسەر كوردستان دروستنەكات
و هەروەها كەسێك بێت كە نیشتمانی و پاشڵ پاك بێت بۆ ئەوەی لە فلتەری سەرۆك بارزانی
تێببپەڕێت، لە راستیدا سەرۆك بارزانی بەهیچ شیێوەیەك قبوڵی ئەوەناكات كە كەسێك كە مەترسی
بۆ سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان دروستبكات ببێتە سەرۆك كۆمار، هەروەها ئەو كەسەش دەبێت
هیچ دەستێكی لە رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەردا نەبێت و هەروەها كەسێكی خەمخۆری مافەكانی
گەلی كورد بێت و رێگەنەدات بیری شۆڤێنیانە كاری لێبكات و بەشێوەیەكی گشتی لە فلتەری
نیشتمانی تێنەپەڕێت.
كەركوك بەرامبەر سەرۆك كۆمار
لە هەر ئەگەرێكدا كە كەسێك بكرێت بەسەرۆك
كۆماری عێراق كە بێگومان دەبێت فلتەرە نیشتیمانیەكانی سەرۆك بارزانی تێبپەڕێنێت، ئەو
كەسە گەر دڵخوازی راستەقینەی سەرۆك بارزانیش نەبێت ئەوا ئەو پۆستە یەكسانە بە پۆستی
پارێزگاری كەركوك، كە پارتی هەر یەكێك لەو پۆستانە بە مافی خۆی دەزانێت، چونكە براوەی
یەكەمی هەڵبژاردنەكانە، لە هیچ حاڵەتێكی دیكەدا هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت لەسەر كورسی
سەرۆكایەتی دابنیشێت.
پارتی كاری گەورەی بۆ كەركوك كردووە،
هەر ئەوەی كەركوكیەك كە بەربژێری پارتییە ئێستا كەسی دووەمی پەرلەمانی عێراقە، ئەوە
گەورەترین دەسكەوتە بۆ كەركوكییەكان، چونكە ئەگەر پارێزگاری كەركوكیش بكەوێتە دەست
پارتی بێگومان كەركوك لە چەند ساڵێكدا هیچی كەمتر نابێت لەهەرە شار جوان و بەخزمەتەكانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەوە ئەدەبیات و ئەخلاقیاتی قوتابخانەی بارزانییە كە قوتابیەكانی
فێردەكات خزمەتی نیشتیمان بكەن، ئەوە هەر ئەو بنەمایەشە كە پارتی دیموكراتی كوردستان
لە پێناویدا دامەزراوە.
ئێستا كایەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران
و كەركوك سێ هاوكێشەی تێكەڵاون كە بەستراون بەیەكەوە، سەرۆك بارزانی و سەید سەدر زۆر
بەتوندی جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئیدی شەقامی عێراقی پێویستی بە كەسێكە خزمەتیان بكات
نەك بیانفرۆشێت و عێراق بەرەو وێرانەیەكی دیكە ببەن، ئەوەش مەترسی گەورە بۆ سەر ئەو
لایەنە گەندەڵانە دروستدەكات كە دەیانەوێت لە عێراقدا رۆڵیان هەبێت.
ئێستا مستەفا كازمی كە پۆستی سەرۆك
وەزیران بەڕێوەدەبات كەسێكی هێندە خراپ نییە كە كورد و سەدرییەكان لێی نارازیبن، ئەوەندەش
دورنییە لە ئەمریكیەكان كە نەزانن چ دەكات و چ ناكات، هێندەش دورنییە لە ئێرانییەكان
كە بە زایۆنی ناوی ببەن، بۆیە مانەوەی كازمی كارێكی زۆر باشە بۆ عێراقیەكان، بەمەرجێك
رێگەی پێبدرێت هەموو خاڵە دەستورییەكان جێبەجێ بكات، لە هەمووی گرنگتر ئەمریكا بە كارەكانی
كازمی رازییە.
دەبێت هەموو هاوكێشە سیاسیەكان لە عێراقدا
ئیدی پشت لە ئێران بكەن و رووبكەنەوە ئەمریكا و ئارامی راستەقینە بۆ عێراق دروستببێت،
ئەوەش كاتێك دەكرێت كە دەستی ئێران لە عێراق نەمێنێت، ئەو كارەش هێنەدە ئاسان نییە،
هەم كاتی دەوێت و هەم خوێن، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر زەرورە كە كازمی لەشوێنی خۆی بمێنێتەوە
كەسێكی گوێرایەڵی سەرۆك بارزانیش ببێتە سەرۆك كۆمار یان پارێزگاری كەركوك.