دواین هەواڵ

بۆچی دۆخی عیراق چاک نابێت

‌فەرحان جەوهەر

29/07/2022

ساڵانێکی زۆرە عیراقیەکان چاوەڕێی چاکبوونی دۆخی وڵاتەکەیان دەکەن، چەندین دەستهەڵاتی جۆراوجۆریان تاقی کردۆتەوە، جار لەدوای جاریش پەشیمان دەبنەوەو خۆزگە بە دەستهەڵاتی پێشوو دەخوازن، زیاتر لە شەست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ حوکمڕانیەتیان لە ئێستا باشتربووە، چونکە دەستهەڵاتی راستینە لە دەست خۆیان نەبووە، بەڵکو لەدەست ئینگلیز بووە، دواتر بەهۆی کاریگەربوونیان بە کۆمەڵێک دروشمی وەک کۆماری مارکسی و نەتەوەیی عەرەبی لە ئێستاشدا ئاینی، هەڵسان بە ئەنجامدانی کودەتای خوێناوی یەک لە دوای یەک، نەوەستان تاسەریان چووە ژێر پۆستاڵی دیکتاتۆرێکی وەک سەددام و حزبێکی فاشی وەک بەعس، بەهەزاران خەڵکی لێ کوشتن چ ئەوانەی بەهۆی دژە دەستهەڵاتی خۆی لە ناوی بردن،

وەک ئێمەی کوردو شیعە، چ ئەوانی تریش وەک سوننە و کەمایەتییەکان بەهۆی ئەو جەنگانەی هەڵیگیرساندن، ئەگەر ئەمریکا نەبوایە تا چەندین ساڵی تریش ئەو رژێمە هەردەمایەوە، کەچی شیعەکان پێش سوننە کەوتنە دژایەتی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەمریکا ئازادی کردن و کلیلی حوکمڕانیەتی دایە دەست خۆیان و پێی گوتن: فەرموون دەوڵەتی خۆتان بنیات بنێنەوە، زۆری پێنەچوو ئیدی کەوتنە لێدانی ئەو دەوڵەتەی خۆیان تێدا حوکمڕانن، سەیرکەن چۆن یاساو دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەروەریەکەی دەشکێنن، هەرجارەو دەیخەنە ئەستۆی لایەنێک، هەندێک دەڵێن: خەتای ئیسڕائیلەو هەندێکی تر خەتای ئێرانە، هەندێک پێیانوایە ئەگەر مالیکی نەبێت عیراق دەبێتە مێرگی دیموکراسی، هەندێکی تر پێیانوایە سەدر دەتوانێ موعجیزە دروست بکات.

بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عیراق نابێت چیتر پشت بە لێکدانەوە سیاسیەکان ببەستین، بەڵکو شیکاریانەی حاڵەتی دەرونی و مێژوویی و سۆسیۆلۆژیانەی عیراقیەکان و پێکهاتەکانی، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عیراق، راستە عیراق لە رابردووێکی زۆر دووردا سەرزەمینی چەندین شارستانی گرنگی وەک سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و ئاشوری و گۆتی و لۆلۆیی بووە، بەڵام ئەمە مانای وانییە، ئەو دانیشتوانانەی ئێستا پاشماوەی ئەو نەتەوەو شارستانیانە بن، بەڵکو کۆمەڵێک هۆزی دەوارنشینی بیابانەکانن، بە دوای ئاو لەوەڕگاکانەوە گەیشتوونەتە سنووری ئەو شارستانیانە، بەهیچ شێوەک ناچنەوە سەر ئەو شارستانیانە، ئەو دۆخەی ئێستاو رابردووی عیراق گەواهیدەری ئەم راستیەیە،

چونکە میللەتانی خاوەن باکگڕەوەندی شارستانی، هەڵس و کەوت و رەفتاری هۆڤیانە ناکەن، هەروەها دەتوانن خۆیان حوکمی خۆیان بکەن، پشت بەنەیارانی خۆیان نابەستن، سەیری خۆپیشاندەرانی عیراق بکەن، چ دروشمێک دەڵێنەوە: بڕوح بددەم هەمان دروشمی سەردەمی بەعسە، تەنها لە جیاتی ناوی سەددام دەڵێن: نەفدیک یا عیراق، جاران هەر هەمان خەڵک دەیانگوت: نەفدیک یا سەددام، هەرکەسێک بڕێک ئەزمون یان نیمچە خوێندەواریەکی هەبێت، تێدەگات عیراق لە کام خاڵ و چوارگۆشەدایە، بۆیە عیراق نە بەمالیکی و نەبەسەدرو نەبە هیچ کەسێکی تر چاک دەبێت، تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە هزو بیرو کولتووریان نەکرێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP