دواین هەواڵ

چەند سەرەنجێک لەسەر سودانی

‌نەوزاد هێتوتی

27/07/2022

چەند سەرنجێك لە سەر محمد شیاع السودانی كە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی كاندید كراوە بۆ سەرۆك وەزیران.

یەكەم، وەك پیشریش ئاماژەمان پێكردووە ئێران نایەوێت كەسێكی بەھێز و خودان پێگەی جەماوەری یان كوتلەیەكی بەھێز ببێتە سەرۆك وەزیران لە عێراقدا، دەبێت كەسێك بیت لاوازو بێ دەسەڵات بێت و ھەموو كات ئەگەری لادانی ھەبێت، ئەمە وادەكات ئەو كەسە بۆ پاراستنی كورسییەكەی، ھەموو كات ئامادە دەبێت بەرنامە و ئەجيندای ئێران و ھاوپەیمانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە سودانی كەسێكی بەھێز نییە و ھیچ كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی نییە، ئەو پۆستە بە خێر پی دەدرێت و دەبێت ئەویش دەبێت ھەموو شتێك بۆ چوار چێوەی هەماهەنگی و  ھاوپەیمانەكانی بكات.

دووەم، سەركردەكانی چوار چێوەی هەماهەنگی و گروپە میلیشیاكان، لە پشت پەردە دەتوانن ھەموو سیاسەتێك بە سەر سەرۆك وەزیراندا بسەپێنن، واتە ئێران وھاوپەیمانەكانی نایانەوێت لە واجیھە بن، بەڵكوو دەیانەوێت لە پشتەوە سەركردایەتی بكەن، ئەمەش شتێكی بەناوبانگە لە سیاسەتدا  پێ دەوترێت سەركردایەتی كردن لە پشتەوە، واتە سەركردەكانی چوار چێوەی هەماهەنگی دەتوانن ھەموو كارێك بە سودانی بكەن و ھەموو دەستكەوتەكان بۆ ئەوان دەبێت و شكستەكانیش تەنیا سودانی لێ بەرپرس بێت. ئەوەی لێرەدا مەترسییە ئەوەیە چوارچێوەی ھەماھەنگی سودانی دژی كورد و سوننە بەكار دەھێنن، بێ ئەوەی خۆیان لێ بەرپرسیار بن ، چونكە ئەوان لە واجیھە نین و دەڵێن ئەمە تەنیا سیاسەتی سودانییە.

سێیەم، سودانی كەسێكی زۆر نزیكە لە گروپە میلیشیاكان و ھێزەكانی حەشدی شعبی. ئەمەش واتە ئەو خەونەی كە ھەبوو بەوەی دەبێت چەك لە دەستی دەوڵەت بێت و كوتایی بە گروپە میلیشیاكان بێت دەبیتە خەیال، نەك ھەر ئەمە ئەگەری زۆرە سودانی گروپە میلیشیاكان زۆر بەھیزتر و پر چەكتر بكات لەوەی ئێستا ھەیە.

چوارەم، سودانی راستە ئیستیقالەی لە پارتی دەعوەی مالیكی كردووە ، تەیاریكی نوی ھەیە بەناوی "تیار الفراتین"، بەڵام لە لایەن سەدرەوە كەسێكی گونجاو نییە و نزیكە لە مالیكی و تەنانەت لە دوای ئیستقالەی عادل عبدولمەھدی، سەدر ریگەی نەدا ئەو ببێتە سەروك وەزیران. واتە دەبێت چاوەرێ‌ بكەین كە سەدر چ كاردانەوەی دەبێت لە سەر كاندید كردنی سودانی

پێنجەم، سودانی پەیوەندی زۆر بە ھێزی لە گەڵ ئێران ھەیە و لە لایەن ئێرانەوە راستەخۆ پاڵپشتی كراوە بۆ ئەوەی كاندید بكرێت بۆ ئەو پوستە، لە ساڵی 2019 ئێران زۆر ھەوڵیدا ئەو ببێتە سەروكو ەزیران بەڵام لەلایەن سەدر و ھاوپەیمانی نەسر دژایەتی كرا.

شەشەم، سودانی بەدەر لەوەی پلان و بەرنامەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی جێبەجی دەكات و ئەمەیش بەو مانایە دێت ناكوكییەكانی ھەرێم و بەغدا چارەسەر نابن و لەوانەیە گوشارەكان زیاتر ببن لە سەر ھەرێم، بەڵام دیسان سودانی دژی مەلەفی نەوت و گازی ھەرێمە و لە توێتێكدا پشتگیری تەواوەی لە بریاری دادگای دەستووری كرد دژی نەوت و گازی ھەرێم.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP